لە ڕووداوێکی تەقەکردندا کە وەک "تاوانێکی ڕقوکینە" لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێت، سێ کەس لە سەنتەری ئیسلامی و گەورەترین مزگەوتی شاری سان دیێگۆی ئەمریکا کوژران. دواتر تەرمی دوو مێردمنداڵی هێرشبەر لەناو ئۆتۆمبێلێکدا دۆزرانەوە کە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنابوو.
ئاوێنە: لە هێرشە چەکدارییەکەی ڕۆژی دووشەممەدا، سێ کەس گیانیان لەدەستدا. یەکێک لە قوربانییەکان پاسەوانێکی ئەمنیی مزگەوتەکە بووە (باوکی ٨ منداڵ)، کە بە وتەی پۆلیس پاڵەوانانە ڕووبەڕووی هێرشبەرەکان بووەتەوە و بە گیانی خۆی ژیانی چەندین کەسی ڕزگار کردووە. هاوکات لە کاتی هێرشەکەدا، تەقە لە کرێکارێکی باخچە کراوە لە شوێنێکی نزیک ڕووداوەکە، بەڵام فیشەکەکە بەر کڵاوەکەی کەوتووە و لە مەرگ ڕزگاری بووە.
پۆلیس تەرمی دوو مێردمنداڵی لەناو ئۆتۆمبێلێکدا لە نزیک شوێنی ڕووداوەکە دۆزییەوە، کە بە فیشەکی خۆیان کۆتاییان بە ژیانیان هێنابوو. یەکێک لە گومانلێکراوەکان ناوی (کەین کڵارک)ـە و تەمەنی ١٧ ساڵە.
لێکۆڵەران ڕووداوەکە وەک "تاوانی ڕقوکینە" مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، چونکە دروشم و وتەی ڕەگەزپەرستانە لەسەر چەکەکانیان نووسرابوو. هەروەها نامەیەکی خۆکوژیشیان لە پاش بەجێماوە کە تێیدا باسیان لە شانازیی ڕەگەزپەرستانە کردووە.
بەپێی زانیارییەکان، چەند کاتژمێرێک پێش هێرشەکە، دایکی (کڵارک) پۆلیسی ئاگادار کردبووەوە کە کوڕەکەی مەیلی خۆکوشتنی هەیە و لەگەڵ هاوڕێیەکیدا، بە پۆشاکی سەربازی (کامۆفلاج) و سێ چەکەوە لە ماڵ چوونەتە دەرەوە و دیار نەماون.
لە ئێستادا تیمی تایبەتی ئێف بی ئای (FBI) و داواکارانی گشتیی ویلایەتەکە لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادەن و بەدواداچوونی ورد دەکەن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئایا هیچ کەسێکی دیکە هاندەر یان هاوکاری ئەم دوو مێردمنداڵە بووە لە ئەنجامدانی ئەم تاوانەدا یان نا.