جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژە بەوەدەکات کە وڵاتەکەی و ئێران لە دانوستانەکانیاندا "پێشکەوتنی زۆریان" بەدەستهێناوە و نایانەوێت هێرشە سەربازییەکان دەستپێبکەنەوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند "ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران لە دانوستانەکانیاندا پێشکەوتنی زۆریان بەدەستهێناوە و هیچ کام لە دوو لایەنەکە نایانەوێت هێرشە سەربازییەکان دەستپێبکەنەوە، پێمان وایە پێشکەوتنی زۆرمان بەدەستهێناوە. پێمانوایە ئێرانییەکان دەیانەوێت بگەنە ڕێککەوتن".
ڤانس وتیشی "بەم دواییانە لەگەڵ بەڕێز ترەمپ قسەم کرد و سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە پرسی سەرەکی بۆ ئەمریکا ئەوەیە کە ئێران نابێت هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت. وڵاتانی کەناراوەکانی کەنداویش بەدوای چەکی ئەتۆمیدا دەگەڕێن و پاشان وڵاتانی تری جیهانیش هەمان ڕێچکە دەگرنە بەر".
جێگرەکەی ترەمپ نەشیشاردەوە کە دەیانەوێت ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە چەکی ئەتۆمییان هەیە بە سنوورداری بهێڵنەوە، ناوبراو دووپاتیکردەوە کە "ئێران ناتوانێت چەکی ئەتۆمی هەبێت".
لە کۆنگرەکەدا لە جەی دی ڤانس پرسرا کە ئایا ئەگەری هەیە ڕوسیا خاوەندارێتی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بگرێتە ئەستۆ، ئەو لە وەڵامدا وتی: "ئەمە لە ئێستادا پلانی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان نییە. ئێرانییەکانیش پرسێکی لەو شێوەیەیان نەهێناوەتە ئاراوە".
ئەوەیش لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ ڕاگەیاند کە چەند ڕۆژێکی تری مۆڵەت داوەتە بەرپرسانی ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و ڕەنگە ئەمریکا ناچار بێت "لێدانێکی گەورەی تر» لە تاران بدات. ئەو لە هەمان کاتدا وتی کە تاران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن "دەپاڕێتەوە".