پلانە نهێنییەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل ئاشکرا بوو: ئەحمەدی نەژاد وەک سەرکردەی قۆناغی گواستنەوەی ئێران دیاریکرابوو
  2026-05-20       711       

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز وردەکاریی پلانێکی نهێنیی ئیسرائیلی-ئەمریکی ئاشکرا کرد، کە ئامانجی ڕووخاندنی  ئێران و دانانی مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆکی پێشووتری ئێران بوو وەک سەرکردەی قۆناغی دوای ئەو جەنگەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ٢٨ی شوباتی ڕابردوودا دژی کۆماری ئیسلامی دەستیان پێکرد.

ئاوێنە: بەپێی ڕاپۆرتەکە، پلانەکە بەشێک بووە لە پڕۆژەیەکی فراوانتر کە ئیسرائیل ئامادەی کردبوو بۆ دروستکردنی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ڕژێمی ئێراندا، پاش ئەو گورزە سەرەتاییانەی کە سەرکردایەتیی باڵای ئێرانیان کردە ئامانج و بووە هۆی تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵا و بەرپرسە باڵا سەربازییەکان.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەر لە ڕۆژانی سەرەتای جەنگەکەوە ئاماژەی بە پێویستیی گرتنەدەستی سەرکردایەتیی ئێران لەلایەن "کەسێکی ناوخۆییەوە" کردبوو، بەڵام سوپڕایزەکە ئەوە بوو کە ئەو کەسە -بەپێی وتەی بەرپرسە ئاگادارەکانی ئەمریکا- مەحموود ئەحمەدی نەژاد بووە، کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٣ حوکمی وڵاتەکەی کردووە.

بەگوێرەی نیویۆرک تایمز، ئەحمەدی نەژاد لە یەکەمین ڕۆژی جەنگەکەدا بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە کە ماڵەکەی لە تاران کردە ئامانج، بریندار بووە. ئامانج لەو هێرشەش -بەپێی وتەی بەرپرسە ئەمریکییەکان- "ئازادکردنی" بووە لەو دەستبەسەرییەی (ئیقامە جەبرییە) کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بەسەریدا سەپێندرابوو.

ڕۆژنامەکە ڕوونی کردووەتەوە کە هێرشەکە ماڵەکەی ئەحمەدی نەژادی بە تەواوی وێران نەکردووە، بەڵکو خاڵێکی ئەمنیی نزیک ماڵەکەی کردووەتە ئامانج کە ئەندامانی سوپای پاسدارانی لێ جێگیر کرابوو بۆ چاودێریکردنی، و بووەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لێیان، لە کاتێکدا ئەحمەدی نەژاد ڕزگاری بووە، بەڵام دواتر لە چاوەکان دیارنەماوە، ئەمەش لە ناو تەمومژێکی زۆردا سەبارەت بە شوێنی مانەوە و بارودۆخی تەندروستییەکەی.

ڕۆژنامەکە لە زاری کەسانی نزیک لە ئەحمەدی نەژادەوە گواستوویەتیەوە کە ناوبراو ئاگاداری پلانە ئیسرائیلی-ئەمریکییەکە بووە، وە واشنتن وەک کەسایەتییەک بینیویەتی کە توانای بەڕێوەبردنی "بارودۆخی سیاسی، سەربازی و کۆمەڵایەتیی" ئێرانی هەیە لە قۆناغێکی ڕاگوزەریی ئەگەرداردا.

بەڵام پلانەکە -بەپێی ڕاپۆرتەکە- پاش یەکەمین گورز بە خێرایی دەستی بە هەڵوەشانەوە کرد، چونکە ئەحمەدی نەژاد هەستی بە نائومێدی کرد سەبارەت بە پڕۆژەی گۆڕینی ڕژێمەکە، بەتایبەتی پاش ئەوەی بە سەختی لە بۆردومانەکەی ئیسرائیل ڕزگاری بوو.

ڕۆژنامەکە دەڵێت ئەمریکا و ئیسرائیل وایان بینیوە کە ناکۆکییە پەرەسەندووەکانی ئەحمەدی نەژاد لەگەڵ ڕژێمی ئێران لە ساڵانی دواییدا، لەوانەیە بیکاتە بژاردەیەکی گونجاو بۆ سەرکردایەتییەکی جێگرەوە کە زیاتر ئامادە بێت بۆ لێکتێگەیشتن لەگەڵ ڕۆژئاوا.

بەگوێرەی نیویۆرک تایمز، پلانەکەی ئیسرائیل لەسەر چەند قۆناغێک داڕێژرابوو، کە بە هێرشی ئاسمانیی بەرفراوان و تیرۆرکردنی سەرکردە باڵاکان دەستی پێدەکرد، پاشان دروستکردنی پشێویی ناوخۆیی و هاندانی گرووپە کوردییەکان بۆ جووڵەکردن دژی ڕژێم، تا دەگاتە ڕووخانی حکومەت و دەرکەوتنی "حکومەتێکی جێگرەوە".

بەڵام زۆربەی ئەو قۆناغانە جێبەجێ نەبوون، چونکە ڕژێمی ئێران سەرەڕای زیانە گەورەکان توانی خۆڕاگر بێت، لە کاتێکدا گرەوەکانی ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر ڕووخانی خێرای دەوڵەتی ئێران شکستیان هێنا.

سەرەڕای ئەوەش، ڕۆژنامەکە دەڵێت هەندێک لە بەرپرسانی ئیسرائیل هێشتا پێیان وایە کە پڕۆژەی گۆڕینی ڕژێمەکە دەکرا سەرکەوتوو بێت ئەگەر کاتی زیاتری پێبدرایە و بە شێوەیەکی بەرفراوانتر جێبەجێ بکرایە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×