سوپای ئێران هۆشداری توند دەدات: ئەگەر هێرشەکان دەست پێ بکەنەوە، بەرەی نوێ دەکەینەوە
  2026-05-20       149       

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە "کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆنگرێس" لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە واشنتن لە زووترین کاتی گونجاودا کۆتایی بە شەڕ لەگەڵ ئێران دەهێنێت و جەختیشی کردەوە کە ڕێگە نادات ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات.

ئاوێنە: ترەمپ پێشتر هۆشداری دابوو کە ئەگەری هەیە ئەمریکا جارێکی دیکە هێرش بکاتە سەر ئێران. ئەو دەڵێت لە هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ئێران چاوپۆشی کردووە، تەنیا بۆ ئەوەی "دەرفەتێک بۆ بەدیهاتنی ڕێککەوتنی" نێوان هەردوو وڵات بڕەخسێت.

لە بەرامبەردا، سوپای ئێران هەڕەشەی ئەوەی کرد کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم ڕەوتە، "بەرەی نوێ" دەکاتەوە.

ترەمپ لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە تەنیا "یەک کاتژمێر" مابوو بۆ دەرکردنی فەرمانی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیارەکەی دواخستووە.

لە کاتی جێبەجێکردنی ئاگربەست لە هەشتی نیسانەوە، پێوەندییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دەستیان پێکردووە، بەڵام هەڵوێستەکانی واشنتن و تاران بەتایبەتی سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی هێشتا زۆر لە یەکترەوە دوورن.

ترەمپ وتی: «دەزانن دانوستان لەگەڵ وڵاتێکدا کە بە توندی شکستی هێناوە چۆنە. ئەوان دێنە سەر مێزی دانوستان و بۆ ڕێککەوتن دەپاڕێنەوە».

او زیادی کرد: «هیوادارم ناچار نەبین دووبارە بچینە ناو شەڕەوە، بەڵام ڕەنگە ناچار بین گورزێکی گەورەی دیکەیان لێ بوەشێنین. هێشتا دڵنیا نیم».

محەممەد ئەکرەمنیا، وتەبێژی سوپای ئێران هۆشداری دا کە ئەگەر ئەمریکا هێرشەکانی دەست پێ بکاتەوە، تاران "بەرەی نوێ" دژی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکاتەوە.

ئەو وتی سوپای ئێران قۆناغی ئاگربەست بە قۆناغێک لە شەڕەکە دەزانێت و ئەم دەرفەتەی بۆ بەهێزکردنی توانای شەڕکەری خۆی بەکارهێناوە.

ترەمپ مۆڵەتێکی چەند ڕۆژەی دیاری کرد و وتی ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت، هێرشەکان دووبارە دەست پێ دەکەنەوە.

او وتی: «دوو یان سێ ڕۆژ، ڕەنگە هەینی یان شەممە یان یەکشەممە... شتێک لەم بابەتە، ڕەنگە سەرەتای هەفتەی داهاتوو؛ ماوەیەکی سنووردار».

سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاندبوو کە لەسەر داوای سەرکردەکانی شانشینی عەرەبستانی سعوودی، میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان (ئیمارات) و قەتەر، لە کۆتا ساتدا هێرشێکی نوێی بۆ سەر ئێران ڕاگرتووە. ئەو وتی "دەرفەتی زۆر باش" بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاراندا هەیە، بەڵام جەختی کردەوە کە فەرمانی بە سوپای ئەمریکا داوە لە هەر ساتێکدا ئامادە بێت بۆ ئەنجامدانی "هێرشێکی تەواو و بەرفراوان" دژی ئێران.

ترەمپ هەروەها ئاگربەستەکەی بۆ ماوەیەکی نادیار درێژ کردبووەوە و ئاماژەی بەوە کردبوو کە بە نیازە لە شەڕێک بێتە دەرەوە کە بەهۆی کۆنترۆڵی ئێران بەسەر گەرووی هورمز و لێکەوتەکانی لەسەر ئابووری جیهانی و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بۆ ئەمریکییەکان، تێچوویەکی سیاسی قورسی لێکەوتووەتەوە.

کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕۆژی سێشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسی کە ترەمپ لە گوتارەکەیدا "هەڕەشە وەک دەرفەتێک بۆ ئاشتی وەسف دەکات".

تەنیا خولی دانوستانەکانی نوێنەرانی ئەمریکا و ئێران لە ١١ی نیساندا لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەچوو کە بەبێ گەیشتن بە هیچ ڕێککەوتنێک کۆتایی هات.

ئێران چەندین جار پێشنیارەکانی ترەمپی بۆ ڕێککەوتن ڕەتکردووەتەوە و کۆنترۆڵی ئەم وڵاتە بەسەر گەرووی هورمزدا بووەتە هۆی بازدانی توندی نرخی نەوت لە جیهاندا.

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پشتڕاستی کردەوە کە لە ڕێگەی نێوەندگیری پاکیستانییەوە پێوەندی لەگەڵ ئەمریکا بەستراوە و ئێران نیگەرانییەکانی خۆی بە ڕوونی دەربڕیوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×