2019-11-03   2543     
کلێمه‌نس هوێگیس
وەرگێڕانی له‌ئه‌ڵمانییه‌وه: هیوا ناسیح
پێشه‌کی و سه‌رچاوه
ژماره (47)ی کانونی یه‌که‌می ٢٠١٥گۆڤاری دێرشپیگل، که پڕفرۆش‌ترین گۆڤاری ئه‌ڵمانییه، ئه‌م راپۆرته دور و درێژه‌ی له‌سه‌ر به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی جه‌نگ و شاری قامیشلو و کۆبانێ بڵاوکردوە‌ته‌وه، که له ئاماده‌کردنی (کلێمه‌نس هوێگس)ه، ئه‌وه‌ی سه‌رنجراکێشه رۆژنامه‌نوسه‌که خۆی ناوچه‌کانی رۆژئاوای کوردستان گه‌ڕاوه، له‌وێ ماوه‌ته‌وه و راپۆرته‌که‌ی ئاماده‌کردوه ،هه‌روه‌ها له ناونیشانی راپۆرته‌که‌ی و ناوه‌ڕۆکه‌که‌شیدا وشه‌ی (رۆژئاڤا)ی به‌کارهێناوه، واته به ئه‌ڵمانی وشه کرمانجییه‌که‌ی، که خه‌ریکه له نێو ماسیمیدیای جیهانیدا جێدەگرێت، به‌کارهێناوه، نه‌وەک وه‌ریبگێڕێته سه‌ر زمانی ئه‌ڵمانی. منیش لێره‌دا هه‌مان وشه‌م نوسیوه‌ته‌وه، له به‌ر درێژی بابه‌ته‌که‌ش هه‌ندێک کورتم کردۆته‌وه. (وه‌رگێر)
له سوریا کورده‌کان گرنگترین هاوپه‌یمانی وڵاتانی رۆژئاوان، که دژی داعش ده‌جه‌نگن، ئه‌وان چه‌ک و یارمه‌تییان پێشکه‌ش ده‌کرێت. به‌ڵام ئایا ده‌توانن به‌سه‌ر تیرۆریسته‌کاندا سه‌رکه‌ون؟ گه‌شتێک به نێو شاره ده‌گمه‌نه‌کانی جیهاندا.
مرۆڤ هه‌یه، که بەرگەی نادادپه‌روه‌ری، سته‌م و ژێرده‌سته‌یی ناگرێت، ده‌ست ده‌که‌ن به خه‌بات و کۆڵ ناده‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر قوربانی زۆریشیان له دژی نادادی بۆ ده‌ستکه‌وتێکی که‌م دابێت. مرۆڤانێک که هه‌مو شتێکی خۆیان ده‌که‌نه قوربانیی بیروبڕواکه‌یان. ئه‌وان مرۆڤگەلێکن وه‌ک (ئاڵدار خه‌لیل)، که به ریش و سمێڵه‌که‌ی و کراسه خه‌تخه‌ته‌که‌یدا وه‌ک کرێکاری کارگەیەک ده‌بینرێت. ئه‌و دۆستانه ده‌ستی راستیت بۆ درێژ ده‌کات، که ته‌نها ده‌ستێتی و قۆڵی چه‌پی کراسه‌که‌شی بێ ده‌ست و باڵ به قه‌دیدا شۆڕبوەته‌وه.
ئه‌و ده‌ست به قسە ده‌کات، کاتێک که هێشتا منداڵ بوه. له ژێر ده‌سه‌ڵاتی رژێمی ئه‌سه‌ددا ناو و زمانی کوردی قه‌ده‌غه کرابو. “له یه‌که‌م رۆژی کردنه‌وه‌ی خوێندنه‌گه‌دا مامۆستاکه‌م گوتی، تۆ ناتوانی چیدی ناوت ئاڵدار بێت. ئه‌و ناوێکی نوێی عه‌ره‌بی لێنام ، من وام هه‌ست کرد، ئیتر بومه‌ته مرۆڤێکی خراپ”. خه‌لیل ئه‌و رۆژانه و ئه‌و هه‌ستی شه‌رمه‌زارییه‌ی ئه‌وکاتی هه‌رگیز بیرناچێته‌وه.
ئه‌و فێربو، که کوردێکی وه‌ک ئه‌م به که‌سێکی خراپ داده‌نرێت، له سوریا بگره له عێراق و تورکیاش. که‌وا ناتوانن وڵاتێکی خۆیان هه‌بێت. ناتوانن مافیشیان هه‌بێت. به‌مجۆره ئه‌و له گه‌نجێکی بنده‌سته‌کراوه‌وه بوه جه‌نگاوه‌ر. ئه‌و چوەتە شاخه‌کان، بۆ لای هێزه چه‌کداره‌کانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). ئه‌وان مارکسیست، نه‌ته‌وه‌یی و شه‌ڕڤانیش بون.
ساڵی (1993) خه‌لیل هێرش ده‌کاته سه‌ر که‌مپێکی سه‌ربازیی تورکیا، له پڕ هه‌ست به ته‌قینه‌و‌ه‌یه‌ک ده‌کات، کاتێک ئه‌و به‌هۆشی خۆی دێته‌وه، ئه‌و له‌و جێگه‌یه بو که پێشتر ده‌ستی چه‌پی له‌وێ په‌ڕیبو، ئێستا بوەته کۆته‌ره دارێکی خوێناوی، مینێک ته‌قیبوه‌وه پێیدا.
خه‌لیل کۆڵی نه‌دا و به‌رده‌وام بو، ئه‌و ساڵی (2003) گه‌ڕایه‌وه بۆ وڵاته‌که‌ی خۆی سوریا و ده‌ستی کرد به دروستکردنی پارتی یه‌کێتی دیموکراتی (په‌یه‌ده)، پارتی کورده‌کانی سوریا و به‌ستیه‌وه به پارتی کرێکارانه‌وه له تورکیا. خه‌لیل له‌و هه‌مو کاتانه‌دا ژیانێکی ئارامی نه‌بوه، نه هاوسەر و نه منداڵ. “بیروباوه‌ڕی من له بری ژیانی خێزانییه” ئه‌و به ئاسایی وا ده‌ڵێت.
ئه‌مڕۆ خه‌لیل سه‌رۆکی رێکخراوی (ته‌ڤده‌م)ی سه‌ر به (په‌یه‌ده)یه و یه‌کێک له سه‌رکرده کورده به ده‌سه‌ڵاته‌کانی سوریایه، له‌وانه‌شه ده‌سه‌ڵاتدارترینیان بێت. ئه‌و له خانویه‌کی سه‌ر شه‌قامێکی قامیشلو پێشوازی ده‌کات، له هه‌ره باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، تورکیا و عێراق له‌وێوه دور نین. پارچه کۆنکرێته‌کان شه‌قامه‌که‌یان داخستوه، پاسه‌وانه‌کان له‌و ناوه‌دا وه‌ستاون.
خه‌لیل له قه‌نه‌فه‌یه‌کی تاکیی سوردا له پشت مێزێکی خواردنه‌وه دانیشتوه و نانی به‌یانی ده‌خوات: کوپێکی چای له‌به‌رده‌مه، که چه‌ند دڵۆپێک ئاوی لێمۆی تێکردوه. له گۆشه‌یه‌کدا وێنه‌یه‌کی سه‌رکرده‌ی (پەکەکە) عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان دانراوه، که نزیکه‌ی (16)ساڵه له دورگه‌یه‌کی تورکیادا زیندانیکراوه. بنه‌مای بیروبڕوای ئۆجه‌لان ناوی خۆسه‌ری دیموکراتیی (کۆنفیدرالی دیموکراتی)ه. کورده‌کان ده‌بێت خۆیان رێکبخه‌ن، له گه‌ڕه‌که‌که‌یان، شاره‌که‌یان و ناوچه‌که‌یان.
ئه‌و شتانه‌ی که پێش چوار ساڵ و تا سه‌ره‌تای راپه‌ڕینه‌که‌ی دژ به ئه‌سه‌د به ئاسته‌م به خه‌یاڵدا ده‌هات، خه‌لیل و هاوڕێکانی توانیان بیکەنە راستی و ئه‌نجامی بده‌ن. ئه‌وان کیانه “نیمچه وڵات”ه‌که‌ی خۆیان بنیادناوە. لێره که ناوی نراوه (رۆژئاڤا)، وڵاتانی رۆژئاوا پێیان وایە که ئێره له جه‌نگێکی ئاڵۆزدایه ، نزیکه‌ی سێ میلیۆن که زۆربه‌یان کوردن دانیشتوانێتی، ده‌یانه‌وێت ئۆتۆنۆمییه‌ک له رۆژئاڤا بنیاد بنێن: بنچینه‌ی دیموکراسی بێت، مافی یه‌کسان له نێوان ژنان و پیاوان، هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م گروپه ئیتنی و ئاینییه‌کانی دیکەدا هه‌بێت. جیهانێکی خه‌یاڵی له رۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاستدا. وا به‌ڕاستی به‌رجه‌سته ده‌کرێت و ئاسۆکانی ده‌رکه‌وتوه.
که‌چی له چاوی زۆر لایه‌نی تردا میلیشیا کوردییه‌کانی وه‌ک یه‌په‌گه و یه‌په‌ژه به‌تالیۆنی ژنانی شه‌ڕڤان و یه‌کینه شه‌ڕکه‌ره‌کانی تری سه‌ر به (پەکەکە) وه‌ک تیرۆریست ده‌بینرێن، ئه‌مان ئاماده‌ی جه‌نگ و کوشتار و خۆبه‌کوشتدانن.
له‌و نێوانه‌دا دیدێکی تری واقیعیانه هه‌یه، که رۆژئاواییەکان، ئه‌وروپییه‌کان و وڵاتی ئه‌مەریکایه، وه‌ک کورده‌کانی “باکوری عێراق” ده‌یانببنن، به‌ڵام به‌لایانه‌وه ئه‌مانه‌ی باکوری سوریایان له هاوپه‌یمانێتی دژ به داعش له لاگرنتره. کاتێکی زۆره واشنگتۆن به هێزی هه‌وایی یارمه‌تی کوردانی رۆژئاڤا ده‌کات، له‌م دواییه‌دا چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیشیان پێدان، به‌م نزیکانه هێزی تایبه‌تیش ده‌نێرن، ئه‌فسه‌رانی په‌یوه‌ندی و مه‌شقکردن. بۆ ئه‌مه کورده‌کان ده‌بێت کارێکی خوێناوی ئه‌نجام بده‌ن، وه‌ک هێزی وشکانی وڵاتانی رۆژئاوا.
میلیشیا کورده‌کان له جه‌نگدا به‌هێزن، باشترین رێکخستنیان هه‌یه، وره و گیانی به‌ره‌نگارییان به‌رزه. زۆر جاران داعشیان شکاندوه و ده‌کرێت وایدابنێین، که کورده‌کانی رۆژئاڤا ته‌نیا چانسێکی وڵاتانی رۆژئاوا بێت له جه‌نگیاندا دژ به داعش، به‌ڵام ته‌نهاش به هاوکاری هێزی هه‌وایی ناکرێت به‌سه‌ر داعشدا سه‌رکه‌ون.
رۆژئاڤا وه‌ک دورگه‌یه‌کی درێژ وایه له ده‌ریایه‌کدا، که به دوژمن ده‌وره‌ی دراوه. ناوچه‌کانی باشور و رۆژئاوا له ژێر ده‌ستی داعشدایه، له باکوره‌وه سوپای تورکیایه و سنوری داخستوه، ته‌لی دڕکاوی و شوره و تانکی داناوه. ئه‌وه‌ی سه‌یره جاروبار تورکیای ئه‌ندامی ناتۆ، کورده‌کانی هاوپه‌یمانی ناتۆ بۆردومان ده‌کات و به‌مه‌ش هاوکاری داعش ده‌کات!
كێ بیه‌وێت به‌ره‌و رۆژئاڤا گەشت بکات، به عێراقدا له هه‌ولێره‌وه و دواتر به که‌وانه‌یه‌ک به ده‌وری موسڵدا ده‌ڕوات، ئه‌وێ له ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشدایه، دواتر تا لێواری دیجله، که به به‌له‌م ده‌په‌ڕنه‌وه له ئاوه‌که. دواتر به‌ره‌و به‌رزایی شاخه‌کان، به نێو کێڵگه‌ی بیره‌نه‌وت و ترومپاکانی نه‌وت. له روی تیۆرییه‌وه رۆژئاڤا ده‌وڵه‌مه‌نده، ده‌توانێت پێداویستی ته‌واوی سوریا بۆ پتڕۆڵ دابین بکات، به‌ڵام زۆربه‌ی پاڵاوگه نه‌وتییه‌کان ده‌که‌ونه ژێرده‌ستی داعش. که هه‌ر له ئێوارانه‌وه ده‌ست ده‌که‌ن به ده‌رهێنان و پاڵاوتنی.
ناوچه‌یه‌کی سه‌یر و ئاڵۆزه رۆژئاڤا. هاوپه‌یمانه‌تییه‌کانیش هه‌روه‌ها لێره ئاڵۆزن. له قامیشلو گه‌وره‌ترین شاری کوردستان لێره ، که وه‌ک نیمچه ده‌وڵه‌تێکه. مرۆڤ سه‌ربازی ئه‌سه‌د به به‌رگی فه‌رمییانه‌وه له خاڵی پشکنینه‌کان ده‌بینێت، که دانیشتون و تفه‌نگه‌کانیان له نێوان ئه‌ژنۆکانیاندا داناوه و له پشتیشیانه‌وه ئاڵای سوریا دیاره، ئه‌مان کۆنتڕۆڵی که‌س ناکه‌ن و چاو له هاتوچۆی میلیشیا کورده‌کانیش ده‌نوقێنن. قه‌ڵا سه‌ربازیییه‌کانیان له ناو ناوچه کوردییه‌کاندایه.
دوا سه‌ربازگه‌کانی رژێم له ناوچه‌ی حه‌سه‌که‌یه له رۆژئاڤادا، له‌وێ سه‌ربازه‌کان هه‌ندێک شه‌قام و ده‌روازه‌ی سنورییان بە دیوی تورکیاوە بەدەستە و هه‌روه‌ها فرۆکه‌خانه‌یه‌کیش. کورده‌کان و رژێمی ئه‌سه‌د رێککه‌وتون که هێرش نه‌که‌نه سه‌ر یه‌کدی، ئه‌وان واقیعیانه بۆی چون و هه‌ر یه‌که‌یان ده‌زانێت، که ململانێی یه‌کدی سودی نییه، بۆیه له ئێستادا جارێ وازیان له یه‌ک هێناوه.
گه‌ر مرۆڤ به‌ره‌و حه‌سه‌که بچێت، ده‌بێت به ژێر ده‌سته‌ڵاتی ئه‌سه‌ددا بڕوات، تا ده‌گه‌یته ده‌وروبه‌ری حه‌سه‌که جاروبار پێکدادان دژ به داعش روده‌دات، به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی جه‌نگی رۆژئاڤا و سوریایه ، به ناوچه‌یه‌کی فراوانی بیاباندا ده‌ڕۆیت، که باشترین کێڵگه‌ی دانه‌وێله بوە له سوریادا. باره‌گای سه‌رکردایه‌تی یه‌په‌گه که‌وتوەته ئه‌وێوه، فه‌رمانده‌یه‌کیان ناوی (لەوەند)ه که نازناوی تێکۆشانە .
لەوەند ته‌بڵێتێکی سامسونگی به‌ده‌سته‌وه‌یه، که سه‌یری نه‌خشه‌که ده‌کات و به په‌نجه ده‌یجوڵێنێت، ناوچه‌کان دیارن تێیدا، گونده‌کان، زنجیره شاخه‌کان، پێده‌شته‌کان…هتد. خاڵه‌کانی سه‌ربازی خۆیان هی ئه‌سه‌د و هی داعش دیارن. جه‌نگاوه‌ره‌کانی پێشه‌وه ده‌توانن داوای پشتیوانی هێزی هه‌وایی بکه‌ن، ته‌له‌فونێک بۆ (ژوری ئۆپه‌راسیۆن)ی نهێنی بکات، ئیتر ئه‌وه‌نده‌ی پێناچێت فرۆکه‌ی جه‌نگی ئه‌مەریکی له ئاسمان ده‌رده‌که‌ون، ده‌نگۆ هه‌یه، که ژوری ئۆپه‌راسیۆن ئه‌فسه‌ری ئه‌مەریکی لێن. لەوەندیش هیچ له‌سه‌ریان ناڵێت، به‌ڵام په‌یوه‌ندی و هاوکارییه‌که له‌گه‌ڵ ئه‌مەریکییه‌کان به وتەی ئه‌م باش ده‌ڕوات.
ئه‌وان وان له (11)ی ئۆکتۆبه‌ردا رایانگه‌یاند، که هێزه‌کانی یه‌په‌گه له حه‌سه‌که، سوپایه‌کیان له‌گه‌ڵ هێزی عه‌ربه‌کان، مه‌سیحی و تورکمانه‌کان پێکهێناوه، تا دژی داعش بجه‌نگن. ناویان ناوه (هێزی سوپای سوریای دیموکراتی) که نزیکه‌ی چوار هه‌زار که‌س ده‌بن، به‌ڵام کورده‌کان نزیکه‌ی ده هه‌نده‌ی ئه‌مه هێزیان له رۆژئاڤادا هه‌یه. رۆژێک دوای راگه‌یاندنه‌که، پێنتاگۆن بڵاویکرده‌وه، که (45) تۆن چه‌ک و ته‌قه‌مه‌ن و که‌لوپه‌لیان بۆ فرێداونه‌ته خواره‌وه. راسته‌وخۆ ئه‌مەریکییه‌کان زه‌حمه‌ته ئه‌مه بکه‌ن، چونکه تورکیا رازی نابێت.
له ئێستادا سێ ستراتیژیی جه‌نگ دژ به داعش هه‌یه، وه‌ک لەوەند رونی ده‌کاته‌وه، یه‌که‌میان سوپاکه‌یان به‌ره‌و خوارو هێرش به‌رێ تا رێگه‌ی سه‌ره‌کی نێوان موسڵ و ره‌قه له داعش دابخه‌ن. دوه‌میان ترسناکتره، که لە رۆژئاڤای کۆبانێوە یه‌په‌گه بپه‌ڕنه‌وه ئه‌وبه‌ری فورات به‌ره و ده‌ریای ناوه‌ڕاست، به‌درێژایی سنوری تورکیا هێرش ببه‌ن، به‌مجۆره ناوچه کوردییه‌کان پێکه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه و هاوکاتیش رێگه‌ی په‌یوه‌ندی داعش به تورکیاوه ده‌بڕن.
هه‌ڵبه‌ت تورکیا به هه‌ر نرخێک بێت هه‌وڵی دژایه‌تی ئه‌مه ده‌دات، که رۆژئاڤا گه‌شه بکات. کاتێک هه‌ندێک جه‌نگاوه‌ری کورد ویستیان له فورات بپه‌ڕنه‌وه، تورکیا دەستبەجێ بۆمبابارانی کردن. ستراتیژییه‌تی سێیه‌م ئه‌سته‌مترینیانه، لەوەند ده‌ڵێت، هێرش بۆ سه‌ر ره‌ققه، پایته‌ختی داعش، ئه‌مه (20) هه‌زار چه‌کداری ده‌وێت، تا ده‌ست به‌سه‌ر شاره‌که‌دا بگرن، به‌ڵام چه‌کی قورسی ده‌وێت، چونه داعش له‌وێ چه‌کی قورس و تانکیان هه‌یه. ئایا وڵاتانی رۆژئاوا ئه‌م جۆره چه‌کانه ده‌ده‌نه ئه‌مان، له کاتێکدا تورکیا دژی ئه‌م کاره‌یه؟ لەوەند سه‌ر ده‌له‌قێنێت (به‌ڵێ). دیاره ئه‌مه‌ی سێیه‌میان بێ گڵۆپی سه‌وزی تورکیا ئه‌سته‌م ده‌بینرێت.
له‌و شوێنه‌ی باره‌گای سه‌ره‌کی لەوەنده، پێ ده‌چێت بست به بست شه‌ڕ کرابێت، خانوی کون کون به تۆپ، ئۆتۆمبیلی لارێگای دابێژراو به بۆمب. ئیتر لێره‌وه بیابان ده‌ست پێ ده‌کات، ئێره ترسناکترین شوێنه، به‌ره‌ی پێشه‌وه‌یه، ژنی جه‌نگاوه‌ر له سه‌نگه‌ره‌کاندان که دژی داعش ده‌جه‌نگن.
له به‌رزاییه‌کدا که تانکییه‌کی بەرزی ئاوی لێیه و تێکشکاوه. که‌پرۆکه‌یه‌ک ده‌بینین وه‌ک سه‌نگه‌ره و کونی زۆری تێکراوه بۆ ته‌قه‌کردن، له‌وێ له ئۆتۆمبیلێکی کرێکارییدا ژنێک دانیشتوه، که نه‌سرینه، ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌کی یه‌په‌ژه‌یه. سێ مانگە لێرەیە. هێزی ژنان که سه‌نگه‌رێکیان له‌وێیه، له سه‌ر گردێکی به گڵ دروستکراو، چه‌کیان له‌سه‌ر دابه‌ستوه. تونێلێکیان هه‌یه که به سه‌نگه‌ره‌کانی دیکەیەوە ده‌به‌ستێته‌وه.
نه‌سرین کاتی هێرش به‌وێدا به‌سه‌ر جه‌نگاوه‌ره ژن و پیاوه‌کاندا ده‌گه‌ڕێت، ئه‌و بنکه‌یه ناوی (شه‌هید خوێندا)یه، به ناوی شه‌هیدێکه‌وه‌یه، که له کاتی هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ئێره‌دا یه‌که‌م که‌س شه‌هید بوه. ئه‌و به‌رزاییه گرنگه، چونکه ده‌ڕوانێت به‌سه‌ر رێگای به‌ره‌و شاره‌که‌دا. (لێره‌دا باسی له چۆنێتی بونی ئه‌و شه‌هیده به گه‌ریللا و دواتر شه‌هید بونی ناوبراو ده‌کات. – و.)
نه‌سرین که (23) ساڵیەتی، گروپه‌که‌یان حه‌وت ژنه، ناوبراو که‌سێکی هێمن و رێکوپێکه، زۆر له هاوڕێ کچه‌کانی شه‌هید بون. له پێشدا ترسی هه‌بوه، به‌ڵام ئێستا نا، ئه‌و ده‌ڵێت (هێز و وزه‌ی شه‌هیده‌کان ده‌چێته گیانی ئێمه‌وه، هه‌ر کات منیش شه‌هید بوم، هێزی من ده‌چێته له‌شی ئه‌وانی دیکەوە). ئه‌و ده‌یگێڕێته‌وه، که چۆن مامێکی که به قاچاغ چه‌کی هاورده کردوه، له سه‌ر سنور سه‌ربازه تورکییه‌کان کوشتویانه، ئه‌و ده‌ڵێت کاتی به‌خاکسپاردنی ئه‌م سوێندی خواردوه، که (چه‌که‌که‌ی هه‌ڵده‌گرێت و بۆ رێبازه‌که‌ی تێبکۆشێت). لێره و له‌وێ تۆپ به زه‌ویدا ده‌که‌وێت، ئه‌وان ئێواران گوێ له سیدی خۆپه‌روه‌رده‌کردن و وته‌کانی ئۆجه‌لان ده‌گرن، مافه‌کانی ئافره‌تان، خۆسه‌ری دیموکراتی. ئه‌وان وه‌ک خوشکه پاکیزه‌کان ده‌ژین. له‌م شه‌وه‌دا به گۆرانی رادیۆی ئۆتۆمبیله‌که هه‌ڵده‌په‌ڕن، پاشان مه‌فره‌زه‌یان به پیکابه‌که بۆ گه‌ڕان ده‌رده‌چێت، ئه‌وان میلی چه‌که‌کانیان سوار ده‌که‌ن و چرای ئۆتۆمبیله‌که‌شیان هه‌ڵده‌که‌ن، ده‌ڵێی بۆ شه‌ڕ ده‌گه‌ڕێن.
ئەمانە بە هۆشیارییەوە لەدایکبون وه‌ک کوردی رۆژئاڤا، تا بۆ کۆبانێ بجه‌نگن!
رێگای به‌ره‌و ئه‌وێ به گوزه‌رێکی باریکدا به ته‌نیشت (گرێ سپی‌دا) تێده‌په‌ڕێت، ئه‌و شاره‌ی تا مانگی حه‌وت له ژێر ده‌ستی داعشدا بو له سه‌ر سنوری تورکیایه. پاشان یه‌په‌گە و میلیشیاکانی دیکەی سوپای سوریای ئازاد رێگای کۆبانێیان کرده‌وه. ئه‌و خاڵی کۆنترۆڵه‌ی له‌وێ له ده‌ستی میلیشیا عه‌ره‌به‌کاندایه و له باشوری (گرێ سپی) زۆر جار له لایه‌ن داعشه‌وه هێرشی ده‌کرێته سه‌ر. ده‌یانه‌وێت ئه‌و مه‌مه‌ڕه دابخه‌ن.
رێکخراوی ئه‌منستی پێشتر بڵاویکرده‌وه که یه‌په‌گه پاکسازی نه‌ژادیی دژی گونده عه‌ره‌به‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه کردوه، کورده‌کان نکۆڵییان کرد و گوتیان گونده‌کان داعش وێرانی کردون. جێگه‌ی باوه‌ڕ نییه یه‌په‌گه به به‌رنامه عه‌ره‌به‌کان ده‌ربکه‌ن، له کاتێکدا ل ناوجه‌رگه‌ی پێشه‌وه‌ی جه‌نگدا، که له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌کاندا پێکه‌وه له به‌ره‌یه‌کدا بجه‌نگن.
له دوای گرێ سپی مه‌مه‌ڕه‌که د‌ه‌کرێته‌وه و خۆی ده‌کات به نێو زنجیره گردێکدا، که له گێژه‌ڵوکه و خۆڵباراندا ونبوه. نزیکه‌ی چوار مانگ شه‌ڕ و گه‌مارۆی کۆبانێ درێژه‌ی کێشا، داعش تۆپ و تانک و چه‌کی قورسی به‌کارهێنا، به‌ڵام دواجار یه‌په‌گه و هاوکارانی توانیان له کۆتایی مانگی یه‌کدا سه‌رکه‌ون . ئه‌مەریکییه‌کانیش به هێزی هه‌وایی بۆردومانی داعشیان کرد. ئه‌وه یه‌که‌م تێکشکانی سه‌خت بو بۆ داعش و یه‌که‌م گه‌وره‌ترین سه‌رکه‌وتن بو بۆ یه‌په‌گه. ئێستا کۆبانێ وه‌ک ستالینگراد ده‌بینرێت.
نزیکه‌ی (175) هه‌زار که‌س له دانیشتوان شار‌ه‌که گه‌ڕاونه‌ته‌وه. هه‌رچه‌نده تۆڕی بۆری ئاوی خواردنه‌وه و که‌ناڵی زێرابه‌کان وێران بونه، هه‌رچه‌نده کاره‌بایان ته‌نها له‌رێگه‌ی موه‌لیده (ژێنێراتۆر)ی دیزله‌وه هه‌یه، چونکه بنکه‌ی وزه‌ی کاره‌با له ژێر ده‌ستی داعشدایه. خانوبه‌ره‌یه‌کی زۆر بونه‌ته که‌لاوه و وێران بونه.
ناودارترین په‌نابه‌ری کۆبانێ له نێو که‌لاوه‌کانه‌وه پێشوازیت لێ ده‌کات، که له خانویه‌کی خه‌زوریدا ده‌ژیت، که دیوار و سه‌ربانه‌که‌ی درزیان بردوه، عه‌بدوڵا کوردی لە قاتی خوارەوە دەژیت، له ژورێکدا دو دۆشه‌کی داخستوه. ئه‌و باوکی(ئالان)ه، که له سێپته‌مبه‌ردا له قه‌راغ ئاوه‌کانی تورکیا خنکا. هاوکات دایکی و براکه‌شی مردن. خێزانه‌که په‌نایان بردبوه به‌ر تورکیا، له‌وێوه ده‌یانویست به به‌له‌مێک به‌ره‌و ئه‌وروپا بڕۆن. به‌له‌مه‌که وه‌رگه‌ڕا و ته‌نها عه‌بدوڵا کوردی رزگاری بو. شه‌پۆله‌کان ته‌رمی ئالانی بچوکیان به‌ره‌و که‌ناراوه‌کانی بودروم هێنا. وێنه‌ی ئه‌و مناڵه خنکاوه به جیهانا بڵاوبوه‌وه، میلیۆنان مرۆڤی جوڵاند.
عه‌بدوڵا ویستی ته‌رمه‌کان به‌ره‌و کۆبانێ بهێنێته‌وه، تورکیا لۆرییه‌کیان پێدا و سنوریان بۆ کرده‌وه. له پشته‌وه سێ ته‌رم هەڵگیرابون، له پێشه‌وه عه‌بدوڵا دانیشتبو. ئه‌وان به‌لای خانوی خێزانه‌که‌یاندا تێپه‌ڕین به ئه‌سته‌م ده‌ناسرایه‌وه. ته‌نانه‌ت به زه‌حمه‌ت شاره‌که‌ش ده‌ناسرایه‌وه، ئینجا به‌ره‌و گۆڕستانه‌که لێیانخوڕی و ته‌رمی ژنه‌که‌ی و دو کوڕه‌که‌یان بەخاک سپارد.
هه‌مو رۆژێک ئه‌و ده‌ڕواته سه‌ر گۆڕه‌کانیان و قسه له‌گه‌ڵ مردوه‌کانیدا ده‌کات. هه‌ندێک جار کێک بۆ منداڵه‌کانی ده‌کڕێت، دوای تۆزێک بیری ده‌که‌وێته‌وه، ئه‌وان لێره نه‌ماون! تۆزێک چاوه‌ڕێ ده‌کات، که‌واته شتێک رویداوه!
رۆژێک بارزانی ته‌له‌فونی بۆ ده‌کات، سه‌رۆک عه‌شیره‌تی باڵاده‌سته له نێو کورده‌کانی عێراقدا. کورده‌کانی ئێره و باکوری عێراق وه‌ک برای یه‌ک وان. بارزانییه‌کان (واته سه‌رۆکی پارتی و سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم ) که‌وتنه خۆ تا باوه‌شێکی برایه‌نه بۆ کورده‌کانی رۆژئاڤا بکه‌نه‌وه، ئه‌وان بەچانسی خۆیان ده‌زانی، بۆ مه‌به‌ستی خۆیان ، ناودارترین کوردی ئه‌وێیان به‌کارهێنا. ئه‌وان باوکی ئالانیان بانگهێشت کرد و ئه‌ویش رۆیشت بۆ هه‌ولێر پایته‌ختی میرنشینه‌که‌ی بارزانی. له‌وێ چاوی به مه‌سعود بارزانیی سه‌رۆک که‌وت. که‌سانێکی ناودار و زۆر له‌وێ له‌گه‌ڵیدا وێنه‌یان گرت. بارزانی لێی پرسی، چی ده‌خوازێت بۆی بکات. ئه‌و داوای له ناوبراو کرد، که له کۆبانێ، خوێندنگه‌یه‌ک، نه‌خۆشخانه‌یه‌ک و مزگه‌وتێک دروست بکات، ناوی هه‌ریه‌که‌یان بنرێت (ئالان).
بارزانی گوتی، که تۆ پارچه زه‌ویه‌کان بدۆزه‌ره‌وه و ئه‌م پاره‌که‌ی ده‌دات. پاشان لێی ده‌پرسێت، ئه‌ی چیت ده‌وێت بۆ خودی خۆت؟ “سوپه‌رماکێتێک، نا، ریزه دوکانێک، تا بتوانیت دواتر به داهاته‌کانی خێر و چاکه‌ی پێ‌بکات”.ئینجا ئه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه ئێره. ئێستا ئه‌م پیاوه لێره به چیچکانه‌وه دانیشتوه، پیاوێکی زۆر ساده، له نێو خاشاک و که‌لاوه‌کاندا چاوه‌ڕێی پاره‌که‌ی بارزانی ده‌کات. ئه‌گه‌ر پاره‌که بێت، ئه‌وا کارێکی باشیان کردوە، له‌وانه‌شه مه‌سه‌له ته‌نها وێنه‌گرتن بوبێت.
هه‌رگیز له کۆبانێ‌دا که‌سێک ناتوانێت له ئێستادا وه‌ک مرۆڤی ئاسایی بژیت، چونکه ترسی داعش به‌رده‌وامه، نزیکه‌ی (200) تیرۆریست له مانگی شه‌شدا هاتن و په‌لاماری ئێره‌یاندا، تا شه‌ڕڤانه‌کانی یه‌په‌گه گه‌یشتن ئه‌مان نزیکه‌ی (200) که‌سیان کوشت ، لێره رۆژانه مرۆڤ ده‌کوژرێت، مرۆڤ بریندار ده‌بێت، که‌میش نین ئه‌و که‌سانه‌ی ئێره، که وا هه‌ست ده‌که‌ن، جارێکی تر وڵاتانی رۆژئاوا ئه‌مانیان بیرچۆته‌وه.
یه‌ک له دکتۆره دەگمەنەکانی ئه‌م شاره، ناوی دورپێچ کۆبانێیه، پێش ده مانگ ئه‌و له سویده‌وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه، ژن و مناڵه‌کانی له‌وی به‌جیهێشتوه، ئه‌م ئێستا له نه‌خۆشخانه‌ی سه‌ربازیدا کار ده‌کات، رۆژانه (80)نه‌خۆش دێن، له پێش نۆرینگه‌که‌یدا چاوه‌رێ ده‌که‌ن، ژن مناڵ، پیاو، له‌سه‌ر کورسی که‌مئه‌ندامی، ده‌ست و قاچ په‌ڕیو، شه‌ڕڤان که گولله له دڵی یان سه‌ری دراوه، ئه‌م ده‌یگێڕێته‌وه، “که‌سێک کە پیمانوابو شه‌هید بوه، که‌چی توانیمان گیانی رزگار بکه‌ین و زیندوبێته‌وه”. کاتێ یه‌که‌م جار ئه‌م دکتۆره گه‌ڕایه‌وه بۆ کۆبانێ (80)کیلۆ بوه، ئێستا کێشی بوه‌ته (63) کیلۆ. رۆژانه دو پاکه‌ت جگه‌ره ده‌کێشێت، به‌رده‌وام شه‌ڕڤانه‌کان به‌خۆڕایی جگه‌ره‌ی ده‌ده‌نێ. ئێستا پێویستییه‌کی به په‌له‌یان به پزیشکی نه‌شته‌رگه‌ری مێشک، پزیشکی ده‌رونی و نه‌شته‌رگه‌ری چاو هه‌یه. “رۆژانه گەنج و لاوێکی زۆرمان له کیس ده‌چێت و ده‌مرن”، ئه‌م به نائومێدیه‌ک، کاتێک فرمێسکیش له چاویدا قه‌تیس ماوه، وا ده‌ڵێت. ده‌شڵێت، سه‌رجه‌م کاره قێزه‌ون و دڕندانه‌کانی تیرۆریسته‌کانی بینیوه، هه‌ر له شێواندی لاشه‌ی قوربانییه‌کان و سێکسکردن له‌گه‌ڵیاندا… هتد. ئەو وتی “ئه‌وانه مرۆڤ نین”.
ئه‌و دکتۆره له ژورێکی زۆر بچوک و ناخۆشدا له نەخۆشخانەکەدا ده‌ژیت، پێخه‌فێکی ناڕێکوپێک، له پاڵیەوە کڵاشینکۆفه‌که‌ی داناوه. به دیواره‌که‌دا سه‌درییه و سه‌ماعه‌ی پزشکیەکەی هه‌ڵواسیوه. ئه‌و هه‌ر که ته‌واو ماندو بو له کار، ده‌گه‌ڕێته‌وه ژوره‌که‌ی و ئاواز بۆ گۆرانییه‌کانی داده‌نێت، تا ئێستا (37) پارچه گۆرانی له‌گه‌ل موسیکژه‌نه‌کانیدا تۆمار کردوه، به‌داخه‌وه هه‌مویان ئاوازی غه‌مگینی، په‌رۆشی، هێز و ره‌شبینین. هه‌ندێک گرتەی ڤیدیۆی له‌سه‌ر یوتیوب داناوه، یه‌کێکیان ناوی (هاوڕێکه‌م)ه، ئه‌و گۆرانییه بریتییه له یادکردنه‌وه‌ی ئه‌م دکتۆره له‌سه‌ر گۆڕی شه‌ڕڤانێک، که ئه‌م نه‌یتوانی گیانی رزگار بکات. لاوانه‌وه‌که وا ده‌ڵێت “ئای هاوڕێکه‌م، تۆ جه‌نگاوه‌ری، تۆ ژیانیت، تۆ ئاگری به‌ره‌ی جه‌نگی، هاورێکه‌م منیش دێم، من وا له رێگه‌م به‌ره‌و لای تۆ”.