ئا:ئاوێنە
ئەمڕۆ 40 ساڵ بەسەر دەستبەسەراگرتنی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لەتارانو
بەبارمتە گرتنی دیبلۆماسییە ئەمەریكییەكان لەلایەن خوێندكارانی پەیڕەوانی "خەتی
ئیمام خومەینی"یەوە تێدەپەڕێت، كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی بەو بۆنەیەوە ئاهەنگیان
گێڕاو بەم بۆنەیەوە هەزاران كەس لەبەرامبەر بینای باڵوێزخانەی پێشوی ئەمەریكا لەتاران كۆبونەوە.
رۆژی 4ی تشرینی دوەمی 1979، كە هێشتا نۆ مانگ بەسەر روخانی رژێمی
شا-دا تێنەپەڕی بو، كۆمەڵێك لەخوێندكارانی هەواداری خومەینی، پەلاماری باڵوێزخانەی
ئەمەریكایان دا لەتارانو بە"لانەی سیخوڕی" ناویان برد.
ئەم خوێندكارانەی لایەنگری سەرسەختی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، چەندین دیبلۆماسی
ئەمەریكییان بەبارمتەگرتو لەبەرامبەر ئازادكردنیانیاندا خوازیاری رادەست كردنەوەی
شا بەئێران بون.
قەیرانی بەبارمتە گرتنی دیبلۆماسییە ئەمەریكییەكان 444 رۆژ درێژەی
كێشاو سەرەنجام 52 دیبلۆماسی ئەمەریكی ئازاد كران، لەو رۆژەوە تا ئێستا پەیوەندییەكانی
نێوان كۆماری ئیسلامی ئێرانو ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا ساردو گرژو ئاڵۆزە.










