ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی «فینانشیاڵ تایمز» جەخت لەوە دەکاتەوە کە تا ئێستا تەمومژێکی زۆر باڵی کێشاوە بەسەر شوێنی مانەوەی ڕابەری باڵای نوێی ئێران، موجتەبا خامنەیی، ئەمەش پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر دیاریکردنی وەک جێنشینی عەلی خامنەیی باوکی، لە کاتێکدا کە دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵ دەدەن ناوخۆ و دەرەوە دڵنیا بکەنەوە کە ناوبراو هێشتا کاروباری وڵات بەڕێوە دەبات و تەندروستییەکی باشی هەیە.
ئاوێنە: ئەم پرسیارانە لە سایەی ئەو پێشبینییانەدا دێن کە پێیان وایە دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران بەهۆی پەرشوبڵاوی و لێکترازانی دەسەڵاتەوە پێش ناکەون، هاوشان لەگەڵ ئەو گومانانەی کە پێیان وایە سوپای پاسداران -نەک ڕابەری باڵا- بووەتە کۆنترۆڵکەری ڕاستەقینە و مەرجەعی سەرەکی بۆ دیاریکردنی بڕیارەکانی وڵات لە دانوستانەکاندا.
دەسەڵاتداری ڕاستەقینە
بەپێی ڕاپۆرتەکە، موجتەبا لەو کاتەوەی پۆستەکەی وەرگرتووە بە ئاشکرا دەرنەکەوتووە، بەڵام بەرپرسانی ئێران لە چەند هەفتەی ڕابردوودا دەستیان کردووە بە بڵاوکردنەوەی لێدوانی جیاجیا سەبارەت بە ڕەوشی تەندروستی و جووڵەکانی، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئەو هێشتا لە لوتکەی دەسەڵاتدایە، بەتایبەتی لە سایەی بەردەوامبوونی جەنگدا.
فینانشیاڵ تایمز ئاماژە بەوە دەکات کە مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ئەم مانگە بۆ یەکەم جار ڕایگەیاند کە چاوی بە موجتەبا کەوتووە، هەروەها دواتر دەسەڵاتداران ئاشکرایان کرد کە کۆبوونەوەیەک لە نێوان ڕابەری نوێ و سەرکردایەتیی بارەگای "خاتەمولئەنبیا"، کە فەرمانگەی باڵای هەماهەنگیی سەربازییە لە ئێران، بەڕێوە چووە.
لە هەمان چوارچێوەدا، ڕاگەیاندنە فەرمییەکان دەستیان کرد بە خستنەڕووی گێڕانەوەی وردتر سەبارەت بەو هێرشەی کە لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦دا کرایە سەر ڕابەری پێشوو، وە سروشتی پێکانەکانی موجتەبا، بۆ ئەوەی جەخت لەوە بکەنەوە کە مەترسیدار نین و بەم زووانە دووبارە دەردەکەوێتەوە.
ڕاپۆرتەکە پێی وایە چڕکردنەوەی لێدوانە فەرمییەکان ئامانج لێی گەیاندنی پەیامێکە کە ڕابەری نوێ هێشتا خاوەنی بڕیاری کۆتاییە، بەتایبەتی لەگەڵ پەرەسەندنی ڕەخنە ناوخۆییەکانی ڕەوتی توندڕەوی ناو حکومەتی ئێران بۆ سەر دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن.
دەنگێکی کپ
وەلی نەسڕ، بەرپرسی پێشووی ئەمریکا و مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی جۆنز هۆپکینز، دەڵێت کە دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵ دەدەن جەخت لەوە بکەنەوە کە "ڕابەری باڵا هێشتا لە لوتکەی هەرەمی دەسەڵاتدایە"، هەروەها "تەندروستی باشە و کارەکانی خۆی دەکات و کۆنترۆڵی دۆخەکەی کردووە".
بەڵام ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە غیابی درێژخایەنی موجتەبا، گومانەکانی سەبارەت بە قەبارەی هەژموونی ڕاستەقینەی لەناو پێکهاتەی ئێستای سەرکردایەتیدا زیاتر کردووە.
سەرنجیش بۆ ئەوە ڕادەکێشێت کە موجتەبا تەنانەت پێش وەرگرتنی پۆستەکەشی بە خۆپاراستن لە چاوی کامێراکان و دەرنەکەوتنی ئاشکرا ناسراو بووە، چونکە دەنگی بە ئاشکرا نەبیستراوە تەنها لە تۆمارێکی کورتدا نەبێت کە لە ساڵی ٢٠٢٤ پەخشکرا، پاشان لە تۆمارێکی تردا لە کاتی وانەیەکی ئاینیدا لە شاری قوم دەرکەوتووە.
لە لای خۆیەوە، سەعید لەیلاز، شیکەرەوەی ئێرانی، ئەو مشتومڕە بەردەوامەی لەسەر سەنتەری قورسایی سەرکردایەتی هەیە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە ڕابەری پێشوو پێش جەنگەکە پلانێکی داناوە بۆ دابەشکردنی ناوەندەکانی بڕیاردان لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەرکردایەتی بە هەر هێرشێک، ئەمەش پەراوێزێکی فراوانتری بە سەرکردە سەربازییەکان داوە بۆ جووڵەکردن لە ڕۆژەکانی سەرەتای جەنگەکەدا.
بۆ ڕۆژنامەکەش زیاتر دەڵێت کە موجتەبا پێویستی بە کاتە بۆ بونیادنانی ئەو هەژموونەی کە باوکی لە ناو دامەزراوەکانی حکومڕانیدا هەیبوو، بەتایبەتی لە ناو دامەزراوەی سەربازیدا؛ چونکە ڕابەری پێشوو بۆ ماوەی ٣٧ ساڵ حوکمڕانی کرد، لەو ماوەیەشدا لێهاتوویی تەواوی نواند لە بەڕێوەبردنی بەشە جیاوازەکانی هێز کە حکومەتی ئێرانیان پێکدەهێنا.
دوو گێڕانەوە
بەپێی ڕاپۆرتەکە، هەندێک پێیان وایە کە موجتەبا لە پشت پەردەوە حوکمڕانی دەکات، وە پەیوەندی نێوان ڕابەری نوێ و دامەزراوە سەربازی و حکومییەکان لە ژێر ڕێوشوێنی ئەمنی تونددا ئەنجام دەدرێت، بە شێوەیەک نامەکان بە دەست دەگوازرێنەوە بۆ خۆپاراستن لە بەدواداچوونی پەیوەندییە ئەلیکترۆنییەکان.
لەم چوارچێوەیەدا، دیپلۆماتکارێک بۆ ڕۆژنامەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە موجتەبا دوو لیژنەی پێکهێناوە بۆ بەڕێوەبردنی نێوەندگیرییەکان و پەیوەندییە سیاسی و سەربازییەکان، کە کەسایەتی سەربازی و سیاسی و بەرپرسانی پێشوو لەخۆ دەگرێت.
هەروەها سوپای پاسداران بە تەواوی بەرپرسیارێتی پاراستنی موجتەبای گرتۆتە ئەستۆ، ئەمەش بەهۆی ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵەی نێوانیانەوەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ کاتی خۆبەخشبوونی ڕابەر لە جەنگی عێراق و ئێراندا لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا.
لە بەرامبەردا، عەلی واعیز، شارەزا لە گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان، پێی وایە ڕابەری نوێ ڕۆڵێکی تاڕادەیەک سنوورداری هەیە، لە کاتێکدا بڕیارە بنەڕەتییەکان لەلایەن گروپێکی تەسک لە سەرکردەکانەوە دەدرێن، لەوانەش فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران ئەحمەد وەحیدی و سەرۆکی پەرلەمان محەممەد باقر قالیباف و ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی محەممەد باقر زولقەدر.
ڕاپۆرتەکە بە ئاماژەدان بەوە کۆتایی دێت کە ڕەنگە ئەو تەمومژەی دەوروبەری موجتەبای گرتووەتەوە بەردەوام بێت تا ئەو کاتەی مەترسییەکانی جەنگ و ئۆپەراسیۆنەکانی تیرۆرکردن بوونیان مابێت، لە سایەی پەرۆشیی سەرکردایەتیی ئێران بۆ پاراستنی ئەوانەی لە کەسایەتییە دیارەکانی حکومەت ماونەتەوە.