"خورشید هەرکی بڵقی سەر ئاوە، نە فەرماندەیە و نە بە شێوازێکی یاساییش هیچ پلەیەکی سەربازی هەیە"
  2026-05-22       833       

مەحمود هەرکی، برازای خورشید هەرکی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا چەندین زانیاری و وردەکاریی قورس لەسەر کێشە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان خۆی و مامی ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە لە ئێستادا ژیانی لەژێر مەترسیدایە.

ئاوێنە: مەحمود هەرکی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بە ڕەگی مێژوویی کێشەکانیان کرد و ڕایگەیاند: "لە ساڵی ٢٠١٣ەوە لەگەڵ خورشید هەرکی کێشەی کۆمەڵایەتیمان هەیە. ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بەردەوام دژایەتیمان دەکات و ڕێگریمان لێدەکات لە سنووری قەزای خەبات کار و چالاکییەکانمان ئەنجام بدەین."

لە درێژەی قسەکانیدا، مەحمود هەرکی هێرشی توندی کردە سەر پێگەی مامی و گوتی: "خورشید هەرکی وای لێهاتووە بەردەوام سیناریۆ دروست دەکات؛ ئەو هەر کاتێک دەبینێت ناوی لە ناو سۆشیال میدیادا نامێنێت، دێت و سیناریۆیەک دەهێنێتە ئاراوە. خورشید هەرکی تەنها بڵقی سەر ئاوە، نە فەرماندەیە و نە بە شێوازێکی یاساییش هیچ پلەیەکی سەربازی هەیە."

سەبارەت بە زیانەکان و ئەو مەترسییانەی لەسەر کار و ژیانی هەن، برازاکەی خورشید هەرکی ڕوونکردنەوەی زیاتری دا و گوتی: "من خاوەنی کۆمپانیام و نزیکەی ١٥٠ کارمەند لەلای من کار دەکەن، بەڵام زۆربەی جار کارمەندەکانی من لەلایەن چەکدارەکانی ئەوەوە ڕفێندراون. تەنانەت لە ئێستاشدا مەترسیی ڕاستەقینە لەسەر ژیانی من هەیە، چونکە چەکدارەکانی خورشید هەرکی چوونەتە سەر کۆمپانیاکەم و کەرەستەکانی کارکردنمان، لەوانە کرێن و شۆفڵەکانی ئێمەیان لە شوێنەکە دەرکردووە."

لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، مەحمود هەرکی بێئومێدیی خۆی لە دامەزراوە کارگێڕییەکانی ناوچەکە نیشاندا و جەختی کردەوە: "نە قایمقام و نە پارێزگار، هیچ کامێکیان توانای کۆنترۆڵکردن و سنووردارکردنی کێشەکانی خورشید هەرکییان نییە."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×