نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا تاوتوێی چه‌ند پرسێك ده‌كه‌ن له‌نێویاندا به‌هێزكردنی هه‌ماهه‌نگی بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوره هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌رێم و ئێران.
ئاوێنه: وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا گفتوگۆیان له‌باره‌ی پرسه‌كانی جێی بایه‌خی هه‌ردولا و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئێران و عێراق و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ناوچه‌كه كرد.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ كراون و هه‌روه‌ها گفتوگۆ له‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و به‌هێزكردنی هه‌ماهه‌نگییه‌كان بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوره هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێران و "روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆر" كراوه.
هه‌روه‌ك باسیشیان له په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ناوچه‌كه‌و بایه‌خی وڵاتانی ناوچه‌كه بۆ به‌هێزكردنی ئاسایشی ناوخۆیی له ناوچه‌كه كردوه.