د. کەمال بێوار
سۆڵت لەیک سیتی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، دیاردەیەکی نامۆ و بەربڵاو لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەریهەڵداوە و بووەتە ترێندێکی باو لە نێو بەشێکی زۆری تاکی کورددا، ئەویش بریتییە لە بەکارهێنانی ناوی هۆز و عەشیرەت وەک نازناوی کەسی. ڕەوتی ئەم دیاردەیە بە ئاڕاستەیەکە کە وا لە چاودێر دەکات هەست بکات شانازی کردن بە ئینتیمای خێڵەکی، لای بەشێک لە تاکەکان، پێگەیەکی باڵاتری وەرگرتووە لە چاو ئینتیمای نەتەوەیی و کوردبوون.
بۆچوونی من وایە کە ئەم دیاردەیە هاوشێوەی مەترسییەکی جیدییە لەسەر دۆزی ڕەوای کورد وەک نەتەوە، چونکە نەک خزمەت بە پرسی نەتەوەیی ناکات، بەڵکو زیانی ستراتیژیشی پێدەگەیەنێت. لە ڕوانگەیەکی دەروونی-کۆمەڵایەتییەوە، ئەم ڕەفتارە ڕەنگدانەوەی "قەیرانی متمانە و نەبوونی هەستی ئاسایش"ە لای تاکی کورد؛ بەو مانایەی تاک کاتێک خۆی وەک "کورد" پێناسە دەکات، هەست بە پارێزراوی و دڵنیایی ناکات، بەڵام کاتێک پەنا بۆ نازناوی هۆزێکی دیاریکراو دەبات، جۆرێک لە حەسانەوە و پاراستنی خێڵەکی بەدەستدەهێنێت.
ڕەگی ئەم کێشەیە بۆ دۆخی سیاسیی ئێستای کوردستان دەگەڕێتەوە. ئەگەر تاکێکی بێلایەن بیت، ئاستی دڵنیایی و دەستڕاگەیشتنت بە مافەکانت کەمترە، چونکە تاکی کورد تووشی نائومێدییەکی قووڵ بووە لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و حزب. بێگومان ئەمەش نیشانەی کەمتەرخەمی و فەشەلی حوکمڕانیی حکومەت و حزبە دەسەڵاتدارەکانە. دوای زیاتر لە سێ دەیە لە حوکمڕانیی کوردی، نەتوانراوە تاک لەسەر بنەمای "هاوڵاتیبوون" و "کوردایەتیی مۆدێرن" پەروەردە بکرێت. بە ڕاشکاوی دەکرێت بڵێین: خزمەتکردنی بەرژەوەندییە حزبی و خێزانییەکان، پێشەکی خرابووە پێش خزمەتکردن و گەشەپێدانی هۆشیاریی نەتەوەیی.
یەکێک لە لایەنە هەرە نەرێنییەکانی ئەم دیاردەیە، دوورخستنەوەی کۆمەڵگەیە لە چەمکەکانی نیشتمانپەروەری و هاوچەرخی. ئەم دۆخە هۆشیاریی سیاسیی تاکی کورد بەرەو دواوە دەبات و لە بەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، کورد وەک گەلێکی "خێڵەکی و سەرەتایی" نیشان دەداتەوە کە هێشتا نەگەیشتووەتە قۆناغی نەتەوە-دەوڵەت؛ ئەمەش بە هیچ شێوەیەک خزمەت بە خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەمان ناکات. لەوانەیە لە ئێستادا زۆرێک لە مەترسیی ئەم دیاردەیە تێنەگەن، چونکە ئێمە تەنها سەرنج دەدەینە سەر تاکەکان و لە وێنا گەورەکە (The Big Picture) بێبەشین؛ وەک ئەو پەندە ئینگلیزییە باوەی دەڵێت: "لەبەر چڕیی دارەکان، ناتوانێت دارستانەکە ببینێت" (Because of the trees, you cannot see the forest).
ئەم پاشەکشە فیکرییە پەیامێکی نەرێنی دەداتە جیهانی دەرەوە و وڵاتانی خاوەن بڕیاری ڕۆژئاوا، بەوەی گەلی کورد هێشتا مەیلی بۆ ژیانی مەدەنی، سەروەریی یاسا و دەزگای مۆدێرن نییە و زیاتر لایەنگری سیستمە خێڵەکییەکانە. ئەم وێنایەش، ڕێک پشتڕاستکردنەوەی ئەو گوتارە شۆڤێنیانەیە کە دوژمنانی کورد لە مێژوودا بۆ بێبەشکردنی ئێمە لە مافی سەربەخۆیی بەکاریان هێناوە.
لە کۆتاییدا دەڵێم، بەرپرسیاری یەکەمی ئەم پاشەکشە کۆمەڵایەتییە دەسەڵاتی سیاسیی کوردستانە کە فەشەلی هێناوە لە بنیاتنانی پەروەردەیەکی نیشتمانیی تەندروست کە تێیدا بەرژەوەندیی باڵای نەتەوە لە سەرووی حزب، هۆز و ناوچەگەرییەوە بێت. لە هەمان کاتدا، دوور نییە کە دەستی ئەجێندای دەرەکی و دوژمنانیش لە پشت هاندانی بێدەنگی ئەم دیاردەیەوە بێت بۆ پارچەپارچەکردنی زیاتری ناوخۆی کورد. ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکان، ناوەندە ئەکادیمی و ڕۆشنبیرییەکانە کە بە جیدی کار لەسەر ڕاگرتن و چارەسەرکردنی ئەم دیاردە زیانبەخشە بکەن پێش ئەوەی ببێتە ناسنامەی جێگیری نەوەی نوێ.