جلی کوردیت لەبەربێت، نابێت بێیتە ژوورەوە!
  2026-05-23       840       
ئێرە هەولێرە: جلی کوردیت لەبەربێت، نابێت بێیتە ژوورەوە!

ھەرێم شێرە

 

دوێنی شەو لەگەڵ دوو ھاورێم ویستمان بچین لە کافتریایەکی شاری ھەولێر دابنیشین ، یەکێک لە ھاورێکانم پێشنیاری کافتریای (مۆنتانا)ی بۆ کردین کە دەکەوێتەی شەقامی مەجدەل ، من کە جلێکی کوردیم لەبەر بوو بەر لە ھاورێکانم گەیشتمە کافتریاکە، کە چومە ژوورەوە تەنھا چەند مێزێک خەڵک لێی دانیشتبوون ئەوانی تر ھەموو چۆڵ بوون .
 من لەسەر یەکێک لە مێزەکان دانیشتم ، ھەستم پێکرد کارگوزارانی ناو کافتریاکە بە چاوێکی زۆر سەیر سەیریان دەکردم، پاشان یەکێک لە کارگوزارەکان ھاتە لام بە عەرەبی پێی وتم کە ناتوانم دابنیشم چونکە ھەموو مێزەکان گیراون ، ھەرچەندە بە ئاشکرا پێی نەوتم لەبەر جلە کوردیەکەیە بەڵام من زانیم ھۆکارەکە ئەوەیە چونکە زۆربەی مێزەکان چۆڵ بوون . چوومە دەرەوە چاوەرێی ھاورێکانم کرد، کە ھاوڕێکانم گەیشتن جلی ئاساییان لەبەر بوو ، پێم گوتن بڕۆنە کافتریاکە بزانن چی دەڵێن . ئەوان بێ من چونە کافتریاکە بەبێ ئەوەی پێشوەختە پێیان گوتبن بە ئاسانی دانیشتن و کەسیش قسەی لەگەڵ نەکردن . 
لە دەرەوە وەستا بووم بیرم دەکردەوە، چۆن دەکرێت کافتریایەک لە پایتەختی ھەرێمی کوردستان ناوەکەی ئینگلیزی بێت و کارگوزارەکانی ھەموو عەرەب بن و کەچی رێگریش لە جلی کوردی بکەن.
خۆم بۆ نەگیرا دوای ٥ دەقە چومە ژورەوە و پێم گوتن بۆ ڕێگەتان بە من نەدا کە جلی کوردیم لەبەر بوو بەڵام ڕێگەتان بە ھاوڕێکانم دا کە جلی ئاساییان لەبەربوو؟ بۆ ڕێگری لە جلی کوردی دەکەن؟ بۆ ڕێز لە جلی کوردی ناگرن؟ بەڵام ئەوان ھیچ وەڵامێکیان نەبوو تەنانەت داوای لێبوردنیشیان نەکرد تەنھا دەیانگوت لێک تێگەیشتنێک ھەبووە ، لە کاتیکدا کارگوزارەکانی ناو کافتریاکە ھەموو عەرەب بوون تەنانەت ئەوانەی لە کافتریاکەش دانیشتبوون بەشی زۆریان عەرەب بوو.

ئەمە یەکەم جار نییە لە ھەولێر سوکایەتی بە کورد و جلی کوردی بکرێت . ماوەیەک لەمەوبەر لە کافتریایەکی ھەولێر گۆرانیان بەسەر (سەدام) دا دەگوت ئێستاش قەدەغەی جلی کوردی دەکەن.لە ڕاستیدا ئەمانە پێشھاتی مەترسیدارن بە تایبەت لە شارێکی وەکو ھەولێر کە پایتەختی ھەرێمی کوردستانە.

ساڵانێکی زۆرە خەڵکی ھەولێر بە ھەموو ڕەنگ و لایەنەکانەوە گلەیی ئەوە دەکەن کە ھەولێر ھی ھەولێریەکان نەماوە، کەسانی دەرەوەی ھەولێر لە دام و دەزگاکانی ھەولێر دەکرێن بە بەرپرس ، بەڵام ئێستا خەریکە شاری ھەولێر نەک ھی ھەولێریەکان بەڵکو ھی کوردیش نامێنێت ، مۆڵ و کافتریا و ڕێستۆرانتەکان پڕ بوون لە خەڵکی بیانی و بە شیوەیەک لە خاوەن کارەوە تا دەگەتە کارگوزارەکانی ھەمووی عەرەبن ،لە کاتێکدا بە سەدان گەنجی کورد بێ کار لە ماڵەوە دانیشتوون.

ئەم ڕوداوە ڕووبەروی دەسەڵاتدارانی ھەولێر دەکەمەوە ، نابێت ھیچ بیانۆیەک لەم کافتریایە قبوڵ بکرێت چونکە ئەگەر ئێستا لە کافتریایەک قبوڵی جلی کوردی نەکەن، سبەی لە شارەکە وەدەرمان دەنێن!

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×