سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی کەسایەتی وەزیری دارایی بەغداوە ئاماژە بەوە دەکات کە پیاوێکی ورد و یاسایی و "دڵسۆز و باشە و زۆر زۆر لە تەیف سامی باشترە بۆ هەرێم". لەبارەی مووچەشەوە دەڵێت "ئەو دەنگۆیانەمان بیستووە و فالح ساری وەزیری دارایی وتویەتی؛ دەتوانین پێش جەژن مووچەی مانگی پێنج بۆ هەرێم خەرجبکەین و دوای جەژن هەرێم داهات بنێرێت".
ئاوێنە: د. موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لەبارەی خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایار پێش جەژنی قوربان تایبەت بە ئاوێنەی وت "ئێمەش بستومانە کە مووچەی مانگی پێنج پێش جەژن خەرجبکرێت و بەهیوام راست بێت".
د. موسەنا زیاتری ئاشکراکرد و رایگەیاند "قسەیەکمان بیستووە دەڵێن؛ کە فالح ساری وتویەتی دەکرێت هەرێم دوای جەژن داهاتی نانەوتی بنێرن و ئێمە لەبەر جەژن مووچەی مانگی ئایار/٥ خەرجبکەین، کە ئەوەش کارێکی زۆرباشە ئەگەر وەزیری دارایی ئەنجامی بدات".
ئاوێنە لەبارەی کەسایەتی فالح ساری وەزیری دارایی عێراق کە چۆنە بۆ هەرێم؟ لە پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو دەپرسێت و ناوبراو بە روونی دەڵێت "دەبێت ئەزمونەکەی ببینین، بەڵام بەوپێیەی ئێمە دەیبینین و دەیناسین لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پیاوێکی دڵسۆزە".
هەروەها وتیشی "پیاوێکی یاسایی و وردە و پڕۆفیشناڵە لە بوارەکەی خۆی، پێشتریش لە دیوانی چاودێری دارایی کاریکردووە دوای ئەوەی کە هاتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبەر ئەوە لەرووی یاسایی و داراییەوە پیاوێکی ورد و زیرەک و شارەزایە، جگە لەوەش چەندین دەور لە ئەنجومەنی نوێنەران لە لیژنەی دارایی بووە و بەوەیش ئەزمونێکی دارایی و یاسایی و هونەری لەبەردەستە".
د. موسەنا ئەمین ئاماژە بەوە دەکات کە وەزیری دارایی بەهۆی ئەوەی لە یاسا شارەزایی هەیە بۆ پرسی دارایی "کەسایەتییەکی گیری هەیە و چاوپۆشی لەهیچ شتێک ناکات و بە ئاسانی ناچێتە ژێر هەموو پابەندییەک".
"بەڵام چون لە بەرەی عەمار حەکیم، سەرۆکى رەوتى حیکمەیە و ناوبراو پەیوەندی لەگەڵ هەرێم باشە، پێمانوایە ئەگەر گرفتێکیش هەبێت لەرێگەی عەمار حەکیمەوە دەتوانرێت چارەسەر بکرێت، چونکە فالح ساری ئەندامی ئەو حزبەیە و کەسێکی نەرم و گونجاو و باشە بەڕاستی. زۆر زۆر لە تەیف سامی باشترە".