مژدەیەک بۆ هێزەکانی ناوخۆ؛ بە ١٥ ساڵ خزمەت خانەنشین دەبن و مووچەکانیان دەگاتە یەک ملیۆن دینار
  2026-05-24       237       

پەرلەمانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە یاسای خزمەت و خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بەجۆرێک کە چاوەڕوان دەکرێت دوای هەموارکردنەوەی یاساکە، کەمترین مووچەی خانەنشینییان بگاتە یەک ملیۆن دینار. ئەم هەنگاوەش لەلایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگرییەوە بەوردی تاوتوێ دەکرێت بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە.

ئاوێنە: لەم بارەیەوە، ئەحمەد دەلفی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، لیژنەکەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی ناوخۆ (بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە مرۆییەکان، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی و بەڕێوەبەری بەشی خانەنشینی) کۆبوونەتەوە. ئامانج لەم کۆبوونەوەیەش گەڵاڵەکردنی دیارترین و گرنگترین بڕگەکانی پێشنیازکراو بووە بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە لە بەرژەوەندیی کارمەندانی وەزارەتەکە.

سەبارەت بە خاڵە هەرە گرنگەکانی نێو پڕۆژەیاساکە، دەلفی ڕوونیکردەوە کە یەکێک لە گۆڕانکارییە سەرەکییەکان بریتییە لە پێدانی مافی خانەنشینبوون بەو کارمەندانەی کە ١٥ ساڵ خزمەتیان تەواو کردووە، بێ ئەوەی مەرجی تەمەن ڕێگرییان لێ بکات. خاڵێکی دیکەی گرنگ، هەژمارکردن و زیادکردنی دەرماڵەکانی خۆراک و مەترسییە بۆ سەر مووچەی بنەڕەتیی کارمەندان، کە ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی مووچەی خانەنشینییان دەبێت.

ئەو ئەندامەی پەرلەمان باسی لە دۆخی دارایی بەشێک لە خانەنشینانی ئێستا کرد و وتی: "لە کاتی ئێستادا ژمارەیەک خانەنشینی هێزەکانی ناوخۆ هەن کە مووچەکانیان لە ٥٠٠ هەزار دینار تێپەڕ ناکات، بۆیە تەواوی هەوڵەکانی لیژنەکەمان بەو ئاراستەیەیە کە ئەو بڕە بەرز بکەینەوە بۆ نزیکەی یەک ملیۆن دینار، تاوەکو ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکرێت."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دەلفی پەردەی لەسەر بڕگەیەکی دیکەی هەموارەکە لادا کە تایبەتە بە دەرماڵەی مەترسی، کە تێیدا بڕی ٢٥٠ هەزار دینار وەک مووچەی مەترسی بۆ ئەو کەسانە دیاری دەکرێت کە بە گرێبەستی نوێ لە وەزارەتی ناوخۆ دادەمەزرێن. ئەمە جگە لەوەی دەرماڵەی مەترسی بۆ سەرجەم کارمەندانی هەمیشەیی وەزارەتەکە بە بڕی ٤٨٥ هەزار دینار وەک خۆی دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت.

هاوکات، نایف شەمەری، ئەندامێکی دیکەی هەمان لیژنە جەختی لەوە کردەوە کە گفتوگۆ و راوێژەکان لەسەر ماددەکانی یاساکە بەردەوامییان هەیە. ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ئێستادا هەوڵێک هەیە بۆ پێکهێنان و دروستکردنی لیژنەیەکی لاوەکیی تایبەتمەند، کە ئەرکی ئەم لیژنەیە هەڵسەنگاندن و دیراسەکردنی وردەکارییەکانی هەموارەکە دەبێت، ئەوەش پێش ئەوەی بە فەرمی بخرێتە ڕوو بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان.

جێی باسە، لە ئێستادا مووچەی مانگانەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (کە پۆلیس، هاتووچۆ و سەرجەم کارمەندانی ئەمنی دەگرێتەوە) لە کاتی دەوامکردندا لە سەروو یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دینارەوەیە. بەڵام کێشە گەورەکە لە کاتی خانەنشینبووندایە، چونکە مووچەی بنەڕەتییان (کە دەکرێتە پێوەر بۆ خانەنشینی) زۆر کەمە و ناگاتە ٤٠٠ هەزار دینار، بەهۆی ئەمەشەوە کاتێک خانەنشین دەبن مووچەکانیان زۆر دادەبەزێت و لە ٦٠٠ هەزار دینار تێپەڕ ناکات، هەموارکردنەوەی ئەم یاسایەش چارەسەری ئەو گرفتە دەکات و هاوسەنگییەک بۆ مووچەکانیان دەگەڕێنێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×