مه‌سرور بارزانی: با ئه‌مریكا ناوی ئه‌و لایه‌نه‌ ئاشكرا بكات كه‌ ده‌ڵێت چه‌كمان راده‌ست كردوه‌
  2026-05-24       561       

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌وان وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێم ئاگاداری ئه‌و چه‌كانه‌ كه‌ ئه‌مریكا ده‌ڵێت له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ براون و ده‌شڵێت، بێگومان ئه‌مریكا خۆی ده‌زانێت چه‌كیان به‌ كێ داوه‌و با ئاشكرای بكات.

ئاوێنه‌: مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، له‌دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ قه‌یس خه‌زعه‌لی، ئه‌مینداری گشتیی بزوتنه‌وه‌ی عه‌سایبی ئه‌هلی هه‌ق، لێدوانی بۆ رۆژنامه‌نوسان دا.

مه‌سرور بارزانی وتی، لە کۆبونەوەمان لەگەڵ قەیس خەزعەلی باسی کێشەکانی هەولێر و بەغدامان کرد و هەروەها تەواوکردنی کابینەی عەلی زەیدی، تەوەرێکی دیکەی كۆبونه‌وه‌كه‌مان بو.

له‌باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم، مه‌سرور بارزانی وتی، ئێمەش ویستمان وایە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم زوو پێکبهێنرێت، بەڵام دەمێنێتەوە سەر رەغبەتی ئەو لایەنانەی لە هەڵبژاردن دەنگیان هێناوە پابەندن بە رێزگرتن لە دەنگی خەڵک بۆ پێکهێنانی حکوومەت.

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسێک دەربارەی ئەو چەکانەی سەرۆکی ئەمریکا باسی دەکات کە له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ براون، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم وتی، "پێویستە ئەم پرسیارە لە حکومەتی ئەمریکا بکرێت، چونکە ئەگەر ئەمریکا چەکی ڕادەست کردوە، بێگومان ده‌زانن ڕادەستی کێیان کردوە، من بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ده‌توانم بڵێم ئێمە ئاگادارنین، ئەو لایەنەی ئەمریکا چەکی ڕادەستکردوە با ئاشکرای بکات."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×