کەمێک پێش ئێستا، حکوومەتی فیدراڵی عێراق پارەی مووچەی مانگی پێنج (ئایار)ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خەرج کرد و بڕیارە لە چەند ساتێکی کەمدا پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
ئاوێنە: ئەمڕۆ دووشەممە (٢٥ی ئایار)، بڕی زیاتر لە ٩٥٠ ملیار دینار تایبەت بە مووچەی هەرێم لەلایەن بەغداوە تەرخان کراوە و لە ئێستادا ڕێکارەکانی گواستنەوەی بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم لە قۆناغی جێبەجێکردندایە. هاوکات لەگەڵ گەیشتنی پارەکە، بڕیارە هەر ئەمڕۆ لیستی نوێی مووچە بڵاوبکرێتەوە و ڕاستەوخۆ دەست بە پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران بکرێت.
لە هەنگاوێکی هاوتەریبدا و لە هەمان ڕۆژدا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی بە ڕادەستکردنی داهاتەکان جێبەجێ کرد، بە جۆرێک داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق.
بەپێی زانیارییەکان، لەسەر بڕیاری فەرمیی وەزارەتی دارایی هەرێم، بڕی ٥٠ ملیار دینار وەک بەشێک لە داهاتی نانەوتیی مانگی ئایاری هەرێم، بە شێوەی کاش (نەختینە) خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.