شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، لەبارەی دیدارەکەی دوێنێیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕابەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕاگەیەندراوێکی فەرمی و گرنگی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە.
ئاوێنە: لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە ٢٤ی ئایاری ٢٠٢٦دا، وەک دەستەی ئیمراڵی، چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و ئەو هاوڕێیانەیدا ئەنجامداوە کە لەوێ لەگەڵیدا دەمێننەوە. ئۆجەلان لەم دیدارەدا لە ڕێگەی چەند تەوەرێکی جیاوازەوە پەیامی گرنگی ئاڕاستەی ڕای گشتی، پارتە سیاسییەکان و کۆمەڵگە کردووە.
قووڵەکانی ناوخۆی کۆمەڵگە کردووە و ڕایگەیاندووە: "گۆڕینی کۆمەڵگەیەکی پڕ لە تووڕەیی گەورە، بەبێ بیرکردنەوەی گەورە و بەها ئەخلاقییە گەورەکان، ئەستەمە. کۆمەڵگە لە هەموو ئاستەکانی ژیاندا لە ڕووی ئەخلاقی، سیاسی، یاسایی و ئابوورییەوە تووشی تەنگەژەیەکی گەورە بووە. بۆیە لەسەر ئەم پڕۆسەیە پێداگری و پەلەدەکەین."
سەبارەت بە هاوکێشە هەرێمایەتییەکان و ئایندەی ناوچەکە، ڕابەری زیندانیکراوی پەکەکە خوێندنەوەی خۆی خستووەتە ڕوو و ڕایگەیاندووە:
- ئەگەرە کراوەکان: دۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا بەڕووی هەموو ئەگەرەكاندا كراوەیە.
- گرژییەکانی ناوچەکە: دەوڵەتانی وەک ئێران و ئیسرائیل توندتر دەبن و پێدەچێت زیاتر توندیش بن.
- مەترسییەکانی نەتەوەپەرستی: پەرەپێدانی نەتەوەپەرستی و دابەشبوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەورەکردنی نەتەوە بچووکەکان زیانبەخشە.
- ئامانجی پڕۆسەکە: ئێمە کار لەسەر پڕۆسەیەک دەکەین کە ئامانجی چاودێری و ڕێگریكردنە لە پەرەسەندنە مەترسیدارەكان لە ناوچەکە و تێپەڕاندنی حساباتە خوێناوییەكان.
ئۆجەلان جەختی لەسەر پێویستیی پەلەکردن لە چاکسازییە یاساییەکان کردووەتەوە و دەڵێت: "بەدڵنیاییەوە گرنگە هەموو ئەو دامەزراوانە بنەمایەکی یاساییان هەبێت، لە چاوەڕوانیدا مانەوە و بەردەوامبوون لە دۆخی چاوەڕوانی تەنها مەترسی دروست دەکات. کاتمان نییە لەدەستی بدەین، باوەڕم وایە هەموو لایەنەکان بە هەستی بەرپرسیارییەکی مێژووییەوە هەنگاو دەنێن و پەرلەمانی تورکیاش کارەکانی بە هەمان هەستیارییەوە بەڕێوە دەبات."
ئەو وەک نەخشەڕێگەیەک بۆ داهاتوو ئاماژەی بەوە کردووە: "یاسایەکی چوارچێوەدار دەتوانێت بنەمای سەرەکیی پڕۆسەی دیموکراتیزەکردن دروست بکات، ڕێکخستنی یاسایی دەمانباتە ناو بونیادنانێكی ئەرێنی ڕاستەقینە و پڕۆسەیەک کە چەرخی دیموکراسی تێیدا دەسوڕێتەوە، دیموکراتیزەکردنی ژیان پێویستییە و سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە نزیکمان دەکاتەوە لەم ئامانجە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئۆجەلان سەرکۆنەی هێرش و ڕووداوەکانی دژ بە ئۆپۆزسیۆنی تورکیای کرد و ڕایگەیاند: "ئایا شکاندنی دەرگای ناوەندی گشتیی حیزبێکی سیاسی بە چەکوش لەگەڵ دیموکراسیدا دەگونجێت؟ ئەو کردار و ڕووداوانەی بەرامبەر بە پارتی کۆماری گەل (CHP) ڕووداوە، پەیوەندی بە نەبوونی دیموکراسی و سیاسی دیموکراتیکەوە هەیە."
ئۆجەلان هۆکاری سەرەکیی تەنگژەکان بۆ بنەماکانی دامەزراندنی کۆمار دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "هۆکاری گەیشتنی کارەکان بەم ئاستە، نەبوونی پرەنسیپی دیموکراسییە لە بنەڕەتی کۆماردا. ئەگەر دیموکراسی وەک شتێکی فانتازیا یان قسەی بێبەها سەیر بکرێت و گرنگی پێ نەدرێت، هەڵەیەکی مەترسیدارە؛ هیچ شتێک لە پەرەپێدانی تایبەتمەندی دیموکراتیکی کۆمار گرنگتر و پەلەتر نییە."
ئەو تیشکی خستووەتە سەر هەوڵەکانی خۆی لە زینداندا و ڕوونی کردووەتەوە: "ئێمە هەوڵ دەدەین بناغە و دەرفەتەکانی ئەم پڕۆسەیە لەم وڵاتەدا پەرەپێبدەین. لە ئیمراڵی، کاتێک بەرەو چارەسەری یاسایی هەنگاو دەنێین، ئامادەکردنی کۆمار بۆ دەرچەیەكی دیموکراتیک و یاسایەکی دیموکراتیک زۆر گرنگ دەزانین. ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ چارەسەری کەموکوڕی دیموکراسی ناوخۆیی حیزبەکان و نێوان حیزبەکان دەبینین. ئەنجامی هەموو ئەو هەوڵانە ئەوە دەبێت کە کۆمار ناوەڕۆک و کەلتوورێکی دیموکراتیک وەربگرێت و سیستەمێکی یاسایی بەهێز دروست بکرێت کە ئەمانە بپارێزێت. لەسەر ئەم بنەمایە، هەمووان بانگ دەکەم بۆ بەشداری لە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک."
سەبارەت بە چارەسەری ڕیشەیی پرسی کورد لە ناوخۆی تورکیادا، عەبدوڵا ئۆجەلان ڕایگەیاندووە: "واتای تێکەڵبوونی کوردەکان لە کۆماری دیموکراتیک ئەمەیە؛ ئێمە هەوڵ دەدەین دۆخێک تێپەڕێنین کە پرسی کورد بۆ ساڵانێکی زۆر پەكخستووە. كردەی توندوتیژییەکەی پەیوەندیدار بە پرسی کورد، بە سیستەماتیکی چارەسەری تێدەپەڕێنرێت. دەتوانین ئەم پڕۆسەیە بە پڕۆسەی نوێکردنەوە، هاوچەرخکردن و مۆدێرنکردنی پەیوەندییەکانی تورک و کورد ناوببەین."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئۆجەلان ئاماژەی بە پشتگیرییە دەرەکییەکان بۆ پڕۆسەی ئاشتی کرد و ئاشکرای کرد: "پەیامەکانی ڕۆشنبیران و ئەکادیمیستە نێودەوڵەتییەکان کە پشتگیری لە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکەن، لە کتێبێکدا کۆکراونەتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، دەمەوێت جەخت بکەمەوە کە ئامادەم هەموو پێشنیاز، ڕەخنە و بەشدارییەک بە وردی هەڵبسەنگێنم. لە سەردەمێکدا کە زۆرترین پێویستیمان بە ئاشتی و دیموکراسی هەیە، سڵاو لە هەمووان دەکەم بۆ پشتگیرییە گرنگەکانیان."