قوباد تاڵه‌بانی: پێویسته‌ پارتی و یه‌كێتی ده‌رگا به‌ڕوی قۆناغێكی نوێدا بكه‌نه‌وه‌
  2026-05-25       233       

قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم رایگه‌یاند، پێویسته‌ پێویستە دەرچەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخی چەقبەستویەی هه‌رێم بدۆزرێتەوەو پارتی و یەکێتی دەرگا بەڕوی قۆناغێکی نوێدا بکەنەوە.

ئاوێنه‌: به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌كه‌ی، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌ هه‌ولێر، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا و ئەندرو بیزلی، کونسوڵی گشتیی بریتانیا لە هەرێم کۆبوەوەو له‌ كۆبونه‌وه‌كاندا باس لە دۆخی سیاسیی هەرێم و دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم کرا.

 لەمبارەیەوە، قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە ناکۆکییەکان و وەستانی دانوستانەکان، رایگەیاند"پێویستە دەرچەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەم چەقبەستوییە بدۆزرێتەوە و هەردو لایەنی پارتی و یەکێتی دەرگا بەڕوی قۆناغێکی نوێدا بکەنەوە، چونکە بەردەوامبونی ئەم دۆخە زیانی زیاتر بە پێگەی هەرێم و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانی هەرێم دەگەیەنێت."

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، "ئێمە دەمێکەیە وتومانە بەغدا قوڵایی ستراتیژمانە و دەبێت وەک کورد لەوێ ئامادەییەکی بەهێزترمان هەبێت."

جێگری سه‌رۆك وه‌زیران جەختیشی کردەوە "دەستبەکاربونی حکومەتی نوێ لە بەغدا دەرفەتێکی باشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسە جیاوازەکان، بەڵام بۆ ئەمەش پێویستە لایەنە کوردستانییەکان پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بن."

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، لە هەردو کۆبونەوەکەدا سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی ناوچەکەش ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا. لەم چوارچێوەیەشدا جێگری سەرۆکوەزیران بە ئاماژەدان بەو پێشکەوتنانەی لە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا هاتوەتە ئاراوە، هیوای خواست دانوستانەکان بە ئەنجامێکی باش بگات و ئاشتی و سەقامگیری لێبكه‌وێته‌وه‌ بۆ ناوچەکە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×