کێشە بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست بووە
  2026-05-26       312       

بەهۆی بڕینی بەشێکی بەرچاو لە پشکە بودجەی تەرخانکراو لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە، ئەو پارەیەی بۆ موچەی مانگی ئایاری موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نێردراوە توشی کورتهێنانێکی گەورە بووە. ئەم پێشهاتە نوێیە پێدەچێت ببێتە هۆی دواکەوتنی پرۆسەی دابەشکردنی موچە کە پێشتر بەڵێنی لەسەر درابوو، چونکە پێویست دەکات حکومەتی هەرێم لە داهاتی ناوخۆ ئەو بۆشاییە داراییە پڕبکاتەوە.

ئاوێنە: ​رۆژی دووشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی ٨٩٠ ملیار دیناری خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەم بڕە پارەیە ٧٩ ملیار دینار کورتهێنانی تێدایە بۆ پڕکردنەوەی تەواوی موچەی مانگی پێنج.

​بەپێی نوسراوێکی فەرمی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەوان بڕی ٥٠ ملیار دیناریان وەک داهاتی نانەوتی بۆ مانگی پێنج رادەستی بەغدا کردووە. لە بەرامبەر ئەمەدا، بەغدا کۆمەڵێک بڕینی لەو پارەیەدا کردووە کە ناردویەتی:

- ​بڕینی ٧٠ ملیار دینار لە پارەی موچە بەهۆی تەواونەناردنی داهاتی ناوخۆ.

- ​بڕینی ٩ ملیار دیناری دیکە وەک مقاسەی خانەنشینی.

- ​کۆی گشتیی پارە بڕدراوەکە دەگاتە ٧٩ ملیار دینار.

​لە لێدوانێکدا لەسەر ئەم پرسە، عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست، ئاشکرای دەکات کە هۆکاری سەرەکی ئەم بڕینە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لەبری ١٢٠ ملیار دینار، تەنها ٥٠ ملیاری رادەستی بەغدا کردووە.

​ناوبراو ئاماژەی بەوەشداوە کە حکومەتی عێراق پێداگرە لەسەر وەرگرتنی تەواوی ١٢٠ ملیار دینارەکە و رەتیدەکاتەوە بڕێکی کەمتر وەربگرێت، چونکە ئەمە بڕیارێکی فەرمیی حکومەتە و بەتەواوی پشت بەو رێککەوتنە دەبەستێت کە لە نێوان هەولێر و بەغدا لە سەردەمی سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سودانی واژۆ کراوە.

​سەبارەت بە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و دەستپێکردنی پرۆسەی دابەشکردنی موچە، عەلی حەمەساڵح روونیکردووەتەوە کە دەبێت هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی ئەو کورتهێنانە (٧٩ ملیار دینارەکە) لە داهاتی ناوخۆیان پڕبکەنەوە بەم شێوازەی خوارەوە:

# ​٦٠٪ی پارەی کورتهێنانەکە پێویستە لەلایەن هەولێرەوە دابین بکرێت.

# ​٤٠٪ی پارەی کورتهێنانەکە پێویستە لەلایەن سلێمانییەوە دابین بکرێت.

​جێی باسە، وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا پشتڕاستی کردووەتەوە کە لەسەر بڕیاری وەزارەتەکەیان، بڕی ٥٠ ملیار دینارەکەی داهاتی نانەوتی بۆ مانگی ئایار بەشێوەی کاش (نەختینە) خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

​ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنە هەمەلایەنەدایە کە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراقدا هەیە، کە بەپێی رێککەوتنەکە، هەرێمی کوردستان مانگانە داهاتی نانەوتی رادەست دەکات و لە بەرامبەریشدا وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم رەوانە دەکات.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×