کۆماری ئیسلامی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکەدا جێبەجێ کرد، هاوکات ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری توند دەدەن لەوەی کە ژیانی شەش زیندانی سیاسی و خۆپیشاندەری دیکە لە مەترسییەکی جیدی دایە. لەم چوارچێوەیەدا، ئاژانسی فەرمی "میزان" و کەمپینی "سێشەمەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" نوێترین زانیاری و ئاماریان لەو بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە.
ئاوێنە: تاران سزای لەسێدارەدانی بۆ یەکێک لە سەرکردەکانی خۆپیشاندانەکان جێبەجێ کردووە و هاوکات چەندین دۆسیەی دیکەی هاوشێوە لە قۆناغی جێبەجێکردندان: لەسێدارەدانی غولامڕەزا خانی شەکراب: ئاژانسی هەواڵیی "میزان"ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕایگەیاندووە، کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدانی ناوبراو جێبەجێ کراوە. دەسەڵاتداران تۆمەتی پڵاندانان، ڕێکخستن و کۆکردنەوەی بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانیان خستووەتە پاڵ، بەڵام لە ڕاپۆرتە فەرمییەکاندا ئاماژە بە شوێنی جێبەجێکردنی سزاکە نەکراوە.
شەش زیندانی لەژێر مەترسی لەسێدارەداندا: کەمپینی "سێشەمەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" هۆشداری دەدات کە سزای سێدارەی چەندین زیندانی سیاسی دیکە دەرکراوە و هەر ساتێک گۆمانی جێبەجێکردنی دەکرێت، لەوانەش:
- مەنووچهر فەلاح (لە زیندانی لاکانی ڕەشت)
- رووحوڵا کەرەکی (لە زیندانی شیبانی ئەهواز)
- چوار خۆپیشاندەری شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" بە ناوەکانی: میلاد ئارمۆن، نەوید نەجاران، مەهدی ئیمانی، و محەمەدمەهدی حوسێنی.
کەمپینەکە لە ١٢٢ـەمین هەفتەی چالاکییەکانیدا، تیشکی خستووەتە سەر دۆخی نالەباری زیندانیان و چڕبوونەوەی سزاکان:
ئاماری دوو مانگی ڕابردوو: لانیکەم ٧٢ کەس لەسێدارەدراون کە بەشێکیان زیندانی سیاسی بوون. لەنێوویاندا دوو زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی ڕامین زەلە و کەریم مەعرووف پوور هەن.
سزادانی بەکۆمەڵی ژنانی زیندانی: لە بەشی ژنانی زیندانی ئەوین، بەهۆی دەربڕینی هاودەنگی لەگەڵ ئەم کەمپینە و وتنەوەی دروشمی ناڕەزایەتی، زیندانیان ڕووبەڕووی سزای بەکۆمەڵ بوونەتەوە و لە مافی پەیوەندی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنی خێزانی بێبەش کراون.
دربارەی کەمپینەکە: ئەم پێکهاتەیە لە ٩ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ وەک ناڕەزایەتییەک دژی لەسێدارەدانی دەستبەسەرکراوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دامەزراوە، کە تێیدا ئەندامانی کەمپینەکە هەموو ڕۆژانی سێشەمەیەک دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکەن.
داواکاری کەمپینەکە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی: کەمپینەکە داوا لە وڵاتانی ئەورووپا دەکات کە هەر جۆرە پەیوەندییەکی سیاسی لەگەڵ تاران، بپەستنەوە بە مەرجی ڕاگرتنی سێدارەکان. هەروەها داوا لە ڕێکخراوە جیهانییەکان دەکەن لە بەرامبەر ئەم کارەساتە مرۆییەدا بێدەنگ نەبن.
پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە ئێران لەسەر ئاستی ساڵانە گەیشتووەتە ڕێژەیەکی پێوانەیی، ئاماری ساڵانەی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران (تەنها لە ١٢ مانگی ڕابردوودا):
کۆیی گشتی لەسێدارەدراوان: لانیکەم ٢,٤٨٨ کەس.
ژمارەی ژنان لەنێو قوربانییەکاندا: ٦٣ ژن.
ژمارەی منداڵانی خوار ١٨ ساڵ: ٢ منداڵ.
لەسێدارەدانی ئاشکرا (لەبەرچاوی گشتیدا): ١٣ کەس.
سزای نوێی دەرکراوی سێدارە لەو ماوەیەدا: ١٣٠
چەکی "تۆمەتی ئەمنی" دژی نەیاران
چاودێرانی مافی مرۆڤ جەخت دەکەنەوە کە دەسەڵاتدارانی ئێران تۆمەتەکانی وەک "سیخوڕی" و "تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی" وەک چەکێکی سیاسی دژی نەیاران و هاووڵاتییانی مەدەنی بەکاردێنن. بە بڕوای چاودێران، ئامانجی سەرەکی لەم کارە، لادانی سەرنجی گشتی و ڕای گشتییە لەسەر ئەو قەیرانە قووڵە ناوخۆیی و دەرەکییانەی کە بەرۆکی وڵاتەکەی گرتووە.