بارزانی بۆ لایەنەکانی حکومەت: دوای جەژن كۆببنەوە و ئەو چەقبەستووییە چارەسەر بکەن
  2026-05-26       197       

سەرۆکی پارتیی دیموکراتی کوردستان وێڕای ئەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز کرد لە تەواوی موسڵمانانی هەرێم و عێراق، لەبارەی دانوستانیشەوە داوایکرد لەدوای جەژنەوە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم كۆببننەوە و ئەو "چەقبەستووییە سیاسییە چارەسەر بكەن".

 

ئاوێنە: مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی لە پەیامێکدا کە بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە دەڵێت "بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان، بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی موسڵمانانی كوردستان و عێراق و هەموو جیهان دەكەم. پیرۆزبایی تایبەتیش ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و سەرجەم هاوڵاتییانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم. لەو بۆنە پیرۆزەدا لە خودای گەورە داواكارم خێر و خۆشی و ئاسوودەیی بۆ هەموو خەڵكی كوردستان و جیهان بەدی بهێننێت".

هەروەها بارزانی وتوشیەتی "لەو ساتە هەستیار و چارەنووسسازەدا پەیامم بۆ لایەن و هێزە سیاسییەكانی كوردستان ئەوەیە كە هەموو لایەك بیر لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بكەنەوە و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان لەسەرووی ئامانج و بەرژەوەندیی بەرتەسك دابنێن و واز لەو ململانێیە بێ ئەنجامە و، ئەو خۆخۆرییە بێنن كە ماوەیەكە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم بەدەستیەوە دەناڵێنێت".

سەرۆکی پارتی پەیوەست بە پێکهێنانی حکومەت داوا دەکات، "لەدوای جەژنی پیرۆزی قوربان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بە دڵسۆزی و هەستی نیشتیمانپەروەرانەوە بەیەكەوە كۆببننەوە و ئەو چەقبەستووییە سیاسییە چارەسەر بكەن و كۆتایی بەم دۆخە نالەبارە سیاسییە بهێنن".

ئەوەش خراوەتە روو، "ئەمە ئەركێكی ویژدانی و نەتەوەیی و نیشتیمانییەو پێویستە هەموو لایەك بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن و بگەڕێنەوە سەر ڕێگەی ڕاست".

"هیوادارم ئەم جەژنە دەستپێكێك بێت بۆ باشتربوونی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و تێپەڕبوونی گرفتە سیاسییەكان و هەروەها بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكەمان و سەرانسەری جیهان. جەژنتان پیرۆز بێت و هەمیشە لە خۆشی و سەلامەتیدا بن". مسعود بارزانی وا دەڵی 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×