گەشتوگوزاری هەرێم: سەرجەم لیژنەکانمان بۆ پێشوازی گەشتیاران لە ئەرکدان
  2026-05-27       122       

دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کە سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران تەواو کراون و لە ئێستاوە لیژنەکانیشمان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران لە ئەرکدان.

ئاوێنە: لەگەڵ هاتنی جەژن و بۆنەکاندا، گەشتیاران ڕوو لە ناوچە گەرشتیارییەکانی هەرێم دەکەن، لەو چوارچێوەیەشدا دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم دڵنیایی بە گەشتیاران دەدات.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئامادەکاریی تەواو لەسەر ئاستی حکومەت و کەرتی تایبەت کراوە و چەندین لیژنە بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی جیاوازەوە پێکهێنراون.

ئەو وتەبێژە ئاماژەی بەوەش کرد، کە دەستەکەیان هەشت بەڕێوەبەرایەتی لە چوار پارێزگا و چوار ئیدارەی سەربەخۆی هەرێمی کوردستاندا هەیە، سەرجەم لیژنەکانیش بۆ پێشوازی لە گەشتیاران لە ئەرکدا دەبن.

وتیشی: لیژنەکان لە بازگەکاندا ئامادەییان دەبێت و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەوڵ دەدەن ئاسانکاریی تەواو بۆ هاتنەناوەوەی گەشتیاران بکەن، هاوکات بڕۆشەر، ڕێبەر و نەخشەی گەشتیاریی پێویستیان پێشکەش دەکرێت.

ئیبراهیم عەبدولمەجید ڕوونیشی کردەوە، لیژنەکان سەردانی سەنتەری شار و ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە بکەن، هه‌روه‌ها بەگوێرەی ڕێنماییەکانی گەشتوگوزار، هێڵێکی گەرم بۆ گەشتیاران لە ناوچە گەشتیارییەکاندا دابینکراوە، بۆ ئەوەی لە کاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا، پەیوەندی بە لایەنە بەرپرسەکانەوە بکەن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×