بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی فێنک لە دەریای ناوەڕاستەوە، پێشبینی دەکرێت لە سبەینێوە پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان بەڕێژەیەکی بەرچاو نزم ببنەوە و شەپۆلێکی تاوەباران و هەورەبروسکەش چەند ناوچەیەک بگرێتەوە.
ئاوێنە: ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، بەپێی نوێترین پێشبینییەکانی کەشوهەوا، وردەکارییەکانی گۆڕانکارییەکە بۆ ڕۆژانی داهاتوو بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:
کەشی سبەی هەینی (٢٩ی ئایاری ٢٠٢٦): ئاسمانی هەرێم بەزۆری دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور. لە کاتەکانی نێوان نیوەڕۆ بۆ ئێوارە، لە ناوچەکانی سنووری گەرمیان، پارێزگای سلێمانی، پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەگەری دروستبوونی هەورەبروسکە و بارینی نمەبارانێکی کەم هەیە. هاوکات بەراورد بە ئەمڕۆ پلەکانی گەرما ٨ بۆ ١٠ پلە دادەبەزن و بای باشووری ڕۆژئاوا بە خێرایی (١٥ بۆ ٣٠) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا چالاک دەبێت.
کەشی ڕۆژی شەممە (٣٠ی ئایاری ٢٠٢٦): ناجێگیری لە بەرگەهەوای ناوچەکەدا بەردەوامی دەبێت. لە نێوان نیوەڕۆ بۆ ئێوارەدا، لە ناوچەکانی سنووری ئیدارەی سۆران و بەگشتی ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک، هەولێر و ئیدارەی ڕاپەڕین، ئەگەری چالاکبوونی هەورەبروسکە و بارینی تاوەبارانی مامناوەند هەیە. شەپۆلەکە لە کاتی ئێوارەدا کۆتایی دێت و لەگەڵ بارینەکەشدا پلەکانی گەرما لەو ناوچانە نزمبوونەوەی زیاتر بەخۆیانەوە دەبینن.
ئاماژەی بەوەش کرد: پێشبینی دەکرێت کاریگەری ئەم بارستە هەوا فێنکە لەسەر ناوچەکانمان تاوەکو ڕۆژی دووشەممە (١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦) بەردەوام بێت. پاشان لە ڕۆژانی دواتردا، جارێکی دیکە پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەنەوە.