رێكخراوی مافی مرۆڤی ههنگاو بڵاویكردهوه، مەیسەم وەیسی و براکەی موجتەبا وەیسی لە چالاکانی ناسراوی كولتوری كوردی و لە دامەزرێنەرانی کتێبخانەی کوردیی دەرەدرێژ لە کرماشان و هەروەها لە شوێنکەوتوانی ئایینی یارسان کە پاش دوایین ناڕەزایەتییەکان بە نهێنی دەژیان، دوای گەمارۆدانی شوێنی ژیانیان لە یەکێک لە گوندەکانی شاری داڵاهۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران کوژران. چارەنوسی هاوڵاتییەکی دیکەش کە خاوەنی ماڵەکە بوە هێشتا نادیارە.
ئاوێنه: رێكخراوی مافی مرۆڤی ههنگاو، له راگهیهندراوێكدا وتی، کاتژمێر 4ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، پەناگە و ماڵی حەوانەوەی نهێنیی مەیسەم وەیسی و براکەی موجتەبا وەیسی لە گوندی "قەڵا کەوەش" سەر بە شاری داڵاهۆ لە پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە گەمارۆ درا و هێزە چەکدارەکان بەبێ هیچ جۆرە ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە لە چوار لاوە تەقەیان لەم ماڵە کرد و لە ئەنجامی ئەم دەستڕێژە ئامانجدارانەدا، مەیسەم و موجتەبا وەیسی دەستبەجێ گیانیان بەخت کرد.
رێكخراوهكه وتوشیهتی، هەروەها چارەنوسی یەکێک لە هاوڕێیانی ئەم دو برایە بە ناوی فەرشاد حاتەمیپور بەتەواوی نادیارە؛ تا ئەم ساتە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆخی تەندروستی، شوێنی بونی یان ئهگهری دەستبەسەرکردنی ناوبراو لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە لەبەردەستدا نییە و بنەماڵەکەی بێئاگان لێی.
وهك ههنگاو ئاماژهی پێداوه، مەیسەم و موجتەبا وەیسی لە کەسایەتییە ناسراو و جهماوهرییهكان، لە شوێنکەوتوانی ئایینی یارسان، لە دامەزرێنەرانی کتێبخانەی شارۆچکەی "دەرەدرێژ"ی کرماشان و لە ڕێکخەرانی سەرەکیی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی کوردی لەم ناوچەیەدا بون. موجتەبا وەیسی جگە لە چالاکییە مەدەنییەکان، لە وەرزشەوانە دیارەکان و خاوەن پلەی بەرز لە بواری زۆرانبازیدا لە پارێزگای کرماشان بو.
ئهوهشی خستۆتهڕو، ئەم دو برایە پێشتر چەندین جار بەهۆی چالاکییەکانی ناسنامەخوازی و ئایینی خۆیانەوە روبهڕوی سەرکوت بونەتەوە. موجتەبا وەیسی لە ١٥ی ڕەشەمەی ٢٧٢٤ لە کاتی ئامادەکارییەکانی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆزدا لە پارکی شیرینی کرماشان بە توندوتیژییەکی زۆر دەستبەسەر کرا و دوای تێپەڕاندنی ١٨ ڕۆژ و و گواستنەوە بۆ بەندیخانەی دێزڵئاوا، لە ٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥ بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابو.
ههنگاو هێمای بۆ ئهوهش كردوه، مەیسەم وەیسیش پێشینەی دەستبەسەرکردن و بەدواداچونی دادوەریی هەبو لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی ڕابردودا لە گەڕەکی یارساننشینی دەڕەدرێژ. ئەم دو برایە بەهۆی بەردەوامبون لەسەر چالاکییەکانیان، لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ئهم دواییهی ئێران و رۆژههڵاتی كوردستاندا، لەژێر گوشاری توندی ناوەندە ئەمنییەکاندا بون و بەهۆی مەترسییەکانی سهر گیانیان، ناچار بون بە نهێنی ژیان بکەن.
رێكخراوی ههنگاو جهختی كردۆتهوه كه سڕینەوەی فیزیکی و تەقەی ڕاستەوخۆ لە پەناگەی چالاکانی مەدەنی، هەڵسوکەوتی پێشینەدارە و لە چوارچێوەی سیاسەتی تیرۆرە مەیدانی و سیستەماتیکەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە بۆ سەرکوتی جیابیران و چالاکانی نەتەوەیی لە کوردستاندا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەگەڵ ئیدانەکردنی توندی کوشتنی دهوڵهتیانهی مەیسەم و موجتەبا وەیسی لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە رایگهیاندوه، ئەم کردەوەیە بە نمونەیەکی بەرچاوی لەسێدارەدانە نایاساییهكان و تاوانی دژی مرۆڤایەتی دەزانێت.
هەنگاو بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆی گیانلەدەستدانی ئەم دو برایەی خستۆته ئەستۆی فەرماندەیی سوپای پاسداران لە پارێزگای کرماشان و لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانیی قوڵ سەبارەت بە چارەنوسی فەرشاد حاتەمیپور، داوای کاردانەوەی بەپەلە و کاریگەری کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان و مای ساتۆ، ریپۆرتهری تایبەتی مافی مرۆڤی بۆ کاروباری ئێران، كردوه.