وتەبێژی پارتیی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، دوای جەژن بۆ پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت سەرۆکایەتی پەرلەمان لە رووی یاساییەوە کارەکانی ئەنجام دەدات.
ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی بە رۆژنامەنوسانی وت "بانگەوازی مەسعود بارزانی بۆ لایەنەکان روونە کە دووربکەونەوە لەو ساردیەی هەیە و کێشەکانی هەر لایەنێک لەگەڵ لایەنەکانی دیکە چارەسەر بکرێت".
لەبارەی دواین پێشهات بۆ کابینەی دەیەم، ناوبراو ئاشکرایکرد "دوای جەژن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ؛ سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەو هەوڵانەی کە پێویستە لەرووی یاساییەوە هەیە ئەنجامی بدات".
وتیشی "ئەو لیژنەیەی کە پێکهاتن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان تاوەکو ئێستا لەسەر کارەکانیان بەردەوامن و بەردەوامیشن لەکۆبوونەوە بۆ نەهێشتنی ئەو بەستەڵەکە".
دەربارەی پەیوەندی هەرێم و بەغدا بەچی گەیشتووە؟ مەحمود محەمەد هێما بۆ ئەوە دەکات، پەیوەندی هەرێم و بەغدا بەرەو پێشەوە چووە، هەروەها دەشڵیت "پێویستە بەغدا بێتە سەر هێڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی کە دروستبووە، لەئێستادا بەغدا ئەو بەڵێنانەی کە داویەتی جێبەجێی دەکات".