دەنگۆی کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی لە ئاستی باڵا بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ لەدوای جەژنەوە هاتووەتە ئاراوە و ئەندامێکی مەکتەب سیاسی یەکێتیش دەڵێت، دوای ئەو دەستپێشخەریانەی کە بۆ کابینەی دەیەم هەیە و وەڵامەکان ئەرێنین؛ ئومێدەوارە هەردوولا کۆببنەوە لەسەر دەستبەکاربوونی پەرلەمان.
ئاوێنە: سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەلێدوانێکدا بە ئاوێنەی راگەیاند "پێشنیارەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ ئەگەرەکان باشن، هیوادارین دوای ئەو دەستپێشخەریانەی هەیە و ئەو وەڵامە ئیداریانەی کە هەیە لەلایەن سەرۆکایەتی هەردوولاوە کە دراوە؛ بگاتە ئەنجام".
هەروەها پیرە وتیشی "ئەنجامەکان بگاتە کۆبوونەوە بۆ بە گەڕخستنی پەرلەمان و پاشان دروستبوونی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم".
"هەربۆیە ئێمە ئومێد دەکەین ئەو ئەگەرە بێتە دی کە هەردوولا دوای ئەو دەستپێشخەریانەی کە هەیە و وەڵامەکان ئەرێنین دابنیشین گفتوگۆ بکەین لەسەر دەستبەکاربوونی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەم". ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وای وت
ئەوەیش لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتیی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، دوای جەژن بۆ پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت؛ سەرۆکایەتی پەرلەمان لە رووی یاساییەوە کارەکانی ئەنجام دەدات.