لە ڕێوڕەسمێکی گەورە و بێوێنەی جەماوەریدا کە دەیان هەزار کەس تێیدا ئامادەبوون، تەرمی هەردوو چالاکوانی کورد (موجتەبا وەیسی و مەیسەم وەیسی) کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران گیانیان لەدەستدابوو، بەخاک سپێردران.
ئاوێنە: ئەو دوو برایە کە وەک دوو چالاکوانی دیاری ناوچەکە دەناسران، لە ڕێکەوتی ٢٨ی ئایاردا ڕووبەڕووی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بوونەوە و بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستدا. کوژرانی ئەم دوو برایە کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە و شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتی و خەمۆکی بەدوای خۆیدا هێنا.
دوێنێ، لە گەڕەکی مەهدییە (ناسراو بە دەرەدرێژ) لە شاری کرماشان، ئاپۆرایەکی گەورەی جەماوەری بۆ بەڕێکردنی تەرمەکانیان دروستبوو. دەیان هەزار کەس لە هاوڵاتییان بەشدارییان لە مەراسیمی بەخاکسپاردنەکەیاندا کرد و بە دروشم و خەمێکی قووڵەوە ماڵئاواییان لەو دوو گەنجە کرد.
وەک لەو گرتە ڤیدیۆیی و وێنانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا دیجیتاڵییەکاندا بڵاوکراونەتەوە دەردەکەوێت، کەشێکی پڕ لە ماتەمینی باڵی بەسەر مەراسیمەکەدا کێشابوو. بەشداربووان وەک هێمایەک بۆ پرسە و خەمی لەدەستدانیان، بە یەکدەنگی جلی ڕەشیان پۆشیبوو، هاوکات بە ژەنینی دەف و شین گێڕان، هەستی هاوسۆزی و تووڕەیی خۆیان بۆ گیانلەدەستدانی موجتەبا و مەیسەم دەربڕی.