لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ڕژێمی ئێران بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لەناو کۆمەڵگەدا، شەپۆلی دەرکردن و پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدان دژی خۆپیشاندەران و چالاکوانان چڕتر بووەتەوە. لە نوێترین پێشهاتدا، سزای لەسێدارەدانی دوو چالاکوانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەسەند کرا و هاوکات وەرزشوانێکیش لە شیراز هەمان سزای بەسەردا سەپێندرا.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافی مرۆڤی کۆڵبەرنیوز، سزای لەسێدارەدانی هەردوو چالاکوانی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، محەمەد فەرەجی و ڕەئووف مەعرووف، کە لە دەستبەسەرکراوانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"ن، لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە بە فەرمی پەسەند کرا. پاش تێپەڕاندنی چەندین قۆناغی ئاڵۆزی دادوەری، دۆسیەی ئەم دوو چالاکوانە بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکە، ڕەوانەی لقی جێبەجێکردنی سزاکان کراوە.
لەسەر ڕەوتی دادگاییکردنەکەیان ئاماژە بەوە دراوە کە پێشتر و لە دوو قۆناغی جیاوازدا، دادگاکانی شۆڕشی مەهاباد و میاندواو سزای مەرگیان بەسەر ئەم دوو زیندانییە سیاسییەدا سەپاندبوو. هەرچەندە لە سەرەتادا دادگای باڵای ئێران سزاکەی هەڵوەشاندەوە و دۆسیەکەی بۆ پێداچوونەوە ناردەوە بۆ دادگای میاندواو، بەڵام دادگای ناوبراو سوور بوو لەسەر بڕیارەکەی و دووبارە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکردنەوە، کە دواجار لەلایەن دادگای گشتییەوە بڕیارەکە جێگیر کرا و پەسەند کرا.
محەمەد فەرەجی و ڕەئووف مەعرووف لە ساڵی ٢٠٢٢ و لە گەرمەی سەرکوتکارییەکانی هێزەکانی ڕژێمی ئێران دژی خۆپیشاندەرانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، بەبێ هیچ مۆڵەت و فەرمانێکی یاسایی دەستبەسەر کران و ڕاستەوخۆ گواسترانەوە بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم دوو گەنجە کوردە لەپێناو ناچارکردنیان بە قبووڵکردنی ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان، ڕووبەڕووی توندترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بوونەتەوە. لە ماوەی ساڵی یەکەمی دەستبەسەرکردنیاندا بەتەواوی لە مافی هەبوونی پارێزەری سەربەخۆ بێبەش کراون. هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٣وە بۆ زیندانی بۆکان گواستراونەتەوە و لە ماوەی ئەم سێ ساڵەی زیندانیکردنیاندا هیچ جۆرە مافێکی ئازادکردنی کاتی یان ئازادبوون بە کەفالەتیان پێنەدراوە.
لە لایەکی دیکەوە، شەپۆلی سزاکان شارەکانی تری ئێرانیشی گرتووەتەوە؛ لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی شیراز سزای لەسێدارەدانی بەسەر گەنجێکی وەرزشوان بە ناوی بنیامین نەقدی سەپاند، کە یەکێکە لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی گەلانی ئێران. سەپاندنی ئەم سزایە قورسە لە کاتێکدایە کە هۆکاری دەستبەسەرکردنەکەی تەنیا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا و بە مەبەستی بەرگریکردن لە خۆی، کەپسولێکی ئاگرکوژێنەوەی بە ڕووی هێزە ئەمنییەکاندا بەکارهێناوە.
بنیامین نەقدی، پاڵەوانێکی ناسراو و سەرکەوتووی بوارەکانی کیک بۆکس و مویتایە. دوای دەستبەسەرکردنی، هاوشێوەی زیندانییانی دیکە لە مافە سەرەتاییەکانی وەک دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە و لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکاندا، ناچار کراوە لە تەلەفزیۆنەوە دانپێدانانی زۆرەملێ پێشکەش بکات.
