هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست ئاشکرا کرا
  2026-05-31       146       

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری لە هەولێر ئاماژە بەوە دەکات کە قۆناغی وردبینی بۆ لیستی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لەناو گەنجینەکاندا بە تەواوی کۆتایی هاتووە. بڕیارە لەدوای تەواوبوونی ئەم رێکارانە، ڕاستەوخۆ چەکی پارەیان بۆ بکرێت و بە خێرایی پرۆسەی دابەشکردنی مووچەکانیان دەستپێبکات.

ئاوێنە: ​لە لایەکی دیکەوە، سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی پرۆسەکە، کارۆخ عەبدوڵا، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست روونکردنەوە دەدات و رایدەگەیەنێت کە گرفتەکە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی کورتهێنانی پارە لە کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاردا. بە وتەی ناوبراو، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە داراییە و دابەشکردنی مووچە، بڕی نزیکەی ٨٠ ملیار دینار قەرز کراوە، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی خاوبوونەوە و دواکەوتنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست بووە.

​لە بارەی کاتی دیاریکراوی وەرگرتنی مووچەکانیشەوە، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست ئاماژەی بەوە کردووە کە پرۆسەی دابینکردنی پارەی پێویست بۆ بانکەکان کاتی دەوێت. لەبەر ئەم هۆکارە، پرۆسەی وەرگرتنی مووچەکان بەسەر دوو قۆناغدا دابەش دەبێت؛ بە جۆرێک لەم هەفتەیەدا بەشێک لە مامۆستایانی گرێبەست مووچەکانیان دەخرێتە سەر هەژمارەکانیان و وەریدەگرن، لە کاتێکدا بەشەکەی دیکەیان دەبێت چاوەڕێ بکەن تاوەکو هەفتەی داهاتوو بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×