لیژنە هاوبەشەکانی سەر بە قایمقامییەتی مەڵبەندی سلێمانی دڵنیایی تەواو دەدەنە دانیشتووانی شارەکە کە کێشەی کەمیی غازی شلی ماڵان بەتەواوی کۆتایی هاتووە و پرۆسەی دابەشکردن ئاسایی بووەتەوە، بە جۆرێک کە لەمەودوا هیچ جۆرە فۆڕمێک بۆ وەرگرتنی غاز پێویست نابێت.
ئاوێنە: لەم بارەیەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە (٣١ی ئایاری ٢٠٢٦)، عومەر عەبدوڵڵا، سەرۆکی لیژنەی غاز لە چوارچێوەی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی، لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "لە ئێستادا بڕێکی زۆر و پێویست لە غازی ماڵان لە بازاڕەکان و لای بریکارەکان بەردەست خراوە، بە جۆرێک هاوڵاتییان دەتوانن لە هەر کات و شوێنێک کە دەیانەوێت، بەبێ هیچ بەربەستێک بوتڵە بەتاڵەکانیان پڕبکەنەوە." ناوبراو ئەوەشی پشتڕاست کردەوە کە مەرجی پێشکەشکردنی کۆبۆنی خۆراک بۆ بەدەستهێنانی غاز بەتەواوی هەڵوەشاوەتەوە و ئاسانکاری تەواو کراوە.
سەبارەت بە نرخی فەرمی غازەکەش، سەرۆکی لیژنەی غاز روونکردنەوەی زیاتری دا و ئاماژەی بەوە کرد کە نرخی گۆڕینەوەی هەر بوتڵێک غاز بە ٨ هەزار و ٥٠٠ دینار جێگیر کراوە. لە هەمان کاتدا هۆشداری توندی دایە ئەو بریکارانەی (وەکیلەکان) کە سەرپێچی دەکەن و داوای لە هاوڵاتییان کرد هاوکار بن؛ ئاماژەی بەوەکرد: "لەکاتی هەستکردن بە هەر گرانفرۆشییەک یان وەرگرتنی بڕە پارەیەک زیاتر لەو نرخە دیاریکراوە، داوا لە هاوڵاتییان دەکەین دەستبەجێ لەڕێگەی ژمارە تەلەفۆنی سکاڵاوە (٠٧٧٠٨٦٧٧٧٧٧) پەیوەندیمان پێوە بکەن و سکاڵای خۆیان تۆمار بکەن، تاوەکو ئێمەش راستەوخۆ رێوشوێنی توندی یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران بگرینەبەر."