قوباد تاڵەبانی: بۆ پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی پێشوەختە ئامادەین
  2026-05-31       161       

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە نوێترین لێدوانیدا هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لەبارەی دۆخی سیاسی و چەقبەستوویی ئێستای هەرێم خستەڕوو. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە حزبەکەی هەم بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و هەم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئامادەیی تەواوی هەیە، هاوکات پێداگری لەسەر گرنگیی بنەمای هاوبەشی و پێکەوەکارکردن لە بەڕێوەبردندا کردەوە.

ئاوێنە: ​لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوە دا کە یەکێتی دەرگای کراوەیە و ئامادەیە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆببێتەوە بە مەبەستی تاوتوێکردن و گفتوگۆکردن لەسەر پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێ. قوباد تاڵەبانی ڕوونیکردەوە، هەر هەنگاو و بابەتێک کە هەرێمی کوردستان لەم دۆخە چەقبەستووە ڕزگار بکات، لای یەکێتی وەک چارەسەر سەیر دەکرێت، بەڵام ئاشکراشی کرد کە "ئاسانترین و خێراترین ڕێگە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، دانیشتن و ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتییە".

​سەبارەت بە هەردوو بژاردە سەرەکییەکەی بەردەم گۆڕەپانی سیاسی، قوباد تاڵەبانی زۆر بە ڕوونی هەڵوێستی حزبەکەی ڕاگەیاند و وتی: "ئێمە بە تەواوی لەگەڵ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانداین". لە هەمان کاتیشدا، بۆ ئەگەری گەیشتن بە بنبەست و پەنابردن بۆ سندوقەکانی دەنگدان، دووپاتیکردەوە کە بێ هیچ دوودڵییەک "بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەش ئامادەین".

​لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قوباد تاڵەبانی تیشکی خستە سەر ناوەڕۆکی کێشەکان و ئەوەی خستەڕوو کە گرفتە سەرەکییەکە تەنها بریتی نییە لە دیاریکردنی کاتێک بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە، بەڵکو خاڵی جەوهەری ئەوەیە کە دەبێت سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بەو تێگەیشتنە بگەن کە ئەم حکومەتەی بڕیارە پێکبێت، پێویستییەکی زۆری بە "هاوبەشیی ڕاستەقینە، پێکەوەکارکردن و گیانی پێکەوەژیان" هەیە.

​لە کۆتایی قسەکانیدا و سەبارەت بە هەوڵەکانی نێوەندگیری بۆ لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند کە یەکێتی بە ڕێزێکی زۆرەوە دەڕوانێتە دەستپێشخەرییەکەی مامۆستا سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان. هەروەها دووپاتیشی کردەوە، هەرکاتێک کاتێک دیاری بکرێت بۆ دانیشتن و کۆبوونەوە، حزبەکەی بەوپەڕی ئامادەییەوە بەدەم بانگەوازەکەوە دەچێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×