ئەمڕۆ ٣١ی ئایار، جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، کەمپینێکی جیهانیی بەرفراوانی ١٠ ڕۆژە لە چوارپارچەی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا و سەرتاسەری جیهان، بۆ پشتیوانی لە یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) ڕاگەیەندرا. ئەم کەمپینە کە لەم ١٠ ڕۆژەدا بە چالاکیی جۆراوجۆری مەدەنی، میدیایی، نوسین و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ بەڕێوەدەچێت، تەنها یادکردنەوەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو ئامانج لێی بەرزڕاگرتنی پێگەی مێژویی ئەو هێزە ئەفسانەییەیە کە وەک دەزگایەکی سەربازیی پێشەنگ لەلایەن ژنانی ڕۆژئاواوە بونیادنرا و گەورەترین مۆتەکەی تیرۆری سەدەی بیست و یەکی (داعش) تێکشکاند.
ئاوێنە: لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٥، لەو کاتەی تەواوی جیهان بە نیگەرانییەوە چاوەڕێی کەوتنی شاری کۆبانێ بوو، شەڕڤانانی یەپەژە بە فەرماندەیی هەریەک لە مەحمود ڕەش و ئارین میرکان، بەرگرییەکی بێوێنە و شەڕی کۆڵان بە کۆڵانیان تۆمارکرد. داستانی کۆبانێ بووە خاڵی وەرچەرخانێکی مێژویی، کە تێیدا یەکەمین شکستی گەورە و ستراتیژیی چەکدارانی داعش لەسەر دەستی ئەم ژنانە نوسرایەوە.
ڕۆڵی یەپەژە تەنها لە کۆبانێدا کۆتایی نەهات، بەڵکو لە ساڵی ٢٠١٧دا وەک هێزێکی سەرەکی و کاریگەر لە ناو هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)دا، بەشدارییان لە ڕزگارکردنی شاری ڕەققە کرد کە بە "پایتەختی خەلافەت"ـی داعش دادەنرا. جێگەی شانازییە کە فەرماندەیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن ژنە فەرماندەی یەپەژە (ڕۆژدا فەڵات)ەوە سەرکردایەتی دەکرا و بە یەکجاری کۆتاییان بە حوکمی ڕەشی داعش لەو شارەدا هێنا. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٩ و لە دوایین جەنگی جوگرافی دژی داعش لە دێرەزور و باغۆز، کچانی یەپەژە لە هێڵی پێشەوەی هێرشەکاندا بوون و دواجار ئاڵای سەرکەوتنیان بەسەر دوایین مۆڵگەی تیرۆریستاندا شەکاندەوە.
لە پەنای سەرکەوتنە سەربازییەکاندا، یەپەژە لە ڕووی دەروونییەوە داعشی بەتەواوی داڕماند. باوەڕی چەکدارانی داعش وابوو کە ئەگەر لەسەر دەستی "ژن" بکوژرێن ناچنە بەهەشتەوە، ئەمەش وایکردبوو کە تەنها بیستنی دەنگی کچانی یەپەژە لە ئامێرە بێتەلەکانەوە، ترس و تۆقین بخاتە دڵی چەکدارەکانەوە. لە لایەکی دیکەوە، لە کاتی کارەساتە دڵتەزێنەکەی ساڵی ٢٠١٤ی شنگالدا، شەڕڤانانی یەپەژە ڕۆڵێکی فریادڕەسیان گێڕا؛ ئەوان لە ڕیزی پێشەوەی ئەو هێزانە بوون کە ڕێڕەوێکی ئارامی مرۆییان کردەوە و هەزاران ژن و منداڵی ئێزدییان لە چنگ و دڕندایەتی داعش ڕزگارکرد.
کاریگەرییەکانی یەپەژە سنوورە سەربازییەکانی تێپەڕاندووە؛ ئەوان توانییان تێڕوانینی باو و نەریتیی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرامبەر بە تواناکانی ژن بەتەواوی بگۆڕن و پێگەی ژن لە "قوربانی"یەوە بەرزبکەنەوە بۆ "پارێزەر و بڕیاردەر". ئەمڕۆ مۆدێلی هاوسەرۆکایەتی و سیستەمی بەرگریی یەپەژە، وەک نمونەیەکی سەرکەوتووی ڕزگاریخوازیی ژن، بووەتە بابەتێکی سەرەکی لە توێژینەوە ئەکادیمی و فێمینیستییەکانی سەرتاسەری جیهاندا.
لەم کەمپینە جیهانییەدا، سەرتاسەری دنیا سڵاو و پێزانینی خۆی بۆ ئەو هێزە دەنێرێت کە بە خەباتی خۆیان سەلماندیان، ژن دەتوانێت ببێتە قەڵایەکی پۆڵاین بۆ بەرگرییکردن لە کەرامەتی مرۆڤایەتی.