هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزبوونی دۆخی ناوچەکە و سەرهەڵدانی ململانێ و جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵمەتەکانی ڕەشبگیری، دەستبەسەرکردن و سەپاندنی سزای قورسی بەسەر هاووڵاتییانی کورددا چڕتر کردووەتەوە. لە تازەترین پێشهاتیشدا، دەزگای دادی ئێران سزای زیندانیکردنی بۆ ماوەی نزیکەی دە ساڵ بەسەر سێ گەنجی کورددا سەپاند.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە هەواڵییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بڵاوکراونەتەوە، ئەم سێ گەنجە خەڵکی شاری "دەرەشەهر"ی سەر بە پارێزگای ئیلامن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی شاری کەرەجن. گەنجەکان کە ناویان (محەمەد ئەمین شەمسی، ئەمیر ئیمرایی و کامیار ئیمرایی)یە، لە کاتی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئەم دواییەی گەلانی ئێراندا دەستبەسەر کراون. دوای دادگاییکردنیان، سزای سێ ساڵ و یەک مانگ زیندانیکردن بۆ هەر یەکێکیان بڕاوەتەوە، کە بەکۆی گشتی دەکاتە نۆ ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردن.
لە بارەی شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دەستبەسەرکراوانە، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا ڕووبەڕووی پێشێلکاریی توند بوونەتەوە. ئەو سێ گەنجە لەلایەن پاسەوانەکانی زیندانی قزلحەساری شاری کەرەجەوە چەندین جار ئەشکەنجە دراون. هەروەها بە مەبەستی لێکۆڵینەوە، بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە شوێنێکی نادیار و لە ژووری تاکەکەسیدا هێڵراونەتەوە، و لە تەواوی قۆناغەکانی دەستبەسەرکردن و لێپرسینەوەکانیاندا، مافی بینینی پارێزەر و چاوپێکەوتنی خانەوادەکانیان لێ زەوت کراوە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام هۆشداریی توند دەدەن لە بارەی پەرەسەندنی شەپۆلی سەرکوتکارییەکان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە. سەرەڕای ئەوەی ئەو ڕێکخراوانە داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی ئەم پێشێلکارییانە و کۆتاییهێنان بە سەرکوتکارییەکان دەکەن، بەڵام بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی حکومەتی ئێران بێباکانە پێداگری لەسەر درێژەدان بە هەڵمەتی سەرکوتکردن و سزادانی هاووڵاتییان دەکەن.