وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نوێترین ڕاگەیەندراویدا ئاشکرای کرد، ئەو بڕە پارەیەی وەک هاوکاریی مانگانە لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە تەرخان کراوە، بە فەرمی خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان و لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا دەست بە پرۆسەی دابەشکردنی دەکرێت.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەو هاوکارییە داراییەی کە ئێستا لەبەردەستدایە، تایبەتە بە شایستە داراییەکانی مانگی نیسان (مانگی ٤). لە ئێستاشدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە و بەرنامەکان، کە نوێنەرایەتیی ژمێریاریی سەربازی دەکات، سەرقاڵی جێبەجێکردن و تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارە دارایی و کارگێڕییەکانە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەبێ کێشە بەڕێوە بچێت. بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، هاوکارییەکە بەسەر هێزەکانی پێشمەرگەدا دابەش بکرێت.
سەبارەت بە میکانیزم و شێوازی وەرگرتنی پارەکە، وەزارەتەکە ڕوونی کردووەتەوە کە گۆڕانکاریی بەرچاو لە سیستەمی پێدانی شایستەکاندا کراوە. لە ئێستادا زۆرینەی ڕەهای ئەفسەران، پلەداران و پێشمەرگەکان لە ڕێگەی پڕۆژەی بانکیی "هەژماری من"ـەوە هاوکارییەکانیان وەردەگرن، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بەدیجیتاڵکردنی مووچە. هەروەها ئەو بەشەی تریش کە هێشتا پرۆسەی دروستکردنی هەژماریان بۆ تەواو نەبووە، لە ڕێگەی سیستەمی بانکیی ئاساییەوە پشکەکانیان پێدەدرێت.
جێی بیرهێنانەوەیە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بۆ شەڕی دژی داعش، کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە سەرۆکایەتی دەکرێت، هەر لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە وەک پاڵپشتییەک بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بودجەیەکی تایبەتی پێشکەش بە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.
لە ڕابردوودا و بەتایبەت لە سەردەمی سەرهەڵدانی قەیرانی داراییدا، ئەم بڕە پارەیە وەک مووچەی بنەڕەتی دەدرایە لیوا هاوبەشەکان، بەڵام لە قۆناغی ئێستادا شێوازەکەی گۆڕاوە بۆ هاوکارییەکی مانگانە و تەنها ئەو هێز و لیوایانە دەگرێتەوە کە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا یەکیان گرتووە و ڕێکخراونەتەوە.