بافڵ تاڵه‌بانی: بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە نوێیانە دەکەین کە کراونەتە سەر هەرێم
  2026-06-01       209       

بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتی، له‌ ساڵیادی دامه‌زراندنی حزبه‌كه‌یاندا رایده‌گه‌یه‌نێت، بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە نوێیانە دەکەن کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان. ده‌شڵێت، لە هەنگاوەکانی داهاتوماندا، یەکڕیزیی عێراق و گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان وەک دو کۆڵەکەی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی وڵاتەکەمان دەمێننەوە.

ئاوێنه‌: بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتی، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌، په‌یامێكی به‌ بۆنه‌ی ساڵیادی دامەزراندنی حزبه‌كه‌یانه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌.

سه‌رۆكی یه‌كێتی وتویه‌تی"لەم دۆخە سەختە ئابوری و ناسەقامگیرییە هەرێمییەی کە خەڵکەکەمانی تێدایە، ئەوە دوپات دەکەینەوە کە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی خۆماندا هاوپشت و هاوسەنگەرین."

هه‌روه‌ها وتوشیه‌تی"لە هەنگاوەکانی داهاتوماندا، یەکڕیزیی عێراق و گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان وەک دو کۆڵەکەی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی وڵاتەکەمان دەمێننەوە. لەپێناو ئەمەشدا، لەگەڵ هاوپەیمان و دۆستەکانمان لە عیراق و سەرانسەری جیهان هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە."

بافڵ تاڵه‌بانی جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌ "بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە نوێیانە دەکەین کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان. کردەوەی لەم جۆرە هەڕەشە لە سەلامەتی و سەقامگیریی خەڵکەکەمان دەکات و هەوڵەکان بۆ بونیادنانی داهاتویەکی ئارام و خۆشگوزەران بۆ هەمو عیراقییەکان تێکدەدەن."

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌ "بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیرییەکی بەردەوام، دەبێت بەجددی کار بکەین بۆ چاککردنەوە و بونیادنانی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، لە هەمان کاتدا دڵنیاببینەوە لەوەی کە عیراق بە سەربەخۆیی و سەروەریی خۆیەوە دەمێنێتەوە."

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، لەم دۆخە سەختە ئابوری و ناسەقامگیرییە هەرێمییەی کە خەڵکەکەمانی تێدایە، ئەوە دوپات دەکەینەوە کە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی خۆماندا هاوپشت و هاوسەنگەرین.

دەمەوێت لە ناخی دڵمەوە سوپاسی کۆمەڵانی خەڵکی خۆمان بکەم بۆ ئارامگرتن و خۆڕاگرییان و دڵنیایان دەکەینەوە کە لەسەر هەوڵە بێوچانەکانمان بەردەوام دەبین بۆ خزمەتکردن و پاراستنیان. لە هەنگاوەکانی داهاتوماندا، یەکڕیزیی عێراق و گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان وەک دو کۆڵەکەی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی وڵاتەکەمان دەمێننەوە. لەپێناو ئەمەشدا، لەگەڵ هاوپەیمان و دۆستەکانمان لە عێراق و سەرانسەری جیهان هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە.

هەروەها بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە نوێیانە دەکەین کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان. کردەوەی لەم جۆرە هەڕەشە لە سەلامەتی و سەقامگیریی خەڵکەکەمان دەکات و هەوڵەکان بۆ بونیادنانی داهاتویەکی ئارام و خۆشگوزەران بۆ هەمو عێراقییەکان تێکدەدەن.

لەم یادەدا، رێز لە میراتی بەردەوامی سەرۆک جەلال تاڵەبانی دەگرین، کە دیدگای بۆ پێکەوەژیان، دیالۆگ، دیموکراسی و هاوبەشیی نیشتمانی بەردەوام رێنیشاندەری رێگەکەمانە.

بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیرییەکی بەردەوام، دەبێت بە جددی کار بکەین بۆ چاککردنەوە و بونیادنانی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، لە هەمان کاتدا دڵنیاببینەوە لەوەی کە عێراق بە سەربەخۆیی و سەروەریی خۆیەوە دەمێنێتەوە.

لە کۆتاییدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڵێنە نەگۆڕەکەی دوپات دەکاتەوە، بۆ خەباتکردن لەپێناو تەواوی مافەکانی گەلی کورد لە هەمو شوێنێک، شانبەشانی خوشک و برا سەربەرزەکانمان لە عیراق.

هەر شاد و سەرکەوتوبن

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×