بەغداد بڕیاریداوە ٤٠٠ هەزار تۆن گەنمی هەرێم وەربگرێت
  2026-06-02       103       

حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەم وەرزەدا بڕیارێکی دەرکردووە کە کاریگەریی لەسەر جوتیارانی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەویش دیاریکردنی وەرگرتنی تەنها ٤٠٠ هەزار تۆن گەنمە لەمساڵدا. ئەمە لە کاتێکدایە کە ژێرخانی سایلۆکانی هەرێم توانای لەخۆگرتنی نزیکەی دوو هێندەی ئەو بڕەیان هەیە، و هاوکات کێشەی نەدانی شایستە داراییەکانی ساڵی ڕابردووی جوتیارانیش بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.

ئاوێنە: ​لە لێدوانێکی تایبەتدا سەبارەت بە قەیرانی کۆگاکردن و پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زانیاریی وردی خستەڕوو. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان خاوەنی ١١ سایلۆ و دوو بنکەی سەرەکیی هەڵگرتنی گەنمە، کە پێکەوە کۆی توانای کۆگاکردنیان دەگاتە ٩٨٠ هەزار تۆن. سەرەڕای ئەم فراوانییە لە توانای کۆگاکردندا، بەغداد سوورە لەسەر وەرگرتنی تەنها ٤٠٠ هەزار تۆن.

​سەبارەت بەو قەیرانە داراییەی کە لە ساڵی ڕابردووەوە بەرۆکی جوتیارانی گرتووە، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئامارێکی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند؛ حکومەتی عێراق تا ئێستا بڕی ١٨٣ ملیار و ٢٠٥ ملیۆن دیناری وەک قەرزی گەنمی ساڵی ڕابردووی جوتیارانی هەرێم لایە و تا ئێستا ئەو پارەیەی خەرج نەکردووە.

​لە چوارچێوەی ئەو قەرزە کەڵەکەبووانەشدا، بڕێکی زۆری پارەکە تایبەتە بە جوتیارانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، کە بڕی ٧١ ملیار و ٢٠٥ ملیۆن دینار لەو شایستە داراییانە، مافی ڕەوای جوتیارانی ئەو سنوورانەیە.

​وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان و ساغکردنەوەی بەرهەمی جوتیاران، نەوزاد شێخ کامیل ئەوەشی ڕوونکردەوە کە کەرتی تایبەت هاتۆتە سەر خەت. لە ئێستادا بڕیار دراوە هەریەک لە کۆمپانیای (خۆشناو) لە پارێزگای هەولێر و کۆمپانیای (قەیوان) لە پارێزگای سلێمانی، وەک پاڵپشتییەک بەشێک لە بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران وەربگرنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×