بەمەبەستی پاراستنی سروشت و سیمای گەشتیاریی ناوچەکە و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە شێواندن و ئاگرکەوتنەوەیەک، بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی دارستانی سلێمانی زنجیرەیەک ڕێکاری نوێ و توندی بۆ سەردانیکەرانی چیای گۆیژە و ئەزمەڕ ڕاگەیاند. ئەم بڕیارانە ڕاستەوخۆ کار دەکەن لەسەر ڕێکخستنەوەی کاتی مانەوەی گەشتیاران و دیاریکردنی بەرپرسیارێتیی خاوەن کارەکان لەپێناو دوورخستنەوەی مەترسییەکانی وەرزی گەرما.
ئاوێنە: ئاوارە ئەحمەد، بەڕێوەبەری پاراستنی دارستان و پاوانی سلێمانی لە کەناڵ 8ی ڕایگەیاند: لەپێناو پاراستنی چیاکە لە مەترسیی سووتان و شێواندنی دارستانە سروشتییەکان، بڕیاری پێکهێنان و کاراکردنەوەی لیژنەی فریاگوزاری دراوە.
ئەرکی سەرەکیی ئەم لیژنەیە بریتی دەبێت لە جێگیربوون لەسەر چیاکە بە درێژایی کاتەکانی شەو، تاوەکو لە کاتی ڕوودانی هەر ئاگرکەوتنەوەیەکی لەناکاو و نەخوازراودا، لەوپەڕی ئامادەباشیدا بن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خێرا و ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی.
بەشێکی تری ڕێکارە نوێیەکان تایبەتە بە لایەنی بازرگانی و ئەو پرۆژانەی لەسەر چیاکە کار دەکەن. بەڕێوەبەری پاراستنی دارستانی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، تەواوی خاوەن شوێنکار و کافترییاکانی سەر چیاکە بە فەرمی ئاگادارکراونەتەوە کە پێویستە بە زووترین کات سنووری شوێنەکانیان لە پوش، پاوان و گیاوگۆڵی وشک پاکبکەنەوە.
هاوکات، جەخت لەوە کراوەتەوە کە لەمەودوا بەرپرسیارێتیی یاسایی هەر ئاگرکەوتنەوەیەک لە دەوروبەری ئەو شوێنانە، ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ئەستۆی خاوەن شوێنکارەکان خۆیان، ئەمەش وەک هەنگاوێکی توند بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری کەمتەرخەمی لە وەرزی هاویندا.
یەکێک لە دیارترین و گرنگترین بڕیارەکان کە ڕاستەوخۆ پێوەندیی بە هاونیشتمانیانەوە هەیە، سنووردارکردنی کاتی مانەوەی گەشتیارانە لەسەر چیای گۆیژە و ئەزمەڕ.
بەپێی ڕێنماییە نوێیەکە، لە کاتژمێر 11ـی شەو بەدواوە ڕێگە بە هیچ گەشتیار و سەردانیکەرێک نادرێت لەسەر چیاکە بمێنێتەوە. ئەم هەنگاوە وەک گەرەنتییەک بۆ پاراستنی ئاسایشی ژینگەیی و ڕێگریکردن لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو نراوە کە ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە سروشتی جوانی ناوچەکە.