وەزارەتی دارایی هەرێم لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەنگاوەکانی گواستنەوەی پڕۆژەکە بۆسەر وەزارەتەکە کرا و لە ئێستادا بەچەند قۆناغێک دەستی پێکردووە.
ئاوێنە: وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە پێگەی فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ( ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ )، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتۆگۆ لەسەر دواین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی هەژماری من کراو جەخت لەسەر خێراترکردنی پڕۆسەی تۆمارکردنی سەرجەم مووچەخۆران لە نزیکترین کاتدا کرایەوە.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکە باس لە هەنگاوەکانی گواستنەوەی پڕۆژەکە بۆ سەر وەزارەتی دارایی کرا کە لە ئێستادا بەچەند قۆناغێک دەستی پێکردووەو بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا بەتەواوی پرۆژەکە ڕادەستی وەزارەتی دارایی بکرێت.
هاوکات لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکە بە داتاو زانیاری دوواین هەنگاوەکانی پڕۆژەی هەژماری من خرایەڕوو، بەجۆرێک تائێستا ١،١٦٨،٠٠٠ هەزار فەرمانبەرو مووچەخۆر تۆمار کراون و زیاتر لە ٨٣٠،٠٠٠ هەزار کارتی بانکی دابەش کراوەو بۆ مووچەی مانگی ئایاریش ٨٠٠،٠٠٠ هەزار کەس لە ڕێگەی ٦٣٥ ئامێری ڕاکێشانی پارە ( ATM ) ەوە مووچەیان وەرگرتووە.
ئەوەش هاتووە "لەئێستادا پڕۆسەی تۆماکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لەسەر داهات و پەرەپێدان و میالاکات دەستی پێکردووەو نزیکەی ٥٠ هەزار مووچەخۆر ماون کە خۆیان تۆمار بکەن کە بەشی زۆریان میراتگری خانەنشینن و بەشێکیشیان دانیشتووی دەرەوەی کوردستانن".