تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شەپۆلێکی گەورەی لە خەمباری و تووڕەییان بەخۆوە بینی، دوای ئەوەی دەستەی نیشتمانیی بێسەروشوێنکراوان لە سووریا هەواڵێکی جەرگبڕی ڕاگەیاند. دەستەکە پشتڕاستی کردەوە کە هەر شەش منداڵەکەی پزیشکی کورد، "ڕانیا عەباس"، کە بۆ چەندین ساڵە بێسەروشوێن بوون، گیانیان لەدەستداوە و کوژراون.
ئاوێنە: دکتۆر ڕانیا، کە خەڵکی گەڕەکی دێرینی "روکنەدین" بوو لە شاری دیمەشق، تەنیا پزیشکێکی ددان نەبوو، بەڵکو وەک وەرزشوانێکی دیار و یاریزانێکی لێهاتووی شەترەنج، نوێنەرایەتی سووریای لە پاڵەوانێتییە عەرەبییەکاندا کردبوو. ئەو لە دڵی پایتەختی سووریادا وەک هێمایەکی درەوشاوەی ناسنامەی کوردی سەیر دەکرا و جێگەی ڕێزێکی زۆری کۆمەڵگاکەی بوو.
سەرەتای ئەم چیرۆکە تراژیدییە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٣، کاتێک دکتۆر ڕانیا بەهۆی هەستی مرۆڤدۆستی و هەڵوێستە نیشتمانییەکانییەوە، باوەشی بۆ ئاوارەکانی شاری حومس کردەوە و لە نەخۆشخانەکەی خۆی لە گەڕەکی "دومەر" داڵدەی دان. هەر بەهۆی ئەم کارە مرۆییەوە، خۆی و هەر شەش منداڵەکەی دەستگیرکران و لەو ساتەوە چارەنووسیان چووە تاریکییەوە.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا و لە دەرەنجامی لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیرکراواندا، بەڵگەی یەکلاکەرەوە و حاشاهەڵنەگر دەستکەوتوون کە دەریدەخەن ئەو شەش منداڵە بێتاوانە لەلایەن میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕژێمی پێشووی بەشار ئەسەدەوە کۆتایی بە ژیانیان هێنراوە. لەم بارەیەوە، حەسەن عەباس، خاڵی منداڵەکان، بە دڵێکی پڕ لە حەسرەت و ئازارەوە بە تۆڕی هەواڵی بی بی سی ڕاگەیاندووە کە بینینی گرتە ڤیدیۆییەکان و پشتڕاستکردنەوەی مەرگی خوشکەزاکانی، ئەو تاقە هیوایەی کوشت کە خێزانەکەیان بۆ گەڕانەوەیان هەیبوو.
لەلایەکی دیکەوە، عەمار عیسا، بەرپرسی بەڵگەنامە و لێکۆڵینەوە لە دەستەی نیشتمانیی بێسەروشوێنکراوان، هێما بۆ ئەوە دەکات کە دۆسیەکە لێرەدا دانەخراوە. بەپێی وتەکانی ئەو، تیمی تایبەتمەند دەستیان بە قۆناغێکی نوێی گەڕان کردووە بۆ دۆزینەوەی ڕووفاتی قوربانییەکان، هەروەها سەرقاڵی وەرگرتنی پشکنینی (DNA)ن تاوەکو بە شێوەیەکی زانستی و کۆتایی ناسنامەی منداڵەکان یەکلایی بکرێتەوە و ڕادەستیان بکرێتەوە.
سەرەڕای ئاشکرابوونی چارەنووسی منداڵەکان، هێشتا چارەنووسی خودی دکتۆر ڕانیا عەباس و دکتۆر عەبدولڕەحمان یاسینی هاوسەری لە تەمومژدایە و بە نادیاری ماوەتەوە. ئەمەش وایکردووە چیرۆکی ئەم خێزانە وەک یەکێک لە تاریکترین و تراژیدیترین دۆسیە مرۆییەکانی مێژووی هاوچەرخی سووریا لە یادەوەرییەکاندا بە کراوەیی بمێنێتەوە.