هەپەگە لەبارەی شەهیدبوونی گەریلایەکیان هۆشداری توند دەداتە ئێران
  2026-06-03       302       

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە ڕاگەیاندراوێکدا بە فەرمی ناسنامەی شەهیدێکی ئاشکرا کرد، کە لە ئەنجامی بۆسە و هێرشێکی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا گیانی لەدەستداوە. هەپەگە لەم ڕووداوەدا هۆشداری توند دەداتە بەرپرسانی ئێران لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم جۆرە ڕەفتارانە.

ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگە، ڕووداوەکە لە شەوی ٢٩ لەسەر ٣٠ـی ئایاری ٢٠٢٦ ڕوویداوە. لەو شەوەدا گرووپێک لە گەریلاکانیان لە کاتی گۆڕینی شوێنی خۆیان و لە کاتی پەڕینەوە لە ڕووبارێکی نزیک گوندی (زێڤێ)ی سەر بە ناوچەی (قەلەنی)، دەکەونە بۆسەیەکی داڕێژراوی هێزەکانی ئێرانەوە.

هێزەکانی ئێران بە چەک هێرش دەکەنە سەر گرووپی گەریلاکان و لە ئەنجامدا شەڕ و پێکدادان ڕوودەدات. لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا گەریلایەک بەناوی (حەقی قەرار) شەهید دەبێت و لە بەرامبەریشدا دوو سەربازی هێزەکانی ئێران بریندار دەبن.

هەپەگە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەم بۆسەیە بە شێوازێکی "خیانەتکارانە" دژی گرووپێک دانراوە کە هیچ زیانێکیان بۆ کەس نەبووە. هاوکات نیگەرانی قووڵی خۆیان لەم ڕەفتارەی هێزەکانی ئێران دەربڕیوە و هۆشدارییان داوە:

"ئەم بۆسەیە و شەهیدکردنی هەڤاڵمان جێی نیگەرانییە، ئەگەر مامەڵەی لەم شێوەیە لەلایەن ئێرانەوە بەردەوام بێت، لە داهاتوودا هەڵسەنگاندن و هەڵوێستێکی ترمان دەبێت."

زانیاری و ناسنامەی گەریلا شەهیدەکە

ناوەندی هێزەکانی پاراستنی گەل، زانیارییە کەسییەکانی ئەو گەریلایەی بەمشێوەیە بۆ ڕای گشتی بڵاوکردووەتەوە:

زانیاری و ناسنامەی گەریلا شەهیدەکە:

ناسناو: حەقی قەرار

ناو و پاشناو: مستەفا شێخمووس

شوێنی لەدایکبوون: عەفرین

ناوی دایک و باوک: عەدلە و شوکرو

بەرواری شەهیدبوون: ٢٩ـی ئایاری ٢٠٢٦

شوێنی شەهیدبوون: ناوچەی قەلەنی

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×