وەزارەتەکانی جەنگیی ئەمریکا و بەرگری بەریتانیا گیان لەدەستدانی دوو سەربازیان لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
ئاوێنە: وەزارەتی جەنگیی ئەمریکا بە فەرمی ناسنامەی ئەو سەربازە ئەمریکییەی ئاشکرا کرد، کە لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر لە هەرێمی کوردستان لە کاتی مەشق و ڕاهێناندا گیانی لەدەستداوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، سەربازەکە ناوی دیڤین ئەی سیبڵە و تەمەن ٢٦ ساڵە و خەڵکی ویلایەتی تەکساسە و پلەکەی سێرجەنت بووە و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی “ڕووبەڕووبوونەوەی داعش” لە عێراق خزمەتی کردووە.
ئاماژە بەوەش کراوە ڕووداوەکە لە ڕۆژی یەکشەمە ٣١ـی ئایاری ٢٠٢٦ ڕوویداوە، بەڵام پنتاگۆن دوای ئاگادارکردنەوەی فەرمی خێزانەکەی، ناسنامەکەی لە کاتژمێرەکانی ڕابردوودا بڵاوکردەوەتەوە.
هاوکات وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ئاشکرای کرد، کە لە هەمان ڕووداوی بنکە ئاسمانییەکەی هەولێر سەربازێکیان بەناوی جەیمس فۆریمان تەمەن ٢٩ ساڵ گیانی لەدەستداوە.