وەزارەتی دارایی: بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە داهات ٧٠٪ کەمیکردووە؛ زانیارییەکانی عەلی حەمە ساڵح و عومەر گوڵپی "چەواشەکارین"
  2026-06-04       162       

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بە توندی وەڵامی لێدوانەکانی هەریەک لە (عەلی حەمە ساڵح) و (عومەر گوڵپی) دایەوە سەبارەت بە قەبارەی داهاتی ناوخۆ و ڕایگەیاند، بەهۆی فشارە ئابوورییەکان و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە، داهاتی ناوخۆ بە ڕێژەی نزیکەی ٧٠٪ کەمیکردووە.

ئاوێنە: ​دوای ئەوەی وەزیری دارایی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماری داهاتی پێنج مانگی ڕابردووی خستەڕوو، هەردوو پەرلەمانتار و کاندیدی پێشووی پەرلەمان چەند لێکدانەوەیەکیان بۆ ژمارەکان کرد. لە وەڵامدا وەزارەتی دارایی ئەو لێکدانەوانە بە "نەزانی و ناشارەزایی" وەسف دەکات و چەند ڕاستییەک بۆ ڕای گشتی ڕوون دەکاتەوە:

​- داهاتی ٤٠٠ ملیار دیناری بوونی نییە: وەزارەتی دارایی ڕەتیدەکاتەوە هیچ کاتێک ڕایگەیاندبێت داهاتی مانگانەیان ٤٠٠ ملیار دینارە، و جەخت دەکاتەوە کە داهاتی ناوخۆ جێگیر نییە. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە داهاتی حەوت ساڵی ڕابردوو لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمەوە وردبینی بۆ کراوە و بەغدا هیچ ڕەخنەیەکی لێی نەبووە.

- ​داهاتی خاڵە سنوورییەکان و کاریگەرییەکانی شەڕ: سەبارەت بەو قسەیەی کە گوایە داهاتی خاڵە سنوورییەکان مانگانە ١٤٠ ملیار دینارە، دارایی هەرێم دەڵێت ئەم ژمارەیە بەردەوام لە گۆڕاندایە. هاوکات ڕەخنە لەو کەسانە دەگرێت کە بێئاگان لەو ئابڵوقە و فشارە ئابوورییەی سەر هەرێم، و ڕایدەگەیەنێت کە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبووە، بە جۆرێک داهاتەکانی بە نزیکەی ٧٠٪ کەمکردووەتەوە.

- ​داهاتی هاتووچۆ و کارەبا وەک خۆی ناچێتە خەزێنەوە: ڕاگەیەندراوەکە ڕوونی دەکاتەوە کە بەشێک لە داهاتی هاتووچۆ بەپێی یاسا بۆ خودی وەزارەتی ناوخۆ و پێداویستییەکانیان دەگەڕێتەوە. سەبارەت بە داهاتی ٩٠ ملیاریی کارەباش، وەزارەتەکە دەڵێت بەشێکی زۆری ئەو بڕە بریتییە لە قەرز یان مامەڵەی کاغەزی (چەک و مەقاسە) لە نێوان فەرمانگەکاندا و پارەی کاش نییە، بەشێکی تریشی ڕاستەوخۆ بۆ خەرجی چاککردنەوەی وێستگەکانی کارەبا بەکاردەهێنرێتەوە.

​لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دارایی پرسیار دەکات کە "بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و چەواشەکاری کێ لێی سوودمەندە؟" و دەرگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری دەخاتە سەر پشت بۆ ئەو بەڕێزانە تاوەکوو سەردانیان بکەن و زانیاری دروست لە سەرچاوەی ڕاستەوخۆوە وەربگرن بۆ ئەوەی چیتر نەکەونە هەڵەوە. هەروەها خشتەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی بۆ ساڵەکانی (٢٠١٩ تا پێنج مانگی سەرەتای ٢٠٢٦) کە بۆ بەغدا نێردراوە، وەک بەڵگە هاوپێچ کردووە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×