ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا، ئامارێکی مەترسیداری لەسەر جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە بەندیخانە جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوکردەوە و ئاشکرای دەکات، تەنها لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ٨٠ بەندکراو لەسێدارەدراون، کە ١٧ کەسیان بەندکراوی سیاسین.
ئاوێنە: بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو، کە تایبەتە بە ئامارەکانی مانگی ڕابردوو لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەڕای زۆریی ژمارەی قوربانیان، بەڵام بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو ڕێژەکە بە بڕی ٥١٪ کەمی کردووە. بۆ نموونە؛ لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٥دا، ژمارەی لەسێدارەدانەکان گەیشتبووە ئاستێکی زۆر بەرز و لانی کەم ١٦٣ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا لەسێدارە درابوون.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا تیشک خراوەتە سەر ناسنامەی قوربانییەکان و هاتووە، تا ئێستا ناسنامەی ٧٦ لەو بەندکراوانەی لەسێدارەدراون بە تەواوی ئاشکرا کراوە، لە هەمان کاتیشدا بەدواداچوونی ورد بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی سێ بەندکراوەکەی دیکە بەردەوامە. لە نێو قوربانییەکانیشدا ژنێک بە ناوی ئەسماع زارعی هەیە، کە تەمەنی ٢٨ ساڵە و خەڵکی ناوچەی پارس ئابادە، ناوبراو بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەردەبیل سزاکەی بەسەردا سەپێنراوە و جێبەجێ کراوە.
ئەوەی لەم ڕاپۆرتەدا وەک پێشێلکارییەکی گەورە ئاماژەی پێدراوە، ئاستی شاردنەوەی زانیارییەکانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە؛ لە کۆی ئەو ٨٠ بەندکراوەی لە مانگی ئایاردا لەسێدارەدراون، تەنیا ١٥ حاڵەتیان (واتە ١٩٪ی کۆی گشتیی حاڵەتەکان) لە ڕێگەی سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕەکانی سەر بە دەزگای دادوەرییەوە بە فەرمی ڕاگەیەندراون.
هەر لە چوارچێوەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا، ڕێکخراوەکە ئاشکرای کردووە کە سزای لەسێدارەدان بۆ ١٩ لەو بەندکراوانە بە شێوەیەکی تەواو نهێنی جێبەجێ کراوە، بەبێ ئەوەی پێشوەختە بنەماڵەکانیان ئاگادار بکرێنەوە یان مافی ئەوەیان پێبدرێت بۆ دواجار چاوپێکەوتن لەگەڵ ئازیزانیان ئەنجام بدەن.