بافڵ تاڵه‌بانی: پێویسته‌ حكومه‌تی داهاتوی هه‌رێم هاوسه‌نگی و شه‌راكه‌تی تێدا پارێزراو بێت
  2026-06-05       172       

بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتی له‌ كۆبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ باڵیۆزی توركیا له‌ عێراق، رایده‌گه‌یه‌نێت، پێویسته‌ حكومه‌تی داهاتوی هه‌رێم هاوسه‌نگی و شه‌راكه‌تی تێدا پارێزراو بێت.

ئاوێنه‌: به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌كه‌ی، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ ئانل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کۆبوەوە.

لە کۆبونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئه‌رمان تۆپچو، كونسوڵی توركیا له‌ هه‌رێمی کوردستان ئامادەیبون، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا و "جەخت لە هەماهەنگی و هاریکاریی نێوان لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان کرایەوە."

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، پرسی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خرایەبەر باس و بافڵ تاڵه‌بانی دیدگای یەکێتی خستەڕو و وتی، پێویستە حکومەتی داهاتو هاوسەنگی و شەراکەتی تێدا پارێزراو بێت.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، بافڵ تاڵه‌بانی "جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور کردەوە و رایگەیاند، باشبونی پەیوەندییەکان رەنگدانەوەی لەسەر دۆخ و خزمەتکردنی خەڵکەکەمان هەبوەو دەمانەوێت ئەوە بەردەوام بێت."

هه‌ر به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، پەیوەست بە دۆخی کەرکوک "باڵیۆزی تورکیا ستایشی رۆڵی بافڵ تاڵه‌بانی و یەکێتی کرد لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و بەهێزکردنی گیانی پێکەوەژیان و رێککەوتنە سیاسییەکانیشی بە هەنگاوێکی گرنگ وەسفکرد بۆ زیاتر خزمەتکردنی شارەکە و قوڵکردنەوەی برایەتی نێوان نەتەوە و پێکهاتەکانی کەرکوک."

هه‌روه‌ها "لە کۆبونەوەکەدا پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییە هاوبەشەکان لە نێوان عیراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش جەختی لەسەر کرایەوە."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×