ئا: ئاوێنە
سامان عەلی کە یەکێکە لەوەرگێڕە بەتواناکانی کورد، ژمارە سفری گۆڤاری "بیرمەند"ی دەرکرد، ئەم گۆڤارە تایبەتە بەهزری مارکسیو هەوڵێکی تاکەکەسیو تایبەتی خۆیەتیو دەڵێت "هزری مارکسی زۆری لە هەگبەدا هەیە سەبارەت بە دەسەڵاتی بنەماڵەیی و خێڵەکی و ئایینیی هەرێمی کوردستان و، کێشە کۆمەڵایەتی و جیاوازییە چینایەتییەکانی جڤاکەکەی بیڵێت".
سامان عەلی لەپیشەکی گۆ=ڤبارەکەدا دەڵێت "لەو سۆنگەیەوە کە پێم وایە هەر قسەکردنێک لەسەر ماوەبەسەرچوون یاخود تێپەڕین و بەجێهێشتنی هزری مارکسی، لە جڤاکێکدا هێشتا کۆمەڵی دەرەبەگایەتی تێنەپەڕاندووە و، تێکەڵەیەکە لە جڤاتێک دیوەخانی هۆز و بۆرژوازییەتێکی گەندەڵی مشەخۆری لەسەر داهاتی گشتی دەوڵەمەندبوو سەروکاری دەکات، بێجگە لە قسەی پووچ، شتێکی دیکە نییە و، هەروەها لە ڕوانگەی باوەڕبوونمەوە بەوەی هزری مارکسی زۆری لە هەگبەدا هەیە سەبارەت بە دەسەڵاتی بنەماڵەیی و خێڵەکی و ئایینیی هەرێمی کوردستان و، کێشە کۆمەڵایەتی و جیاوازییە چینایەتییەکانی جڤاکەکەی بیڵێت و، هێشتا نەک هەر دواقسەی خۆی نەکردووە، بەڵکو هیچی ئەوتۆی نەگوتووە و، لەم بۆچوونەشمدا هاوڕام کەم نین، دەرچوواندنی گۆڤارێکی تایبەت کە بایەخ بە وەرگێڕانی ئەو هزرە بۆ سەر زمانی کوردی بدات، کە خوێنەرانی کورد بتوانن لەبەر ڕۆشناییدا جڤاکەکەیان بخوێننەوە و کێشەکانی تێ بگەن، بە پێداویستییەکی گرنگ و هەنووکەیی سەردەم و قۆناغەکە دەزانم".
دەشڵێت "ڕاستییەکەی لەمێژە لەسەر بیرو لە خەیاڵ و کەڵکەڵەی دەرچوواندنی گۆڤارێکدام بە زمانی کوردی، کە تەرخانی هزری مارکسی بێت، بەڵام هەرچەند سەرم دەهێنا و سەرم دەبرد، تروسکاییم بۆ بە چاپ گەیاندنی وەها گۆڤارێک بەدی نەدەکرد، تا دواجار لەسەر ئەوە بۆچوونم گیرسایەوە کە، بۆ گەیاندنی گۆڤارەکە بە خۆڕایی و بێ بەرامبەر بە هەمووان، بە شێوەی ئەلیکترۆنی، واتە بە "پی دی ئێف" بڵاوی بکەمەوە".
سامان عەلی ئاماژە بەوە دەکات کە "جۆش و خرۆش و پەرۆشییم بۆ دەستەبەرکردنی زۆر دەق و تێکستی گرنگی هزری مارکسی بە زمانی کوردی بۆ خوێنەرانی کورد، کە نووسەران و وەرگێڕانی مارکسیباوەڕی کورد لە ڕابووردوودا کەمتەرخەم بوون لە وەرگێڕانیان بۆ زمانی کوردی، پاڵنەرێکی سەرەکیی پشت دەرچوواندنی ئەم گۆڤارەیە. ئەم گۆڤارە هەوڵێکی تاکەکەسی و تایبەتی خۆمە، بۆیە لەسەر لاپەڕەکانی، ئەو ناو و نیشانانە نابینرێن کە لەسەر گۆڤارێکی ئاسایی دەبینرێن، ناو و ناونیشانی لە نموونەی وەک سەرنووسەر، بەڕێوەبەری نووسین، دەستەی نووسەران، نووسەر، وەرگێڕ، نەخشەساز و هەڵەچن و چی و چیی دیکە. هیوادارم ئەم گۆڤارە، بۆ شەوی دەیجووری باشووری کوردستان، کە دەسەڵاتی بنەماڵەکان و ئیسلامی سیاسی ساڵانێکە بۆیان ساز کردووە، چراوگێک نا بەڵکو مۆمێک بێت، ڕێگەی تاریکی بەر دەم نەوەی نوێ ڕووناک بکاتەوە، هیوایەک بێت، هیوا بۆ بێهیوایان، بۆ ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی خێڵ و بنەماڵە و ئیسلامی سیاسی، بگەڕێنێتەوە. یان ببێت بە نێزە و ڕم و تیغێکی تیژ و چالاک و کاریگەر، شەڕی ململانێی دواکەتوویی و تاریکپەرستی پێ یەکلایی بکرێتەوە.
لە کۆتاییدا نالی-تان بە بیر دەهێنمەوە و دەڵێم: کەس بە ئەلفازم نا، بەڵکو بە "گۆڤارم" نەڵێ خۆ کوردییە، خۆ کردییە، هەرکەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبی مەعنا دەکا".
لەم ژمارەیەدا:
* محەمەد هیاللی: سەبارەت بەگرنگیی کتێبی "سەرمایە"
* ئەنتۆنیۆ گرامشی: گەمژەیی سیاسییەکان
* ترۆتسکی: "باڵا مرۆڤ" لای نیتچە
* گیۆرگ لوکاچ: سۆرین کێرکەگارد
* مارشێللۆ موستۆ: من مارکسی نیم
* محەمەد ئایت حەننا: لە دژی خەمساردی
* گفتوگۆ لەگەڵ هێربەرت مارکوزە
* لویس ائڵتۆسێر: ئایدیۆلۆژیاو دەزگا ئایدیۆلۆژییەکانی دەوڵەت
لەڕێگەی ئەم لینکەوە دەتوانن گۆڤارەکە بخوێننەوەو بەپی دی ئێف دایبەزێنن:
گۆڤاری بیرمەند ژمارە سفر