لە سلێمانی بە پێشانگایەک ڕۆژی جیهانی ژینگە بەرز ڕاگیرا
  2026-06-05       133       

ئەمڕۆ لە باخی گشتیی شاری سلێمانی، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژینگەوە، چالاکییەکی هونەریی سەرنجڕاکێش بەڕێوەچوو. ناوەندی ژینگە و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان بە بەشداریی ١٥ هونەرمەند و خوێندکاری بەهرەمەندی بواری شێوەکاری، پێشانگایەکی کراوەی تابلۆکێشانی ڕێکخست، بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی لە ناو هاووڵاتییاندا.

ئاوێنە: ​ئەم کەرنەڤاڵە هونەرییە لەژێر دروشمی "لەپێناو ئاوێتەکردنی ڕەنگەکان بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان" ئەنجامدرا. تێیدا بەشداربووان لە ڕێگەی فڵچە و ڕەنگەکانیانەوە، پەیامی گرنگیی پاراستنی سروشت و پاکڕاگرتنی ژینگەیان گەیاندە ئامادەبووان و ڕایانگەیاند کە ئامانجی سەرەکیی ئەم کارەیان، هاندانی کۆمەڵگەیە بۆ زیاتر خەمخۆرییکردن لە ژینگەی وڵاتەکەمان.

​لەبارەی گرنگیی ئەم هەنگاوەوە، کامەران قەرەداغی، کە یەکێکە لە شێوەکارە بەشداربووەکانی پێشانگاکە، باسی لەوە کرد کە ئەمڕۆ وەک ڕۆژی جیهانیی ژینگە دەرفەتێک بوو بۆ کۆمەڵێک گەنج کە لە سەرەتای کاری هونەرییاندان و خوێندکاری قۆناغی کۆتایی پەیمانگای هونەرە جوانەکانن، تا بە هاوکاریی مامۆستاکانیان کارێکی ناوازە و جوان پێشکەش بکەن.

​قەرەداغی جەختی لە کاریگەریی پەیامی هونەری کردەوە و وتی: "پەیامی هونەر، چ لە ڕێگەی موزیک، شانۆ یان هەر کایەیەکی دیکەوە بێت، زۆر خێراتر دەگاتە دیدی خەڵک و ڕۆڵێکی یەکجار گرنگی هەیە." هەروەها ستایشی ئاستی هۆشیاریی گەنجانی ئێستای کرد و ئاماژەی بەوەدا، هەروەک چۆن لە بەرگریکردن لە ڕۆژئاوا هۆشیاریی خۆیان سەلماند، لە بواری هونەریشدا ئەمڕۆ بینیمان کە ئەم گەنجانە خاوەنی توانایەکی یەکجار باش و ئاستێکی بەرزن.

​لە لایەکی دیکەوە، ئایە فواد، خوێندکاری پەیمانگای هونەرە جوانەکان، تیشکی خستە سەر پەیامی چالاکییەکە و ئاماژەی بەوە کرد کە کۆبوونەوەی ئەو ١٥ هونەرمەند و خوێندکارە لەم ڕۆژەدا جەختکردنەوەیە لە پاراستنی ژینگە و بەخشینی هۆشیارییە بە هاووڵاتییان.

​ئەو خوێندکارە کە خۆی تابلۆیەکی گوزارشتئامێزی لە سروشتی کوردستان کێشابوو، ڕایگەیاند: "زۆر گرنگە ژنان و گەنجان ڕۆڵی کارای خۆیان لە پاراستنی ژینگەدا بگێڕن." هەروەها دڵخۆشیی خۆی بەم جۆرە چالاکییە مەیدانییانە دەربڕی و وتیشی: "ئەم کارانە دەبنە هۆی ئەوەی کە ئێمە نەترسین و بتوانین ڕاستەوخۆ لەناو خەڵکدا کارەکانمان ئەنجام بدەین، هاوکات دەمانەوێت بە هەمووان بڵێین کە هونەر خاوەنی جوانی و بایەخی گەورەی خۆیەتی."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×