بۆ یەکەمجار و بەشێوەیەکی فەرمی، ئەحمەد خاتەمی کە ئەندامێکی دیاری مەجلیسی شارەزایانی (کارناسانی) ڕێبەریی ئێرانە، پەردەی لەسەر نهێنییەکی گەورە هەڵماڵی و ڕایگەیاند، لە یەکەم ڕۆژی هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی تاران، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی قاچەکانی بە سەختی پێکراون و بریندار بووە.
ئاوێنە: لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەنجومەنی کارگێڕیی شاری سیرجان، خاتەمی زانیاری زیاتری درکاند و وتویەتی، پێکانەکەی ڕێبەری باڵا هێندە سەخت بووە کە مەترسییەکی زۆری بۆ سەر بڕینەوەی قاچی دروستکردووە، بەڵام دواتر لە ڕێگەی هەوڵی چڕی پزیشکییەوە توانراوە چارهسهری بۆ بكرێت و قاچی ڕزگار بکرێت. ئەحمەد خاتەمی ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە، هەر ئەم برینداربوونە سەختەشە وایکردووە کە ناوبراو لە دوای هەڵبژاردنییەوە بۆ ئەو پۆستە، تا ئێستا بە هیچ شێوەیەک لەبەرچاو و شوێنە گشتییەکاندا دەرنەکەوێت.
ئەم لێدوانانەی خاتەمی، وەک یەکەمین دانپێدانانی فەرمیی بەرپرسانی باڵای تاران هەژمار دەکرێت سەبارەت بە بەرکەوتنی موجتەبا خامنەیی لەو هێرشە هاوبەشەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا. ئەم قسانەش لە کاتێکدان کە ناوبراو لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردووەوە و پاش ئەوەی جێگەی عەلی خامنەیی باوکی گرتەوە، بە تەواوی لە گۆڕەپانەکە غائیبە. جێی باسە عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران، لە ڕێکەوتی ٢٨ی شوبات و هەر لە یەکەمین ڕۆژی دەستپێکی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکادا بۆ سەر وڵاتەکە تیرۆر کرا.
سەرەڕای ئەوەی دۆخی تەندروستیی موجتەبا بەوپەڕی نهێنییەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و گومانێکی زۆر لەسەر توانای بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتەکانی وڵات لەلایەن ئەوەوە دروست بووە، بەڵام زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ناوبراو هێشتا ڕۆڵی کارای لە بڕیاردان و حوکمڕانیدا هەیە.
لەو چوارچێوەیەدا و وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو پرسە، فەرزان پابەت (سابێت)، شارەزای کاروباری ئێران لە پەیمانگای جنێڤ دەڵێت: "پێدەچێت موجتەبا خامنەیی لە ڕێگەی نووسینگەکەیەوە ڕۆڵی هەبێت لە سەرپەرشتیکردنی ڕێڕەوی گشتیی سیاسەتەکانی وڵات، بەتایبەتیش لە دیاریکردنی هەڵوێستە بنەڕەتییەکان سەبارەت بە پرسی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا". پابەت پێشیوایە کە بەهۆی دۆخە ئەمنی و تەندروستییەکەیەوە، بەشدارییە ڕاستەوخۆ و کەسییەکانی ناوبراو لە گۆڕەپانی سیاسیدا بە بەراورد بە باوکی زۆر کەمترە، بەڵام پێشبینی ئەوەش دەکات کە بە جێگیربوونی دۆخی ئەمنی و باشتربوونی تەندروستییەکەی، لە داهاتوودا ڕۆڵی زۆر گەورەتر بگێڕێت.
لە بەرامبەردا، تۆماس جونۆ، مامۆستای زانکۆی ئۆتاوا، تێڕوانینێکی جیاوازی هەیە و پێیوایە ڕۆڵی ئێستای موجتەبا خامنەیی هێشتا ڕوون نییە و دەڵێت: "بەدووری نازانرێت کە لەم قۆناغەدا هێز و کاریگەرییەکی بەراوردکراوی هاوشێوەی باوکی هەبێت".
سەبارەت بە بەڕێوەچوونی کارەکانی دەوڵەتیش، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کە پەیوەندییە بەردەوامەکانیان لەگەڵ ڕێبەری باڵا نەپچڕاوە. ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە سەرەڕای نەگەیشتن بە هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی، بەڵام پرۆسەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا لە ڕێگەی وڵاتانی نێوەندگیرەوە هەرگیز ڕانەوەستاوە.
هاوکات لە ئەمریکاشەوە لێدوانی هاوشێوە دەدرێت؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکی ڕۆژی چوارشەممەیدا ڕایگەیاند کە موجتەبا خامنەیی "بە دڵنیاییەوە بەشدارە" لە پرۆسەی دانوستانەکاندا. لە هەمان کاتیشدا، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ئاماژەی بەوە کرد کە "ئاماژەکان دەریدەخەن ناوبراو لە ئاستێکدا بەشدارییەکانی زیاتر کردووە".
تا ئەم ساتە وەختە، چالاکی و لێدوانەکانی ڕێبەری باڵای ئێران تەنها لە چوارچێوەی پەیامی نووسراودا قەتیس ماون. دواترین پەیامیشی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی پێنجشەممە لە میانی بەڕێوەچوونی مەراسیمی ٣٧ەمین ساڵیادی کۆچی دوایی خومەینی، کە تیایدا پەیامەکەی خوێندرایەوە و داوای کرد ڕووبەڕووی "نیازە خراپەکارییەکانی دوژمنان" ببنەوە، کە وەک ئاماژەیەک بوو بۆ وڵاتانی ئەمریکا و ئیسرائیل.
جێگەی ئاماژەیە، پۆستی ڕێبەری باڵا پایەیەکی سەرەکی و چەقی قورسایی سیستەمی حکومڕانییە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بەو پێیەی ئەو کەسایەتییە خاوەنی قسەی کۆتاییە لە سیاسەتە باڵاکانی وڵاتدا و ڕێنمایی و هێڵە گشتییەکانی کارکردنی ئامرازە سیاسی، ئەمنی و سەربازییەکان دادەنێت.