لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ ڕێکخستنەوەی هێزە چەکدارەکان، حکومەتی عێراق کار بۆ ئەوە دەکات ئەو کوتلە چەکدارانە لە پرۆسەی یەکخستن لەگەڵ هێزە ئەمنییە و سەربازییە فەرمییەکاندا دوربخاتەوە کە لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزەکانی حەشدی شەعبین. ئەم هەنگاوەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکارییە ڕاستەوخۆ و ڕوونەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لێکدەدرێتەوە.
ئاوێنە: بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕادیۆی مۆنتی کارلۆ، قەیس محەمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، پشتڕاستی کردوەتەوە کە ئەو گروپانەی خۆیان بە "بەرەی موقاوەمە" دەناسێنن، لە پلانی یەکگرتن و تێکەڵکردنی هێزەکاندا جێگەیان نابێتەوە. ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردوە کە ئەو گروپانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە پێکهاتون لە کەتائیبی حزبوڵای عێراقی، بزووتنەوەی نوجەبا، کەتائیبی سەید شوهەدا و ئەولیا ئەڵڵا ئەلئەوفیا.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا باس لە ڕۆڵی ئەمریکا کراوە، کە تیایدا هاتووە پەیامی واشنتن بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق زۆر یەکلاکەرەوە بوە. واشنتن بە توندی ڕەتیکردوەتەوە هیچ گروپێک کە پەیوەندی بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەبێت بچێتە ناو ڕیزەکانی هێزە فەرمییەکانی دەوڵەتەوە، بەو پێیەی ئەمریکا پێی وایە ئەمە دەبێتە هۆی زیاتر چەسپاندن و بەهێزکردنی هەژموونی ئێران لەناو دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی عێراقدا.
لە بەرامبەر ئەم پێشهاتانەدا، کەتائیبی حزبوڵا لە دوایین هەڵسەنگاندنیدا هەڵوێستی توندی نیشانداوە. ئەو گروپە هەوڵەکانی داماڵینی چەک و دورخستنەوەیان لە پرۆسەی یەکخستنی هێزەکانی بە "پیلانگێڕی" ناوبردوە کە ئامانج لێی لاوازکردنی حەشدی شەعبی و هێزەکانی بەرەی موقاوەمەیە لە ناوچەکەدا. هاوکات هۆشداریشی داوە کە ڕەنگە ئەم هەنگاوانەی حکومەت زەمینەسازییەک بێت بۆ ئەوەی ڕێگە خۆش بکات عێراقیش بچێتە پاڵ "ڕێکەوتنەکانی ئیبراهیم" بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل.