ئاخ عەزیز گەردی ئاخ، گفتوگۆی نێوان چارلی چاپلن و ئەنیشتاین
  2026-06-08       365       
عەزیز گەردی

بەڵام چی بکەین لەناوچاوی رەشی بەعزێ زەکای گەورە
وەکو تۆوی گوڵی دەمبا لەسەر بەردێکی رەق ئەڕوێن
ئەگەر خیلقەت نسیبی عومری تۆی مەحکومی ئەم دەورە
نەکردایە، خوا عالەم لەکام عەرشت ئەسوو داوێن (گۆران)
-
تۆ لەسەردەمێکدا ژیایت، کەدەسەڵاتەکەی ھەرچی کتێب و وەرگێران و ئەزمونی وانە وتنەوەت ھەبوو دەیگۆڕییەوە بەنیگای  کچە مۆدێلێک، کەچی تۆش لەژوورێکی نەخۆشخانەی ھەولێردا بەبێ کەسی گیانت سپارد، تۆ حەقت بوو ژن و مناڵت نەبوو، چونکە چاک لەوە گەیشتبوویت کە (شێتییە مرۆڤ لەم شێتخانەیەدا مناڵ بخاتەوە)‌، سەرەڕای ئەوەش تۆ ھەموو ژیانت بەخشی بوو بە وشەو ڕستە و کتێب، تەنانەت کاتی ئەوەشت نەبوو تێکەڵی خەڵک بیت، تۆ نەک لەناو کوردستاندا بەڵکو لەھەموو جیھاندا نمونەی باشترین مامۆستاو دڵسۆزترین و بە وەفاترین کایەی پەروەردەو خوێندنی باڵا بوویت.
ئێمە کە خوێندکاری تۆ بووین ئەگەر تۆزێک دڵسۆز بین بۆ خوێندن و وشەی کوردی، ئەوە لەتۆوە فێربووین، تۆ فێرت کردین کە پشت بەخۆمان ببەستین، بیرمە لەساڵانی ھەشتاکان، جارێکیان دوو بەدوو بووین وتم مامۆستا تۆ ئەو ھەموو زمانە دەزانیت، چۆن فێربوویت؟ کوێ و کوێت دیوە؟ لەوەڵامدا وتی خۆم ھەوڵمداوە فێربم، لەبەحرکە بەولاوە ھیچ شوێنێکی ترم نەدیوە، پاش ئەوەی کەمێک بیری کردەوە و وتی ئەو چوارساڵەی لەزانکۆی موێڵ خوێندکار بووم، بەیانیان لەھەولێرەوە دەچوومە موێڵ و دوای نیوەڕوان دەگەڕامەوە بۆ ئەوەی فریای قوتابخانە بکەوم لەھەولێر، یەک رۆژ مۆڵەتم نە لەزانکۆ، نە قوتابخانەکانی ھەولێر وەرنەگرت، پاشان پرسیاری لێکردم و وتی سلێمانی چۆنە؟ وتم باشە، وتی لەساڵی ١٩٧٨ یەکجار سلێمانی و ھەڵەبجەم دیوە. ئێستا کەبیر لەقسەکانی ئەکەمەوە زۆر سەرم سوڕدەمێنیت کە کەسێک ھەبێت مامۆستا بێت لەھەولێر و بەیانیان بچێت بۆ زانکۆی موێڵ بەشی فەرەنسی بخوێنێت و دوای نیوەڕۆ بێتەوە بۆ ھەولێر و دەست بە وانە وتنەوە بکات، سەرەڕای ئەمەش کاتەکانی تری بە سەعی کردن و نوسینی کتێبەوە بەسەر بەرێت.
ساڵانی ١٩٨٦ – ١٩٩٠ عەزیز گەردی لە زانکۆی سەلاحەدینی ھەولێر وانەکانی عەرووز  و رەوانبێژی و رەخنەی ئەدەبی و ئەدەبی بەراوردکاری ... ھتد بە بەشی کوردی دەوتەوە، ئەو کات مامۆستای ئینگلیزی قۆناغی ئامادەیی بوو، واتە لەخوێندنگەکانی ھەولێرەوە دەھات بۆ زانکۆ، ھاوکاتیش فەرەنسی بە بەشی ئینگلیزی دەگوتەوە، لەخوێندکارەکانی بەشی ئینگلیزیم دەپرسی عەزیز گەردی چۆنە؟ ئەیانووت کەس فریای عەزیز گەردی ناکەوێ، ئەوەندە زانیاری پێیە ئەگەر لەگەڵی نەڕۆیت دەبیت بەژێرەوەو دوایی بۆت ناگیرێتەوە، ڕێک لای ئێمەش لەبەشی کوردی وابوو، ئەگەر رۆژانە لەگەڵی نەبوویتایە، واتە سەعیت نەکردایەو ئاگات لەدەرسەکەی نەبوایە، ئەوا بەجۆرێک دەبوویت بەژێرەوە دەرھاتنت زەحمەت بوو، چونکە یەک چرکە دەرسی بە فیڕۆ نەدەدا، سەرەڕای ئەوەش ھەموو گیانی زانست و زانیاری بوو، بەدرێژایی ئەو چوار ساڵەی زانکۆ نەمدیوە تەلەبەیەک رقی لەعەزیز گەردی بێت، تەنانەت ئەگەر لەدەرسەکەشی کەوتبێت.
رۆژێکیان لەکۆتایی ھەشتاکان بوو، لەگۆڕەپانی کۆلێژی ئاداب بەرەو کتێبخانەی کۆلێژەکە ئەڕۆیشت منیش خێرا چوومە بەردەمی، دوای سڵاو و چاک و چۆنی، ئیتر ئەو وابوو قسەی نەدەکرد، چاوەڕێی ‌بەرامبەرەکەی بوو، واتە تا قسە و پرسیارت نەکردایە ئەو ھیچی نەدەگوت، سەرەتا بزیەکی بۆ دەکردیت پاشان  گوێی بۆ شل ئەکردیت بۆ ئەوەی بزانێت پرسیارت ھەیە یان نا؟ کێشەت ھەیە یان نا؟ منیش پێش ئەوەی پرسیاری لێ بکەم وتم ئەمڕۆ بێتاقەتیت، بۆچی؟ زۆر لەسەرخۆ وتی ئەمڕۆ تەمەنم دەبێت بە چل ساڵ، ئیتر مافی ئەوەم نییە ماستەر بخوێنم، وتم ئەی بۆ ئێستا نایخوێنیت؟ وتی داوای بەبەعسی بوون ئەکەن، منیش نایکەم، کە وای گوت قرچە لەدڵمەوە ھات، باش بوو راپەڕین ھات و مامۆستا ماستەر و دکتۆرای وەرگرت و ئەو ئاواتەی ھاتەدی.
مامۆستا عەزیز گەردی تێکەڵی ئەدیب و نوسەرانی نەدەکرد، تەنانەت نەدەچووە چاخانەی مەچکۆ، لە چایخانەیەکی دوور لە مەچکۆ لەگەڵ عەزیزی مەلا ڕەش گفتوگۆی رۆمانەکانی دەکرد، من لەڕێگەی ئەوەوە عەزیزی مەلا رەش و رۆمانەکانیم ناسی، دوای تەواوبوون لەقسە و سەرنجەکانی لەسەر رۆمانەکە، منیش پێم گوت مامۆستا بۆچی ناچیت بۆ چاخانەی مەچکۆ؟ وتی نە کات و نە تاقەتی چەلەحانێی نێوان نوسەرانم نییە، تەنانەت لە ساڵی ١٩٧٦وە یەک وشەم لەگۆڤار و رۆژنامەدا بڵاو نەکردۆتەوە و ناشیکەم، ئەو راستی کرد تەنانەت یەک گفتوگۆشی لەتەلەفیزیۆن و راگەیاندنەکاندا بڵاو نەکردەوە، تەنانەت چەند جارێک دەستنیشان کراوە  بۆ وەرگرتنی خەڵات، بەڵام رەتی کردۆتەوە، مامۆستا عەزیز گەردی زۆر بە بێدەنگی دەژیا، سەرقاڵی نوسینی کتێب و لێکۆڵینەوە بوو.
ئەم بێدەنگییەی عەزیز گەردی گفتوگۆیەکی نێوان ئەنیشتاین و چارلی چاپلی بیرخستمەوە، ئەگێڕنەوە رۆژێک لەرۆژان ئەنیشتاین و چارلی چاپل بەیەک دەگەن و گفتوگۆیەک لەنێوانیان دروستدەبێت، ئەنیشتاین بەچاپلن دەڵێ (بە بێ ئەوەی یەک وشە لەدەمت بێتە دەرەوە، ھەموو دنیا دەتناسێت و تۆی خۆش دەوێ)  (چاپلن)یش وەڵامی ئەنیشتاین  دەداتەوەو دەڵێ ( تۆ گرنگتریت لەمن، بەبێ ئەوەی کەس لێت تێبگات، ھەموو دنیا تۆی خۆش دەوێت) 
ئەو گفتوگۆیەی نێوان چاپلن و ئەنشیتاین بەسەر عەزیز گەریدا جێبەجێ دەبێت، ئەگەر قسەکەی ئەنیشتاین وەربگرین کە دەڵێ (بە بێ ئەوەی یەک وشە لەدەمت بێتە دەرەوە، ھەموو دنیا دەتناسێت و تۆی خۆش دەوێ) عەزیز گەردیش وابوو، بەبێ ئەوەی یەک وشەی ھەبێت لەراگەیاندنەکاندا بیکات، بەبێ ئەوەی یەک چاوپێکەوتنی کردبێت، خوێنەران بە بێدەنگی و تەنھا لەڕێی کتێبەکانیەوە دەیناسن و زۆریان خۆشدەوێت.
وەڵامەکەی چاپلنیش دیسان بەسەر عەزیز گەردی جێبەجێ دەبێت کە دەڵێ ( تۆ گرنگتریت لەمن، بەبێ ئەوەی کەس لێت تێبگات، ھەموو دنیا تۆی خۆش دەوێت) 
لەراستیدا عەزیز گەردی نەیدەھێشت کەس لە ژیانی تایبەتی تێبگات، ھەرگیز وەڵامی ئەو پرسیارەی نەدەدایەوە کە بۆچی ھاوسەرگیری ناکات، کەس نەیدەزانی بۆچی عەزیز گەردی قبوڵی نەدەکرد لەگەڵ ھاوڕێکانیدا سەیرانێک بکات، ھەرگیز وەڵامی ئەوەت لێی دەستنەدەکەوت کە بۆچی ژیانی گۆشەگیری ھەڵبژاردووە؟ 
-
ئاخ عەزیز گەردی ئاخ، خۆ من (گۆران) نیم ھاوشێوەی دەروێش عەبدوڵاکەی شیوەنێکت بۆ بکەم، حەمە ێاڵح دیلان نیم مۆخ و ئێسکم بتوێنمەوە لەشیوەنی بێخود و شێخ مەحمووی زیندوودا، (قانع)یش نیم ئەو شیوەی بۆ پیرەمێردی کردووە منیش بۆ تۆی بکەم، دەسەڵاتیشم نییە تاوەکو باشترین و جوانترین شەقام و ھۆڵ و شوێنی گشتیت لە سلێمانی و ھەڵەبجەو ھەولێرو دھۆک بەناوەوە بکەم، بەڵام دڵنیابە ھەمیشە لەناو رۆحی من و خوێنەران و قوتابیاندا بۆ ھەتاھەتایە بەزیندوویی دەمێنیتەوە.  

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×