عەدنان فه‌یحان، جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات ناردنی هه‌ر بڕه پارە بۆ هەرێمی کوردستان ڕابگرن تا ئەو کاتەی ئه‌و شایستە داراییانه‌ی له‌سه‌ر هه‌رێم كوردستانن به‌ته‌واوه‌تی پاكتاو ده‌كرێن. هۆشدارییش ده‌داته حكومه‌تی عێراق ئه‌گه‌ر پابه‌ندی ئه‌وه نه‌بن، ئه‌وا په‌رله‌مان لێپرسینەوەی یاساییان له‌گه‌ڵ ده‌كات.
ئاوێنه: عه‌دنان فه‌یحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه، له راگه‌یه‌ندراوێكدا داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد دەستبەجێ ناردنی هه‌ر بڕه پاره‌یه‌ك حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕابگرێت، تا ئەو کاتەی ئەو شایسته داراییانه‌ی كه لای حكومه‌تی هه‌رێمن به‌ته‌واوه‌تی پاكتاو ده‌كرێن كه تاوه‌كو ئێستا راده‌ست نه‌كراون، ئەوەش بەپێی حوکمەکانی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ و ڕاپۆرتی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی هەرێم.
جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان هۆشداریشی داوه‌ته حكومه‌تی عێراق کە هەر ڕێکارێک پێچەوانەی ئەمە بێت، حکومەت بەرپرسیارێتی تەواوی دەکەوێتە ئەستۆ و دەخرێتە ژێر لێپرسینەوەی یاسایی لەلایەن په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یه‌وه.
عه‌دنان فه‌یحان جەختی کردۆتەوە کە حکومەتی پێشوی عێراق بەڕونی سەرپێچیی حوکمەکانی یاسای بودجەی گشتی ژمارە (13)ی کردوە، كاتێك چه‌ندین بڕه پاره‌ی وه‌كو موچەی پێنج مانگی ساڵی 2025 ڕادەستی حکومەتی هەرێم کردوە بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەک لە داهاتە نانەوتییە شایستەکان وەربگرێت. هەروەها دوجار لەو بڕە پارانەی کە لە ڕاپۆرتە هاوبەشەکەدا دیاریکرابون خۆشبوە و کەمی کردوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی ده‌سه‌ڵاتی یاسایی بۆ ئه‌نجامدای ئه‌م كاره نه‌بوه. جگە لەوەی لە ساڵی 2026یشدا بەردەوام بوە لە ناردنی پارە بۆ حکومەتی هەرێم بەبێ ئەنجامدانی پاكتاو یان موقاسه‌ی دارایی کە لەڕوی یاساییەوە پابەندکەرە بۆ جیاوازیی بڕە پارە دیاریکراوەکان، بە لانی کەمەوە بەپێی دوایین ڕێککەوتن.
جێگری یەکەمی سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر پابەند بوە بە جێبەجێکردنی حوکمەکانی ماددەی (13) لە یاسای بودجەی گشتی ژمارە (13)ی ساڵی 2023 و ئەو ڕێککەوتنەی لە ساڵی 2025 لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمدا واژۆ کراوە، بە ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان کە مانگانە بڕی (391) ملیار دینارە بە حکومەتی فیدراڵی، ئەمەش پاڵپشت بە ڕاپۆرتی نیوەی ساڵی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی هەرێم بۆ ساڵی 2025.
ئەوەشی خستۆته‌ڕو، لیژنە وه‌زارییه شەشقۆڵییه‌كه لەگەڵ حکومەتی هەرێم گەیشتونەتە ڕێککەوتنێک بۆ کەمکردنەوەی بڕی پارەکە بۆ (200) ملیار دینار مانگانە، بەڵام حکومەتی هەرێم پابەندی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەش نەبوە، سەرەڕای پابەندبونی حکومەتی فیدراڵی بە پێدانی موچەی هاوڵاتیانی عێراقی لە فەرمانبەرانی هەرێم لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2025دا.
عه‌دنان فه‌یحان ئاماژەی بەوەش کردوه کە لە کۆتایی ساڵی 2025دا ڕێککەوتنێکی نوێ هاتە ئاراوە کە حکومەتی هەرێم پابەند دەکات بە پێدانی بڕی (120) ملیار دینار لە داهاتە نانەوتییەکان، لەگەڵ زیادبونی ساڵانە بە ڕێژەی 10%، بەمەش ئەو بڕە پارەیەی کە پێویستە لە ساڵی 2026دا ڕادەست بکرێت دەگاتە نزیکەی (132) ملیار دینار مانگانە.
جێگری دوه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان رونیشی کردۆتەوە کە حکومەتی فیدراڵی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بۆ ماوەی پێنج مانگ لە ساڵی 2025دا داوە، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم هیچ بڕە پارەیەکی لە داهاتە نانەوتییەکان ڕادەست نەکردوە، هەروەها حكومه‌تی فیدراڵ لە پێنج مانگی ڕابردوی ئەمساڵدا (2026) تەواوی پابەندبونەکانی خۆی جێبەجێ کردوە، لە بەرامبەردا بڕە پارەیەکی وەرگرتوە کە مانگانە تەنیا لە نێوان (40 بۆ 50) ملیار دیناردا بوە، ئەمەش جیاوازییەکی گەورە نیشان دەدات لەگەڵ ئەو بڕە پارە شایستانەی کە بەپێی ڕێککەوتنە کارپێکراوەکان و ڕاپۆرتە چاودێرییە هاوبەشەکان دیاریکراون.
هه‌روه‌ها جەختیشی لەوە کردۆتەوە کە پابەندبون بە حوکمەکانی یاسای بودجەی گشتی و ئەو ڕاپۆرتە فەرمییانەی کە لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی هەرێمەوە دەرچون، بنەمای یاسایین بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییە داراییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، بەشێوه‌یه‌ك كه گه‌ره‌نتی پاراستنی سامانی گشتی و پاراستنی مافی هەمو عێراقییەکان بەپێی یاسا ده‌كات.