هاووڵاتییانی هەولێر دەتوانن لە ڕێگەی سیستمێکی نوێوە ناوی منداڵەکانیان لە فۆرمی خۆراکدا تۆمار بکەن
  2026-06-09       85       

بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخستنی پسووڵەی خۆراکی هەولێر ئاگادارییەکی فەرمی ئاڕاستەی هاووڵاتییانی شارەکە کرد و تێیدا ڕێکارە نوێیەکانی تایبەت بە تۆمارکردنی ناوی منداڵانی لە فۆرمی خۆراکدا بە شێوازی ئەلیکترۆنی ڕوون کردەوە.

ئاوێنە: بەمەبەستی ئاسانکاری و گۆڕانکاری لە ڕێکارە کارگێڕییەکاندا، بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، لە ئێستادا سەرجەم خانەوادەکانی شاری هەولێر دەتوانن ناوی ئەو منداڵانەیان کە تەمەنیان لە خوار ١٢ ساڵییەوەیە، لە ڕێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنیی پسوولەی خۆراکەوە تۆمار بکەن.

سەبارەت بە ئەگەری دروستبوونی کێشەی تەکنیکی لە کاتی بەکارهێنانی سیستەمەکەدا، بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخستنی پسووڵەی خۆراکی هەولێر دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان و ڕایگەیاندووە: "هەر هاووڵاتییەک لە کاتی تۆمارکردنی ناوی منداڵەکەیدا لە سیستەمە ئەلیکترۆنییەکە ڕووبەڕووی هەر کێشە و ئاستەنگێک بووەوە، دەتوانێت بەشێوەی مەیدانی سەردانی بارەگای بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بکات، بەمەبەستی پێشکەشکردنی هاوکاری و ئاسانکاری پێویست بۆ جێگیرکردنی ناوی منداڵەکەی".

سەبارەت بە شێوازی بژاردنی ڕسومات و تێچووی پرۆسەکە، لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پڕۆسەی پارەدانەکە بە تەواوی دیجیتاڵی دەبێت. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە هاووڵاتییان لە کاتی تۆمارکردندا یەکێک لەم ڤیزە کارتانەی خوارەوەیان پێ بێت بۆ ئەنجامدانی پارەدانی ئەلیکترۆنی:

- ڤیزە کارتی بانکی باشوور

- ڤیزە کارتی Qi (کی کارت)

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×